عێراقگرنگترین

بۆچی یانەی هەولێر لەلایەن فیفاوە سڕکراوە و هەڵویستی فەرمی یانەکە چییە؟

ئەو یاریزانە توونسییە کێیە بووەتە هۆی ئەوەی هەولێر سزا بدرێت؟

Yariga App

یاریگا –

یانەی هەولێر و چوار یانەی دیکەی عێراقی بەهۆی نەدانی شایستە داراییەکانی یاریزانەکانیان لەلایەن فیدراسیۆنی تۆپی پێی جیهانییەوە لە تۆمارکردنی ناوی یاریزانە نوێیەکانیان سڕکراون، یانەکەی کوردستان بە کاتی مافی تۆمارکردنی ناوی یاریزانە نوێیەکانی نییە.

یانەی هەولێر ساڵی رابردوو بەهۆی ئەوەی پێشتر گرێبەستی لەگەڵ سامی هەمامی یاریزانی توونسی واژۆکردووە و دواتر بەبێ رەزامەندیی یاریزانەکە گرێبەستەکەی هەڵوەشاندووەتەوە، مافی تۆمارکردنی یاریزانە نوێیەکانی ئەم هاوینەی نابێت، تاوەکو شایستە داراییەکانی ئەو بەرگریکارە توونسییە نەدات کە 40 هەزار دۆلارە.

هەولێر و چوار یانەی دیکەی عێراق لەلایەن فیفاوە سڕ دەکرێن

بۆچی یاریزانە توونسییەکە لە فیفا سکاڵاکەی لە یانەی هەولێر بردووەتەوە؟

سامی هەمامی (30 ساڵان) هاوینی رابردوو کاتێک لەگەڵ یانەی هەولێر گەیشتووەتە رێککەوتن و هەردوولا گرێبەستەکەیان واژۆ کردووە و لە فیفا تۆمارکراوە، هەولێر پەشیمان بووەتەوە و تاکلایانە گرێبەستەکەی هەڵوەشاندووەتەوە.

بەگوێرەی بەدواداچوونەکانی تۆڕی وەرزشی یاریگا، ئەو بەرگریکارە توونسییە بە 60 هەزار دۆلار بۆ ماوەی ساڵێک گرێبەستی لەگەڵ واژۆکراوە، بەڵام دواتر گرێبەستەکەی هەڵوەشاوەتەوە، بەبێ ئەوەی ئەو بەرگریکارە توونسییە بێتە کوردستان و لەگەڵ یانەکەی قەڵاومنارە دەست بە مەشق و راهێنان بکات.

سامان بریفکانی، بەرپرسی راگەیاندنی یانەی هەولێر لەبارەی سزای یانەکەیان لە لێدوانێکی تایبەتی بۆ تۆڕی وەرزشی یاریگا گوتی :’فیفا بەهۆی سکاڵایەکی سامی هەمامی بەرگریکاری توونسی یانەکەمانی لە تۆمارکردنی ناوی یاریزانی نوێ بێبەش کردووە، کە ساڵێک لەمەوبەر ئەو یاریزانە گرێبەستی لەگەڵ واژۆکراوە، ئێمە ئێستا بەدواداچوون بۆ ئەوە دەکەین بزانین لە ماوەی ئەو ساڵەدا ئەو یاریزانە یاریی بۆ هیچ یانەیەک کردووە یان نا، بەڵام گەشبینین بەوەی بە زووترین کات ئەم کێشەیە چارەسەر بکەین’.

هەروەها بریفکانی گوتیشی :’ئێمە هەفتەیەکەمان لە بەردەستە بۆ ئەوەی ئەم سزایە لەلایەن فیفاوە لەسەر یانەی هەولێر لابدرێت، ئەگەر ناچاربین و هەموو شتێک بەگوێرەی سکاڵاکەی یاریزانە توونسییەکە بێت، ناچارین 40 هەزار دۆلار بە یاریزانە توونسییەکە بدەین، بۆ ئەوەی بتوانین ناوی یاریزانە نوێیەکانمان تۆمار بکەین’.

بەگوێرەی پێگەی ترانسفێر مارکێت کە تایبەتە بە گواستنەوەی یاریزانان، ئەو یاریزانە لەوەتەی مانگی تەممووز/یۆلیۆی ساڵی رابردووەوە زیاتر لە ساڵێکە بێ یانەیە، دوایین یانە یاریی بۆ کردبێت یانەی جەرەشی سعوودییە و ئێستا بێ یانەیە.

بابەتی زیاتر

Back to top button