عێراقکوردستانگرنگترین

لالیگا لە هەولێر پڕۆژەیەکی گەورە بۆ پێگەیاندنی یاریزانان دەکاتەوە

ناوەڕاستی مانگی شوبات پڕۆژەکە لە هەولێر و بەسرە و بەغدا دەستپێدەکات

Yariga App

یاریگا –

بە سەرپەرشتی لالیگا پڕۆژەی خەونەکە بۆ پێگەیاندنی یاریزانانی بەهرەمەند لە هەولێر و دوو شاری دیکەی عێراق دەکرێتەوە، بۆ ئەوەی یاریزانان بۆ هەڵبژاردە جیاوازەکانی عێراق پێبگەیەنن.

دوێنێ دووشەممە (12/08/2024) سەرۆکی لقەکانی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق بە سەرپەرشتی عەدنان دەرجال سەرۆکی فیدراسیۆنەکە لە بەغدا لەبارەی پڕۆژەی ‘خەونەکە’ کۆبوونەوە، کە وابڕیارە سەرەتای ساڵی نوێ لە هەولێر و بەغدا و بەسرە دەستپێبکات.

بێستوون ئەکرەم، سەرۆکی لقی هەولێری فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق لەبارەی پڕۆژەی ‘خەونەکە’ بە تۆڕی وەرزشی یاریگای راگەیاند :’لە ناوەڕاستی مانگی شوبات/فێبرایەری ساڵی داهاتوو پڕۆژەی خەونەکە بۆ پێگەیاندنی یاریزانانی بەهرەمەند دەستپێدەکات، سەرەتا وابڕیارە وەکو قۆناخی یەکەم لە هەولێر و بەغدا و بەسرە سەنتەری پێگەیاندنی یاریزانانی بەهرەمەند بکرێتەوە، ئینجا دواتر تەواوی شارەکانی دیکەی عێراق بگرێتەوە’.

کۆبوونەوەی لقەکانی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق لە بەغدا
کۆبوونەوەی لقەکانی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق لە بەغدا

لەبارەی وردەکاریی پڕۆژەی ‘خەونەکە’ و سەنتەرەکەی هەولێر گوتی :’پڕۆژەکە لە هەر سێ شارەکە بە سەرپەرشتی راستەوخۆی لالیگا دەبێت، ئەوان پەیڕەو و پڕۆگرامی پڕۆژەکە دادەنێن، کە یاریزانان لە تەمەنی 6 ساڵی بۆ 17 ساڵی وەردەگیرێن، بەڵام هەموو یاریزانێک وەرناگیرێت، بەڵکو تەنیا یاریزانانی بەهرەمەند لەو پڕۆژەیە تۆمار دەکرێن، چونکە ئامانج لەم پڕۆژەیە ئەوەیە یاریزانی بەهرەمەند بدۆزرێتەوە و پێبگەیەنرێت بۆ هەڵبژاردە جیاوازەکانی عێراق’.

بێستوون ئەکرەم کە یەکێک بوو لە بەشداربووانی کۆبوونەوەکەی بەغدا، گوتیشی :’راهێنەرانی خۆماڵی بە سیستەم و پڕۆگرامی تایبەتی لالیگا سەرپەرشتی پڕۆژەکە دەکەن، سەرەتا بەڕێوەبەرێکی هونەری بۆ پڕۆژەکە دادەنرێت کە دەبێت بڕوانامەی راهێنەرایەتی Aـی هەبێت، دواتر بەگوێرەی ژمارەی یاریزانە بەهرەمەندەکان ژمارەی راهێنەرەکان بۆ سەرپەرشتیکردن و راهێنانی فێرخوازان دادەنرێت’.

 

بابەتی زیاتر

Back to top button