ئیسپانیاراپۆرتی تایبەتگرنگترین

هەموو شتێک بزانە؛ بارسێلۆنا ناتوانێت ناوی 9 یاریزان لە لالیگا تۆمار بکات، هەنگاوی داهاتوو چییە؟

کێشەکانی دارایی بارسێلۆنا چین؟ چۆن چارەسەر دەبن و دەبێ دەستبەرداری کام یاریزان ببێت؟

Yariga App

یاریگا –

گۆڕانی دۆخی خێرای بارسێلۆنا دڵەڕاوکێی لای هاندەرانی بارسێلۆنا دروستکردووە، خوان لاپۆرتا، سەرۆکی یانەکە هەموو هەوڵێک بۆ راستکردنەوەی رێچکەی دارایی و چارەسەرکردنییان دەدات.

ئەرکی لاپۆرتا ئاسان نییە، دەبێ تاوەکو کۆتایی مێرکاتۆی هاوینەی ئەمساڵ، چرکە بە چرکە چاودێری دۆخی دارایی بکات، لەلایەکی دیکەوە دەبێ بەردەوام هاوشانی رێساکانی سنووربەندی مووچەی لالیگا تەریب بن، لەلایەکی دیکەشەوە چاوەڕێی قۆستنەوەی گواستنەوەی هەر یاریزانێکی بە کێشەی دارایی بکەن.

لە ئۆگەست/ئابی ساڵی رابردوو، لە پڕ چەند یاریزانێک پێچەوانەی حەزی خۆیان، بارسێلۆنایان جێهێشت و لە دوا رۆژی گواستنەوەکاندا، لاپۆرتا گرێبەستی لەگەڵ جواو فێلیکس و جواو کانسێلۆ بە خواستن واژۆ کرد، دەستەی کارگێڕی یانەکە گەرەنتییان بە لالیگادا، مووچەی هەردووکیان بریتی دەبێت لە 18.5 ملیۆن یۆرۆ.

پێدەچێت لە مێرکاتۆی ئەم هاوینە نمایشی زیاتر بکرێن، بەگوێرەی راپۆرتەکانی رۆژنامەوانی ئیسپانیا بێت، پێویستە بارسێلۆنا بڕی 130 ملیۆن یۆرۆ بەر لە کۆتایی ئەم مانگە ئامادە بکات، ئەگەرنا زۆر ئەستەمە بتوانێت هیچ یاریزانێک بگوازێتەوە، چونکە لە لێواری بەزاندنی سنووری مووچەکانە.

سەرچاوەیەکی نێو دەستەی کارگێڕی بارسێلۆنا بە ئاتلێتیکی راگەیاندووە، داوا لە بارسێلۆنا کراوە، تاوەکو کۆتایی ئەم مانگە بڕی 130 ملیۆن یۆرۆ ئامادەبکات، تاوەکو لەگەڵ رێساکانی یاری خاوێنی لالیگا هاوتەریب بێت. ئێستا یانەکە بە دوای وەبەرهێنی نوێ دەگەڕێت، لەوانە نوێکردنەوەی گرێبەست لەگەڵ کۆمپانیای نایکی و بەکارهێنانی ستۆدیۆکانی بارسا، کە ئێستا کێشەی زۆری تێدایە و قازانجی ئەوتۆی لێنەکراوە.

هانسی فلیک، راهێنەری نوێی بارسێلۆنا

بارسێلۆنا هیچ زانیارییەکی لەبارەی پلانی داهاتووی لەگەڵ لالیگا بەش نەکردووە، تەنانەت بارسا نایەوێت دەستبەرداری ئەستێرەی گرانبەهای وەک رۆناڵد ئاراوخۆ، فرێنکی دی یۆنگ و رافینیا ببێت، چونکە لاپۆرتا چەند رۆژێک لەمەوبەر روونیکردەوە

دەمانەوێت پارێزگاری لە هێزی هێڵی ناوەڕاست بکەین و هێرشبەرێکی باڵ بۆ تیمەکە زیاد بکەین.

بارسێلۆنا رووبەڕووی کێشەیەکی دیکە بووەتەوە، ئێستا ناتوانێت لە کۆی 25 یاریزان، ناوی 9 یاریزان بۆ وەرزی داهاتوو تۆمار بکات.

گرێبەستی سێرجی رۆبێرتۆ و مارکۆس ئاڵۆنسۆ لە کۆتایی ئەم مانگە بەسەردەچێت، هەروەها گرێبەستی خواستنی فێلیکس و کانسێلۆش بەسەر دەچێت. لەلایەکی دیکەوە، بارسێلۆنا کێشەی لە تۆمارکردنی ناوی هەریەکە لە ئینیگۆ مارتینێز و ڤیتۆر رۆکی بۆ دروستدەبێت، چونکە لە وەرزی رابردوودا، ناوی هەردوو یاریزانەکە بە شێوازێکی دوور لە رێساکانی لالیگا تۆمارکرابوون.

تاوەکو ئێستا لالیگا ناوی یاریزانانی بەرهەمی لاماسیا نەکردووە. هەریەکە لە ئالێخاندرۆ باڵدی، لامین یامال، پاو کوبارسی و هێکتۆر فۆرت چاوەڕێی رەزامەندی تۆمارکردنی ناوەکانیان لە تیمی یەکەمی بارسا دەکەن. جیا لەمەش، تاوەکو ئێستا بارسێلۆنا کێشەی یاسایی تۆمارکردنی ناوی گاڤی لەگەڵ لالیگا یەکلایی نەکردووەتەوە.

ئەوەی کێشەکانی دارایی بارسای زیادکردووە، ئەو یاریزانانەی لە خواستن دەگەڕێنەوە بارسا، خۆکارانە مووچەکانیان بۆ وەرزی داهاتوو هەژمار دەکرێت. واتە بەرزی مووچەی ئانسو فاتی و ئێریک گارسیا و سێرجینیۆ دێست و کلێمێنت لینگلێت، بۆ وەرزی داهاتوو هەژمار دەکرێن، هەرچەند ئەگەر لە پلانەکانی هانسی فلیکدا نەبن، بەڵام تاوەکو دەستبەرداری ئەو یاریزانانە نەبێت، مووچەکەیان هەژمار دەکرێت.

لاپۆرتا و دێکۆ، بەڕێوەبەری وەرزشی بارسێلۆنا دەبێ چەند کێشەیەکی قووڵی دارایی بارسا چارەسەر بکەن. ئەمەش بەر لەوەی فلیک بە تەواوی پلانەکانی بۆ وەرزی داهاتوو رادەستی دەستەی کارگێڕی بکات.

سێرجی رۆبێرتۆ

کاپتنی ئێستای بارسێلۆنا لە هاوینی رابردوو، لە کاتی نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی، ئامادەبوو مووچەکەی کەم بکاتەوە و بەشداری لە 24 یاری وەرزی رابردووی بارسێلۆنا کرد. سێ گۆڵ و سێ ئەسیستی هەبوو.

هەرچەندە لە سەردەمی چاڤی هێرناندێز، راهێنەری پێشووی یانەکە، باسی لە نوێکردنەوەی گرێبەستی رۆبێرتۆ بۆ 12 مانگی دیکە دەکرد، بەڵام ئێستا تەواوی کەیسەکە داخراوە و هیچ شتێکی فەرمی رووی نەداوە.

مارکۆس ئاڵۆنسۆ

ئاڵۆنسۆ گرێبەستێکی سەیرە، لە کۆی یارییەکانی وەرزی رابردوودا، تەنیا بەشداری لە 389 یاریدا کردووە.

زۆربەی راپۆرتەکانی رۆژنامەوانی باس لە چوونە دەرەوەی مارکۆس لە بارسا دەکەن، چونکە یاریزانی پێشووی چێڵسی، هیچ کاریگەری لەسەر یانەکە دروست نەکردووە و گرێبەستەکەی نوێ ناکرێتەوە.

مارکۆس ئاڵۆنسۆ لەگەڵ بارسێلۆنا

ڤیتۆر رۆکی

گرێبەستی ئەستێرە لاوە بەرازیلییەکە زۆر ئاڵۆزە، لە بنەچەدا دەبووایە لە سەرەتای مانگی داهاتوو پەیوەندی بە بارسا کردبا، بەڵام لە سەرەتای ساڵی رابردوو، دوای پێکانەکەی گاڤی، وەک گرێبەستێکی ‘فریاگوزاری’ پەیوەندی بە بارسێلۆناوە کرد. بەهای گرێبەستی گواستنەوەی لە ئاتلێتیکۆ پاراناینسێ بۆ بارسا بریتییە لە 30 ملیۆن یۆرۆ لەگەڵ 31 ملیۆن یۆرۆی دیکەی پەیوەست بە بردنەوەی نازناو و خەڵاتی کەسی.

بارسا مووچەی بێ سوودی بە یاریزانەکەدا، چونکە لە ماوەی شەش مانگدا زۆربەی کاتەکان لەسەر کورسی یەدەک بوو و ئەمەش زیانێکی ماددی زۆری بە بلوگرانا گەیاند. نزیکەی 400 خولەک یاریکردووە و دوو گۆڵی بۆ بارسا کرد.

هەرچەندە زۆر باس لە فرۆشتنی یاریزانە بەرازیلییەکە دەکرێت، بەڵام خوان لاپۆرتا دووپاتیدەکاتەوە، رۆکی لە پێکهاتەی وەرزی داهاتووی فلیکدا دەبێت.

ئینیگۆ مارتینێز

مارتینێز لە هاوینی رابردوو بە خۆڕایی لە ئاتلێتیک بیلباوەوە بۆ ماوەی دوو ساڵ گرێبەستی لەگەڵ بارسا واژۆ کرد. بەهۆی کێشەی داراییەوە، ناوی مارتینێز لە لالیگا تەنیا بۆ یەک ساڵ تۆمارکراوە.

چاڤی زۆر بە مارتینێز سەرسامبوو و بەشداری لە 25 یاری وەرزی رابردوودا کرد، جارێکیش تووشی پێکان بوو.

پێشبینی مانەوەی ئینیگۆ لە بارسا دەکرێت، بەڵام دۆخەکەی پەیوەستە بە چۆنیەتی مامەڵەکردنی بارسا لەگەڵ یاریزانانی دیکە. ئەگەر پارێزگاری لە زۆربەی یاریزانەکانی بکات، بە تایبەتی ئاراوخۆ و گارسیا، رەنگە بارسا دەستبەرداری مارتینێز بێت.

جواو فێلیکس و جواو کانسێلۆ

لە سەرەتای هەفتەی پێشوودا، لاپۆرتا روونیکردەوە، بارسا دەیەوێت پارێزگاری لە تواناکنی کانسێلۆ و فێلیکس بکات و بە خواستن هەوڵی هێشتنەوەی هەردوو یاریزانەکە دەدات.

هەرچەندە کانسێلۆ نەیتوانی ئاستی چاوەڕوانکراو لەگەڵ یانە کاتالۆنییەکە پێشکەش بکات، تەنانەت لە چەندین یاریدا، کانسێلۆ هەڵەی کوشندەی کرد، لە لایەکی دیکەشەوە، چاڤی زۆربەی کات فێلیکسی لەسەر کورسی یەدەک دادەنا.

ئەوەی خاڵێکی ئەرێنییە بەلای بارسا، هەریەکە لە ئاتلێتیکۆ مەدرید و مانچێستەر سیتی پەیوەندییەکی خراپییان لەگەڵ دوو جواوەکە هەیە و نایانەوێت بگەڕێنەوە یانەکانیان.

جواو کانسێلۆ، رافینیا و جواو فێلیکس

لاپۆرتا پەیوەندییەکی زۆری باشی لەگەڵ خۆرخێ مێندێس، بەڕێوەبەری کارەکانی لاپۆرتا هەیە و ئەمەش کاریگەرییەکی زۆر لەسەر داهاتووی هەردوو یاریزانەکە دروست دەکات. جیا لە هەردوو جواوەکە، مێندێس نوێنەرایەتی یاریزانانی دیکەی وەک فاتی، یامال و باڵدی لە پێکهاتەکەی فلیک دەکات.

کاتێک بارسا لە هاوینی رابردوودا، گرێبەستی لەگەڵ فێلیکس واژۆ کرد، ویستی بە مووچەیەکی کەم لە لالیگا تۆماری بکات، بەڵام خاڤیێر تێباس، سەرۆکی لالیگا هاتەسەرهێڵ و بەگوێرەی بەهای بازاڕی یاریزانان، بڕی 10 ملیۆن یۆرۆی وەک مووچە بۆ فێلیکس دەستنیشانکرد.

ئێریک گارسیا

گارسیا وەرزێکی زۆر باشی بە خواستن لەگەڵ جیڕۆنا بەڕێکرد، یەکێک بوو لە رۆڵگێڕە سەرەکییەکانی گەیاندنی جیڕۆنا بە چامپیۆنزلیگی وەرزی داهاتوو.

گرێبەستی خواستنی گارسیا بڕگەی گرێبەستی هەمیشەیی بۆ جیڕۆنا تێدا نەبوو، هێشتا گارسیا گرێبەستی بۆ ماوەی دوو ساڵ لەگەڵ بارسا ماوە.

ئانسو فاتی

فاتی یەکێک بوو لەو یاریزانانەی حەزی نەکرد بە خواستن بارسا جێبهێڵێت، بە تایبەت خواستنەکەی بۆ برایتن، سوودێکی ئەوتۆی بۆ یاریزانەکە نەبوو.

یاریزانی 21 ساڵان تەنیا چوار گۆڵی لە کۆی 30 یاری لەگەڵ برایتن کرد، فاتی نەیتوانی ببێتە یاریزانێکی دیاری پێکهاتەکەی رۆبێرتۆ دی زێربی. تەنانەت هیچ هیوایەک بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستی خواستنەکەی لەگەڵ برایتن نەماوە.

فاتی دوای تەواوبوونی ماوەی خواستنەکەی بە موندۆ دێپۆرتیڤۆی راگەیاند

مایەی خۆشحاڵیبوو یاریم بۆ برایتن کرد. ئێستا لەگەڵ خێزانەکەم دەگەڕێمەوە بارسێلۆنا، خەونی من لەم یانەیەیە.

فاتی یەکێکە لە یاریزانە دیارەکانی بارسێلۆنا، دوای چوونە دەرەوەی لیۆنێل مێسی، بە شوێنگرەوەی پوڵگا دادەندرا، بەڵام مووچەی 10 ملیۆن یۆرۆیی کێشەی زۆر بۆ یانە کاتالۆنییەکە دروستدەکات. بۆیە فلیک بە هۆشیارییەوە مامەڵە لەگەڵ کەیسەکەی دەکات.

سێرجینۆ دێست

یاریزانی نێودەوڵەتی ئەمریکی لە وەرزی رابردوودا بە خواستن یاری بۆ ئایندهۆڤن کرد، بەڵام پێش ئەم گواستنەوەیەش، لەوەتەی پەیوەندیکردنی بە بارسا لە ساڵی 2020، نەیتوانیوە بە دۆخێکی جێگیر تێبپەڕێت.

دێست لە وەرزی رابردوودا لەگەڵ یانە هۆڵەندییەکە، دوو گۆڵ و حەوت ئەسیستی لە کۆی 37 یاریدا هەبوو. بەڵام لە سەرەتای مانگی ئەپریل/نیسانی رابردوو تووشی پێکان بوو و ناتوانێت بەشداری لە کۆپا ئەمێریکاش بکات.

ئایندهۆڤن دەتوانێت بڕگەی گواستنەوەی هەمیشەیی گرێبەستی دێست چالاک بکات، لەوانەیە ئەمەش هەواڵێکی ئەرێنی بێت بۆ دەستەی کارگێڕی یانەکە، چونکە گرێبەستەکەی لە هاوینی ساڵی داهاتوو بەسەردەچێت.

کلێمێنت لینگلێت

لینگلێت لە مانگی مایس/ئایاری ساڵی 2022 یاری بۆ بارسێلۆنا نەکردووە، لە دوو وەرزی رابردوو بە خواستن یاری بۆ تۆتنهام و ئاستۆن ڤیلا کردووە.

هێشتا دوو ساڵ بۆ بەسەرچوونی گرێبەستی یاریزانی فەرەنسی لەگەڵ بارسا ماوە. هەرچەندە لە ساڵی 2018 لە سێڤییاوە پەیوەندی بە بارسێلۆنا کرد.

مووچەی لێنگلێت بریتییە لە 16 ملیۆن یۆرۆ، جیا لە چەندین کەیسی دیکەی دارایی ئاڵۆز. رەنگە گواستنەوەی بۆ خولی سعودی، کێشەیەکی گەورە لە کۆڵ بارسا بکاتەوە.

گاڤی

گرێبەستی ئێستای گاڤی کێشەیەکی زۆری بۆ بارسا دروستکردووە و تەنانەت دیارنییە چارەنووسەکەی چی دەبێت.

گاڤی لە تەمەنی 17 ساڵییەوە ناوی لە تیمی یەکەمی بارسا تۆمارکرا، هەرچەندە ئەوکاتە هێشتا یاری بۆ تیمی لاوانی بارسێلۆنا دەکرد و ژمارەی درێسەکەی 30 بوو. گاڤی لە سێپتێمبەر/ئەیلوولی ساڵی 2022 یەکەم گرێبەستی پیشەیی لەگەڵ تیمی یەکەمی بارسا واژۆ کرد و مەرجی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکەی بریتییە لە یەک ملیار یۆرۆ.

کاتێک لالیگا رێگەی بە تۆمارکردنی ناوی گاڤی نەدا، بە بیانووی پێشێلکردنی سنووری مووچەکان، بارسا کەیسەکەی بردەوە دادگاکانی ئیسپانیا و چارەسەرێکی کاتی دۆزییەوە، تاوەکو رێگری لە چوونە دەرەوەی یاریزانەکە بکات.

گاڤی لەگەڵ بارسێلۆنا

دوای چارەسەرکردنی کێشەکە، گاڤی ناوی لە پێکهاتەی وەرزی رابردوو تۆمارکرا و درێسی ژمارە 6ی پۆشی. بەڵام لە کۆتاییەکانی مانگی نۆڤێمبەر/تشرینی دووەمی ساڵی رابردوو، لەگەڵ هەڵبژاردەی ئیسپانیا تووشی پێکانبوو و تاوەکو ئێستا بە تەواوی چاکنەبووەتەوە.

تاوەکو یەکلاییکردنەوەی تەواوی کەیسەکەی لەگەڵ لالیگا، چارەنووسی گاڤی لەگەڵ بارسا بە گوماناوی دەمێنێتەوە.

ئالێخاندرۆ باڵدی

یاریزانی بەرهەمی لاماسیا یەکەم گرێبەستی پیشەیی لە سێپتێمبەر/ئەیلوولی ساڵی 2023 لەگەڵ بارسا تاوەکو 2028 واژۆ کرد و مەرجی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکەی بریتییە لە یەک ملیار یۆرۆ.

تاوەکو ئێستا بارسا نەیتوانیوە ناوی لە لیستی گرێبەستەکانی لالیگا زیادبکات. ئەمەش کێشەیەکی گەورە بۆ یاریزان و یانەکە دروستدەکات.

لامین یامال، پاو کوبارسی و هێکتۆر فۆرت

یاریزانانی لاوی وەک یامال، کوبارسی و فۆرت رۆڵی سەرەکی لە پێکهاتەی سەرەکی ئێستای بارسێلۆنا دەگێڕن، لە قۆناخی دووەمی وەرزی رابردوو، هەرسێ یاریزانەکە گرێبەستەکانیان نوێکردەوە.

لە ئۆکتۆبەر/تشرینی یەکەمی ساڵی 2023، یامال یەکەم گرێبەستی فەرمی لەگەڵ بارسا واژۆکرد و تاوەکو هاوینی ساڵی 2026 بەردەوام دەبێت. مەرجی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکەی بریتییە لە یەک ملیار یۆرۆ. بە گوێرەی زانیارییەکانی ئاتلێتیک، یامال و بارسا لەسەر درێژکردنەوەی گرێبەستەکە رێککەوتوون، بەڵام چاوەڕێن لە یۆلیۆ/تەمووزی ساڵی داهاتوو تەمەنی ببێتە 18 ساڵ.

کوبارسی گرێبەستەکەی تاوەکو هاوینی ساڵی 2027 نوێکردووەتەوە. کوبارسی یەکێکە لە دیارترین یاریزانانی بارسێلۆنا و بانگهێشتی هەڵبژاردەی ئیسپانیا بۆ یۆرۆی 2024 کراوە.

لە چەند هەفتەی رابردوودا، فۆرت، تەمەن 17 ساڵان گرێبەستەکەی تاوەکو 2026 نوێکردەوە.

سەرەڕای زیادبوونی فشاری بەزاندنی سنووری مووچەی یاریزانان و ناڕوونی داهاتووی کەیسی یاسایی گاڤی، بارسا پشت بە توانای یاریزانانی ئەکادیمیای لاماسیا دەبەستێت.

تۆمارکردنی ناوی تەواوی یاریزانانی لاو لە لالیگا، یانەکە لە مەترسییەکان دەپارێزێت، چونکە خۆشەویستییەکی زۆرییان بۆ یانەکە هەیە و لەگەڵ ماڵباتەکانیان، بارسا بە ماڵی خۆیان دادەنێن.

بابەتی زیاتر

Back to top button