ئیسپانیاگرنگترین

ریال مەدرید بەهۆی پێکانەوە تاوەکو ساڵی 2025 ئەستێرەیەکی لەدەست دەدات

Yariga App

یاریگا –

ریال مەدرید بەهۆی پێکانەوە تاوەکو ساڵی 2025 ئەستێرەیەکی لەدەست دەدات و پێکانەکەی داڤید ئالابا زۆر لەوە قورسترە کە پێشبینی دەکرا.

رۆژنامەی ئاسی ئیسپانی ئاشکرایکردووە، لە نەمساوە هەواڵی ناخۆش بۆ هاندەرانی ریال مەدرید هەیە، پێکانەکەی ئالابا لەوە قورسترە کە پێشبینی دەکرا، کە ئەو بەرگریکارە نەمساییە لە ناوەڕاستی مانگی دیسەمبەری 2023 لە بەستەری ئەژنۆی چەپی تووشی پێکانێکی قورس بوو.

ئالابا گەرچی لە پێکانەکەی چاکبووەتەوە، بەڵام هێشتا بە تەواوەتی و بە ئاسانی ناتوانێت راهێنانەکانی بکات، هێشتا ناتوانێت بە ئاسانی و ئاسایی رابکات، کە بەهۆی پێکانەوە نەیتوانی بەشداریی یارییەکانی یۆرۆی 2024 بکات.

گەرچی ئەو پێکانەی ئالابا تووشی بووە پێویستی بە 100 بۆ 120 رۆژە بۆ ئەوەی یاریزانەکە دووبارە بگەڕێتەوە یاریکردن، بەڵام بەرگریکارەکەی ریال مەدرید زیاتر لە 200 رۆژە لە یاریکردن دابڕاوە، کەچی هێشتا ناتوانێت بە ئاسانی بجوڵێتەوە و رابکات.

رۆژنامەی دێ پرێسەی نەمسایی ئاشکرایکردووە، پێشبینی دەکرێت ئالابا تاوەکو سەرەتای ساڵی 2025 نەتوانێت یاریی بکاتەوە، کە پێشتر ئالابا رایگەیاندبوو، پەلە لە گەڕانەوەی بۆ یاریگاکان ناکات و هیچ وادەیەکی دیاریکراو بۆ گەڕانەوەی بۆ یاریکردن دانانێت.

رۆژی 14ـی ئەم مانگە ریال مەدرید دەست بە ئامادەکارییەکانی بۆ وەرزی نوێ دەکات و کۆتایی ئەم مانگەش یانە ئیسپانییەکە لە ئەمریکا کەمپێکی مەشق و راهێنان دەکاتەوە و رۆژی 14ـی مانگی داهاتوو لە جامی سوپەری ئەوروپا رووبەڕووی ئاتاڵانتا دەبێتەوە.

 

بابەتی زیاتر

Back to top button