
یاریگا –
سەرۆکی پێشووی یانەی ریال مەدرید شیکردنەوەی بۆ کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەی فلۆرێنتینۆ پێرێز لە بەرنامەی رادیۆیی !Què t’hi Jugues کرد و رایگەیاند کە تێیدا شڵەژان، تووڕەیی و هەستکردن بە لاوازیی بینیوە.
رامۆن کالدێرۆن لەنێوان دوو خولی سەرۆکایەتی فلۆرێنتینۆ پێرێزدا، واتە لە ساڵی 2006 تاوەکوو 2009 سەرۆکی ریال مەدرید بوو. پێش ئەوەش بەشێک بوو لە دەستەی بەڕێوەبردنی فلۆرێنتینۆ، ئەگەرچی پەیوەندییەکەیان بە باشی کۆتایی نەهات. ئێستا ئەم بەرپرسەی پێشووی مەدرید لە گفتوگۆیەکدا شیکردنەوە بۆ کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەی رۆژی سێشەممەی پێرێز دەکات.
بۆچوونت لەسەر کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەی فلۆرێنتینۆ چییە؟
راستگۆبم پێم وابوو دەرکەوتنێکی نەخوازراو و نەگونجاو بوو. تەنانەت لە هەندێک ساتدا کەمێک بەزەییم پێدا دەهاتەوە. من ئەو باش دەناسم. ئەمە ئەو جۆرە وتارە نەبوو کە لە سەرۆکی ریال مەدرید چاوەڕوان بکرێت لە کاتێکی ئاوا ناسکدا بۆ یانەکە. پێم وایە ئەندامانی یانەکە چاوەڕێی شتێکی دیکەیان دەکرد. گونجاو دەبوو ئەگەر بەیان بکات کە هەڵبژاردن ئەنجام دەدات بۆ ئەوەی بزانێت ئایا ئەندامان هێشتا پاڵپشتی دەکەن یان نا، چونکە راستییەکەی هەندێک شت بە خراپی کراون و تەواو. هیچ شتێک رووی نەدەدا، بەڵام لەبری ئەوە، تەواوی کاتژمێرێکی بە تۆمەتبارکردنی کەسانی دیکە، بە تایبەتی رۆژنامەنووسان بەسەر برد، بێ ئەوەی هیچ رەخنەیەک لە خۆی بگرێت و شتانێکی دووبارە دەکردەوە کە کەس گرنگی پێ نەدەدان، وەکوو بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی بەشدارییکردنی لە رۆژنامەی ABC.

سەرۆکی پێشووی ریال مەدرید درێژەی بە قسەکانیدا و گوتی:
من پاڵپشتی ئەوم کرد کاتێک بۆ یەکەمجار خۆی بۆ سەرۆکایەتی بەربژێر کرد، لە دەستەی بەڕێوەبردنی ئەودا بووم، پیاوێک بوو کە شتی باشی بۆ یانەکە کرد. بەڵام لەم ساڵانەی دواییدا بە رێگایەکی زۆر مەترسیداری دەسەڵاتخوازییدا رۆیشتووە، کە نزیکە لە رەفتاری دیکتاتۆرییەوە. ئەو دیکتاتۆرانەم بیر دەخاتەوە کە کاتێک هێرشیان دەکرێتەسەر، دەڵێن هێرش کراوەتە سەر خودی وڵاتەکە. فلۆرێنتینۆ، ریال مەدریدی لەگەڵ کەسایەتی خۆیدا یەکدەخست. هەر کەسێک دەکرێت لە کاتی قسەکردن بۆ رای گشتی تووشی هەڵە بێت و ئەمەش بەسەر ئەودا هات، پێم وایە ئەگەر دواتر سەیری بکاتەوە، درک بەوە دەکات. دڵنیشام چونکە خەڵکی دەوروبەری دەناسم، کە ئەوانیش کەمێک هەستیان بە شەرمەزاری کردووە، رێک وەکوو من.
پێت وایە هێشتا فلۆرێنتینۆ پێرێز بەهێز دەردەکەوێت؟
ئاشکرایە، ئەوەی دوێنێ روویدا تەواو پێچەوانەکەی نیشان دەدات و رەنگە دەروونناسێک بتوانێت باشتر روونی بکاتەوە. ئەوە نیشاندەری شڵەژان، تووڕەیی و هەستکردن بە لاوازی بوو. ئەگەر دەڵێت ریال مەدرید هی ئەندامانە و دەبێت ئەوان قسە بکەن، ئەوا ناکرێت بڵێت دەبێت بە زەبری هێز دەری بکەن. ئەوان لە رێگەی دەنگدانەوە لای دەبەن، ئەگەر شتی وا روو بدات. راستگۆ بم هیچ کام لەمانەش پێویست نەبوون، چونکە لەم ساتەدا هێشتا پاڵپشتییەکی زۆری لەنێوان ئەنداماندا هەیە. 10 ساڵی پڕ لە نازناو بووە، بەڕێوەبردنێکی باش، ناوەندێکی راهێنانی نموونەیی و یاریگایەک کە هەرچەندە لەوەی چاوەڕوان دەکرا خەرجی زیاتر بوو، بەڵام جێی سەرسامی زۆر کەسە. لە هەڵبژاردنێکدا ئەو هێشتا براوە دەبێت، گومانم نییە. لەبەر ئەوەیە دەڵێم دەرکەوتنەکەی دوێنێ شڵەژانێکی بێ پاساوی نیشاندا. پێرێز لە خۆپێشاندانەکانی رۆژی پێنجشەممە دەترسا. کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەی، کە کتوپڕ لە رۆژی سێشەممەدا سازکرا، لەبەر ئەوە بوو چاوەڕوانی خۆپێشاندان و دروشمی دەکرد کە داوای دەستلەکارکێشانەوەی بکەن لە رۆژی پێنجشەممەدا. ئەویش رقی لەم جۆرە شتانەیە. لەبەر ئەوە هەوڵیدا پارێزگاری لە خۆی بکات.
کەس دەبینیت ببێتە رکابەرێکی راستەقینە بۆ فلۆرێنتینۆ؟
پێم وایە کەسێک دەردەکەوێت کە لانی کەم بتوانێت گفتوگۆیەکی راستەقینەی لەگەڵدا بکات و بیرۆکەی نوێ پێشکەش بکات. یان مشتومڕ لەسەر ئەوە بکات کە مۆدێلی ئێستای یانەکە مۆدێلێکی دروست نییە. گفتوگۆ خراپ نییە، بە تایبەتی لەگەڵ کەسێکدا کە بە لای منەوە بە تەواوی لەژێر کۆنترۆڵ دەرچووبوو. ئەمە تەندروست دەبێت. من هێشتا پێم وایە ئەو دووبارە هەڵبژاردن دەباتەوە، بەڵام لانی کەم کەسێک هەوڵی داوە ئاگاداری ئەندامان بکاتەوە لە دۆخێک کە ویستراو نییە. شتێکی دیکەش ئەو بەردەوام دووبارەی دەکردەوە کە ریال مەدرید هی ئەندامەکانیەتی، لە کاتێکدا تەنیا کەس کە ئەگەری گۆڕینی یانەکەی بۆ کۆمپانیایەکی پشکدار لەرێگەی فرۆشتنی 10%ـی یانەکەوە کردبێتەوە، خودی خۆیەتی.

فلۆرێنتینۆ گوتی جارێک لە هەڵبژاردنێکدا دۆڕاوە چونکە کەسانی مردوو دەنگیان داوە، مەبەستی چی بوو؟
نازانم. ئەو بە گشتی زۆر بە وریاییەوە کۆنترۆڵی کارەکانی دەکات و پلان بۆ هەر هەنگاوێک دادەنێت، هەرچەندە لە کۆنگرەکە وانەبوو، چونکە ئەوە تەنیا سەرپێیی بوو. ئەو پێویستی بە هیچ شتێکی سەیر نییە بۆ بردنەوەی هەڵبژاردنەکان و پێم وایە هەڵبژاردنەکان بە خێرایی تێدەپەڕن، چونکە ئەوە شتێکە خۆی دەیەوێت. پێم وایە ئەندامان پاڵپشتی دەکەن، لانی کەم ئەمجارە. ئەوان دەیانەوێت بزانن ئایا دەتوانێت کێشەکە چارەسەر بکات یان نا. بەڵام با لەبیری نەکەین؛ لە تۆپی پێدا، بوون بە سەرۆک بەهۆی هەڵبژاردنەوە دەکرێت بە خێرایی بگۆڕێت کاتێک ئەنجامەکان باش نەبن. دانیشتن لە کورسییە تایبەتەکان و بیستنی دروشمی داوای دەستلەکارکێشانەوە و بینینی دەسڕی سپی ناڕەزایەتی لە کۆتاییدا هەموو شتێک دەگۆڕێت. ئەمە لە تۆپی پێ و لە سیاسەتیشدا روودەدات، بارودۆخ و ئەنجامەکان گرنگن.
لە ئەزموونی خۆتەوە، پەیوەندی فلۆرێنتینۆ لەگەڵ میدیا چۆنە؟
ئەگەر هەر بەرپرسێکی وەرزشیی هەبێت کە لە لایەن میدیاوە پارێزگاری لێکرابێت، ئەوە پێرێز بووە. زۆر بە باشی کۆنترۆڵی میدیای کردووە و هێشتاش بەردەوامە. ئەو بەرگەی رەخنە ناگرێت. ئەو دوو رۆژنامەنووسە تەنیا لە رابردوودا کاریان لەگەڵ نەکردووە، هێشتاش بۆ ئەو کار دەکەن. چەند رۆژێک دوای جێهێشتنی رۆژنامەی El Mundo، ئەوان چوونە لای بۆ کارکردن و ئێستا 16 ساڵە لەوێن. ئەوان بەشێکن لە بەشی راگەیاندنی یانەکە. یەکێکیان بەڕێوەبەری کەناڵی ریال مەدریدە و ئەوی دیکەش بەڕێوەبەری راگەیاندنی تیمی یەکەمی تۆپی پێیە. ئەو دوو رۆژنامەنووسە بوون کە لە لایەن دادگاوە بە بڕیاری کۆتایی لە دادگای پارێزگاوە تاوانبار کران بە ناوزڕاندنی من. بڕیارەکە گوتی ئەوان زانیاریی نادروستیان بەکارهێناوە بە مەبەستی زیانگەیاندن بە شکۆی من. فلۆرێنتینۆش تەنیا چوار رۆژ دوای بوونی بە سەرۆک ئەوانی دامەزراند. کاتێک باسی لە هەڵمەتی میدیایی دژی خۆی دەکرد، خەریک بوو پێی بڵێم باسی هەڵمەتەکەی دژی من بکات، چونکە ئەوە بە راستی هەڵمەت بوو. ئەوەی ئەو ئەزموونی کردووە بەراورد بەوە هیچ نییە. هەر کەسێک کە تەنانەت کەمێک هەوڵی دابێت رەخنەی لێ بگرێت، دەرکراوە یان ئاگادارکراوەتەوە. بە بەردەوام تەلەفۆن بۆ خاوەن رۆژنامەکان یان سەرنووسەران دەکات هەر کاتێک رەخنەیەک ببینێت. لە کاتی کۆنگرەکە خەریک بوو لەسەر کورسییەکەم باز بدەم، چونکە کاتێک بابەتەکە دێتە سەر هەڵمەتی میدیایی، من کەمێکی لەسەر دەزانم.



