کان مشتومڕ دروست دەکات؛ بەهرە دەتگەیەنێتە جامی جیهانی، بەرپرسیارییەتی دیاری دەکات چەندێک لەوێ دەمێنیتەوە
کێشەکە راهێنەر نییە

یاریگا –
ئۆلیڤەر کان رای خۆی لەسەر بێهیوایی ئەم دواییەی ئەڵمانیا لە جامی جیهانی دەربڕی و دەڵێت کێشە لە راهێنەرەکەدا نییە بەڵکوو لە یاریزانەکان و ئەقڵییەتی تیمەکەدایە.
دوای دەرکرانی ئەڵمانیا لە قۆناخی 32 بەرامبەر پاراگوای، کان بەیاننامەیەکی درێژی لە لینکدئین بڵاوکردەوە و تێیدا رەخنەی لە شێوازی دووبارەبووەوەی شکستەکە گرت. ئەفسانەکەی ئەڵمانیا بەوە دەستی پێکرد کە گۆڕینی راهێنەر چارەسەرە راستییەکە نییە و گوتی:
مشتومڕەکە دەربارەی راهێنەری داهاتووی تیمی نیشتمانی لە ناوەڕۆکەکەی لادەدات. سێ راهێنەری تیمی نیشتمانی شکستیان هێناوە: یواخیم لۆڤ، هانزی فلیک و یولیان ناگلیسمان. سێ بیرۆکەی جیاوازی تۆپی پێ. سێ شێوازی جیاوازی سەرکردایەتیکردن. ئەگەر سێ راهێنەر بە فەلسەفەی جیاوازەوە بەردەوام بە هەمان شێواز شکست بهێنن، ئەوا هۆکارەکە زۆر لەوە قووڵترە.
تیمێکی ئاستبەرز بەدوای خۆبەخشدا ناگەڕێت
کان لەبری لۆمەکردنی راهێنەر، راستەوخۆ ئاماژەی بە یاریزانەکان کرد و تیشکی خستەسەر یەک سات لە کاتی تێکشکانیان لە لێدانەکانی سزادا بەرامبەر پاراگوای. ئەو ئاماژەی بە یۆشوا کیمیچ کرد کە بەدوای هاوتیمەکانیدا دەگەڕا کە ئامادەبن لێدانی سزا جێبەجێ بکەن و گوتی:
یەک دیمەن زیاتر لە هەر ئامارێک دەربارەی ئەم دەرکرانە دەدوێت. کاتێک لێدانەکانی سزا دەستیان پێکرد، دەتبینی یۆشوا کیمیچ بەدوای لێدەرانی سزادا دەگەڕێت. بۆ من، ئەوە ساتی یەکلاکەرەوەی ئەم دەرکرانە بوو. تیمێکی ئاستبەرز لە ساتێکی وادا بەدوای خۆبەخشدا ناگەڕێت.
کان روونیشی کردەوە کە دەبێت یاریزانەکان ئازایەتی گرتنەئەستۆی بەرپرسیارییەتی لە تەمەنێکی بچووکەوە لە خۆیاندا پەرە پێبدەن و گوتی:
هەرکەسێک لە تەمەنێکی بچووکەوە فێربێت بڕیاری قورس بدات، لەگەڵ هەڵەکاندا بژیت و هێشتا داوای دەرفەتی داهاتوو بکات، بە تەواوی ئەو شتە لە خۆیدا گەشە پێدەدات کە پاڵەوانییەتییە گەورەکان یەکلا دەکاتەوە. ئەگەر هەرگیز ئەوە فێرنەبووبێت، بە لەبەرکردنی درێسی تیمی نیشتمانی لەناکاو فێرنابیت.

کێشەکە بەهرە نییە
گۆڵپارێزەکەی پێشوو پێی وایە پێکهاتەکەی ئەڵمانیا کوالێتی پێویستی هەیە، بەڵام لەو ئەقڵییەتەی کەمە کە بۆ سەرکەوتن لەژێر پەستاندا پێویستە و گوتی:
ئەو شتەی ئەم تیمە کەمییەتی، بەهرە نییە. ئەو متمانە بەخۆبوونە سروشتییەیە بۆ گرتنەئەستۆی بەرپرسیارییەتی لە ساتە یەکلاکەرەوەکاندا. ئێمە مشتومڕ دەکەین کێ پێویستە بڕوات و هیوامان بە رزگارکەری داهاتوو دەبەستین لەبری ئەوەی بپرسین بۆچی بۆ ماوەی چەندین ساڵە هەمان شێواز دووبارە دەکەینەوە. ئێمە دەموچاوەکان دەگۆڕین و ناوی دەنێین گۆڕانکاری، لەکاتێکدا لە پرسیارە راستییەکە خۆمان بەدوور دەگرین: ئایا ئێمە بە راستی ئامادەین ئەو بەهایە بدەین کە هەمیشە ئاستی زۆر داوای دەکات؟
کان بە دێڕێک کۆتایی بە قسەکانی هێنا، کە بووەتە چەق و تەوەری سەرەکی پەیامەکەی:
بەهرە دەتگەیەنێتە جامی جیهانی. بەرپرسیارییەتی دیاری دەکات چەندێک لەوێ دەمێنیتەوە.



