بازاڕی گواستنه‌وه‌فه‌ره‌نساگرنگترین

یانەی داهاتووی دی زێربی ئاشکرا دەکرێت

Yariga App

یاریگا –

رۆبێرتۆ دی زێربی ئیتاڵی و راهێنەری پێشووی بڕایتن پەیوەندی بە خولی فەرەنسی دەکات.

بەڕێوبەری جێبەجێکاری تۆڕی سپۆرت ئیتاڵیا میکێل کریشیتێۆ بڵاویکردووەتەوە، رۆبێرتۆ دی زێربی لەگەڵ یانەی مارسیلیای فەڕەنسی لە گفتوگۆدایە، راهێنەرە ئیتاڵییەکە زۆر لە وەرگرتنی پۆستی راهێنەرایەتی یانەکە نزیکە.

بەگوێرەی زانیارییەکانی بەڕێوبەری تۆڕە ئیتاڵییەکە، گفتوگۆی نێوان دی زێربی و مارسیلیا لە قۆناخی کۆتاییدایە، ئەگەر بگەنە رێککەوتنی کۆتایی، راهێنەرە ئیتاڵییەکە گرێبەستێکی سێ وەرزە لەگەڵ یانەکە واژۆ دەکات.

دی زێربی لە 18ی سێپتێمبەر/ئەیلوولی ساڵی 2022 شاختار دۆنێتسکی جێهێشت و بووە راهێنەری برایتن. لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا، دی زێربی لە 70 یاریدا سەرپەرشتی برایتنی کرد، 24 بردنەوە، 19 یەکسانبوون و 25 دۆڕانی هەیە.

دی زێربی لە شاری بریشیا، ئیتاڵیا لەدایکبووە. بۆ ماوەی 13 ساڵ یاری بۆ یانەکانی پلەکانی خوارەوەی ئیتاڵیا کردووە و لە ساڵی 2013 وازی لە یاریکردن هێنا.

بۆ یەکەمجار لە نۆڤێمبەر/تشرینی دووەمی ساڵی 2013 پۆستی راهێنەرایەتی یانەی دارفۆ بۆاریۆی ئیتاڵی وەرگرت، ئەوکات یانەکە لە سێریا بی یاری دەکرد.

دواتر مەشقی یانەکانی پالێرمۆ، بێنێڤێنتۆ و ساسۆلۆ کرد و توانی ناوێکی گەورە لە نێو گەورەکانی ئیتاڵیا دروستبکات.

دی زێربی لە مایس/ئایاری ساڵی 2021 ئەرکی مەشقی شاختار دۆنێتسکی یوکراینای وەرگرت و بووە یەکەم راهێنەری ئیتاڵی جامی یوکراینا بەدەستبهێنێت.

لە دوای چوونە دەرەوەی گراهام پۆتەر بۆ چێڵسی، لە 18ی سێپتێمبەر/ئەیلوولی ساڵی 2022 بووە راهێنەری برایتن.

لە یەکەم وەرزیدا، سەرکردایەتی برایتنی کرد بۆ بەدەستهێنانی پلەی شەشەمی پرێمەرلیگ و ئەمەش بەرزترین پلەیە لە مێژووی یانەکەدا. دی زێربی پێشڕەوی برایتنی کرد بۆ یەکەم بەشداری ئەوروپی، هەروەها برایتنی گەیاندە قۆناخی پێشکۆتایی جامی FA، بەڵام بە لێدانی یەکلاییکەرەوە بە مانچێستەر یونایتد دۆڕا.

لە وەرزی 2023/24ی یۆرۆپالیگ، برایتن پێشەنگی کۆمەڵەکەی بوو، هەرچەندە یانەی وەک ئەیاکس، مارسیلیا و ئایک ئاتینای تێدابوو و لە قۆناخی 16 بە رۆما دۆڕا.

دوای تەواوبوونی وەرزی رابردوو، دی زێربی و برایتن لەسەر هەڵوەشاندنەوەی گرێبەست رێککەوتن، ئەمەش دوای بەدەستهێنانی پلەی 11ی پرێمەرلیگ.

بابەتی زیاتر

Back to top button