یاریگا –
ریال مەدرید بڕیاری داوە لە جامی جیهانی یانەکان بکشێتەوە و بەشداری وەشانی داهاتووی پاڵەوانێتییەکە نەکات، گەر بەم شێوەیە بێت ئەوا بارسێلۆنا 50 ملیۆن یۆرۆ قازانج دەکات.
ئەمڕۆ کارلۆ ئانچیلۆتی راهێنەری ریال مەدرید رایگەیاند، یانەکەی هیچ ئارەزووی بەشداریکردنی لە فۆرماتی نوێی جامی جیهانی یانەکاندا نییە، کە بڕیارە لە 10ی حوزەیرانی 2025 تا 15ی تەمموز لە ئەمریکا بەڕێوەبچێت.
هەر لەبەر ئەم هۆکارەش پرسی دارایی یەکەمە و ریال پێی وایە نادادپەروەرییە تەنها 50 ملیۆن یۆرۆ وەربگرێت بۆ بەشداریکردن لە یارییەکان، لەکاتێکدا یانەکە دەتوانێت 20 ملیۆن یۆرۆ بۆ یارییەکی دۆستانە بەدەستبهێنێت. بەشدارینەکردنی لەم پاڵەوانەتییدا دەکرێت خشتە پڕ یارییەکەیان و دوو هێندە ماندووبوونی یاریزانەکان هۆکارێکی دیکەی ریال بێت.
ئێستا تەنیا 29 یانە توانیویانە پشکی بەشداریکردن لەم پێشبڕکێیانەدا بەدەستبهێنن، و ناوی سێ یانەکەیتر تاوەکوو ئێستا یەکلایی نەبووەتەوە. ئاس ئەمڕۆ نووسیویەتی، ئەگەر ریال لەگەڵ فیفا نەگەیشتە رێککەوتن و بە فەرمی بکشێتەوە، بارسا جێگەی ئەو دەگرێتەوە و لە شوێنی ئەوان بەشداری جامی جیهانی یانەکان دەکات.
بارسێلۆنا لەم دواییانەدا، دوای ئەوەی لە قۆناغی چارەکی کۆتایی چامپیۆنزلیگ کرایە دەرەوە، نەیتوانی پشکێک لە جامی جیهانی یانەکان بەدەست بهێنێت، لە ئیسپانیاش ریال و ئەتلەتیکۆ پشکەکانیان مسۆگەر کرد. لەگەڵ کشانەوەی ریال و بەشداری کردنی بارسا لەم پاڵەوانێتییە، ئەم یانەیە 50 ملیۆن یۆرۆ لە فیفا وەردەگرێت، ئەمەش دەبێتە هۆی کاریگەری دارایی گەورە بۆ کاتالۆنییەکان. لەڕاستیدا دەکرێت بڵێین ریال مەدرید 50 ملیۆن یۆرۆ پێشکەشی بارسیلۆنا دەکات.