سعوودیەگرنگترینیۆرۆی 2024

فڕانک لامپارد نهێنییەکی ژیانی کریستیانۆ رۆناڵدۆ ئاشکرا دەکات

چیرۆکێکی خۆی لەگەڵ دۆن دەگێڕێتەوە

Yariga App

یاریگا –

لامپارد نهێنییەکی ژیانی کریستیانۆ رۆناڵدۆ ئاشکرا دەکات و سەربوردەیەکی خۆی لەگەڵ هێرشبەرە پۆرتوگاڵییەکە دەگێڕێتەوە.

فرانک لامپارد، یاریزانی پێشووی چێڵسی ئینگلیزی کە لە یارییەکانی یۆرۆی 2024 شرۆڤەکاری کەناڵی BBCـی بەریتانییە، لەبارەی کریستیانۆ رۆناڵدۆ کە شەشەمین وەشانە بەشداریی یارییەکانی یۆرۆ دەکات و لە تەمەنی 39 ساڵیدا هێشتا لە یاریکردن بەردەوامە، دەڵێت :’کریستیانۆ رۆناڵدۆ یەکێکە لە یاریزانە مەزەکانی تۆپی پێ، ئەو شێوازێکی بیرکردنەوەی نایابی هەیە، چەند مانگێک لەمەوبەر کاتێک لە پشوودا بووم، بەیەکەوە لە یەک هۆتێلدا بووین، کاتێک لە کەنار دەریا بووم، قەمیسەکەم لەبەر کرد و چوومە لای بۆ ئەوەی وێنەیەکی لەگەڵ بگرم، بینیم خەریکە لەگەڵ راهێنەرە تایبەتەکەی دەچێتە هۆڵی وەرزشی و رۆژانە دوو جار مەشق و راهێنانی دەکرد، ئەمە راددەی پابەندیی رۆناڵدۆمان بۆ روون دەکاتەوە’.

لە ستۆدیۆیە شیکارییەکەی یاریی پۆرتوگاڵ و چیک کە دۆن و هاوڕێیەکانی 2-1 بردنەوەیان بەدەستهێنا، گاری لینیکەر پێشکەشکاری بەناوبانگی بەریتانی لە سیسک فابریگاسیش دەپرسێت، کریستیانۆ رۆناڵدۆ مانگی فێبرایەر/شووباتی داهاتوو تەمەنی دەبێتە 40 ساڵ و لە تۆ بەتەمەنترە، تۆ بۆچی وەکو ئەو لە یاریکردن بەردەوام نەبووی، فابریگاسیش لە وەڵامدا پێی دەڵێت ‘پەیوەندی بە مێنتاڵیتی و شێوازی بیرکردنەوەمانەوە هەیە’.

ئیڤان هاشیک، راهێنەری چیک دوای یارییەکەیان بەرامبەر پۆرتوگاڵ لەبارەی ئاستی کریستیانۆ رۆناڵدۆ گوتی :’کڵاوەکەم بۆ کریستیانۆ رۆناڵدۆ دەهێنمە خوارەوە، لەو تەمەنەدا لە هەر یارییەک دەیسەڵمێنێت یاریزانێکی چەند ترسێنەرە، جارێکی دیکە سەڵماندی چەند بلیمەتە و یەکێکە لە باشترین یاریزانەکانی مێژووی تۆپی پێ’.

کڵاوەکەم بۆ کریستیانۆ رۆناڵدۆ دەهێنمە خوارەوە، لەو تەمەنەدا لە هەر یارییەک دەیسەڵمێنێت یاریزانێکی چەند ترسێنەرە، جارێکی دیکە سەڵماندی چەند بلیمەتە و یەکێکە لە باشترین یاریزانەکانی مێژووی تۆپی پێ.

کریستیانۆ رۆناڵدۆ بووە یەکەم یاریزان لە مێژوودا بەشداریی شەش وەشانی جیاوازی جامی نەتەوەکانی ئەوروپا بکات و لە یاریی بەرامبەر چیک بۆ ماوەی 90 خولەک یاریی کرد، وەرزی رابردوو لەگەڵ یانەی نەسڕ لە 45 یاری 44 گۆڵ و 13 ئەسیستی کرد.

 

بابەتی زیاتر

Back to top button