خوله‌کانی دیکە

یاریزانێکی پێشوی بارسێلۆنا لەبری خۆی برا دووانەکەی دەنێرێت بۆ یاریکردن

Yariga App

یاریگا –

ئێدگار لی، یاریزانی پێشووی بارسێلۆنا، لە کردەوەیەکی سەیر و باوەڕپێنەکراودا، برا دووانەکەی لە شوێنی خۆی ناردووەتە دینامۆ بوخارێست تاوەکوو لە شوێنی ئەو یاری بکات.

ئەو تۆمەتەی لە تۆپی پێی رۆمانیادا خراونەتەڕوو، مشتومڕێکی گەورەی لەم وڵاتەدا دروستکردووە، ئێستاش میدیاکانی ئیسپانیا چاویان بەڕووی ئەم رووداوەدا کردووەتەوە بۆ ئەوەی رەهەندی نوێی فێڵکردن لە تۆپی پێی ئەوروپادا ئاشکرا بکەن.

رۆژنامەی گۆڵ سەبارەت بەم بابەتە دەڵێت، لێکۆڵینەوە لە رۆمانیا بەردەوامە بۆ ئەوەی بزانرێت کە ئایا ئێدگار لە پێنج یاریدا ئەدێلینۆی برا دووانەکەی ناچارکردووە جێگەی بگرێتەوە، لەکاتێکدا یانەکە هەوڵدەدات خۆی لە دابەزین بەدوور بگرێت و لە دابەزین بۆ پلە دوو نزیکە.

ئێدگار لی لە مانگی شوباتی ئەمساڵدا یانەی ئیستەنبوڵ باشاک شەهیری بەجێهێشت و پەیوەندی بە دینامۆ بوخارێستەوە کرد، بەڵام ئێستا بەڕێوەبەرانی ئەم یانەیە گومانیان لەوە کردووە کە لەڕاستیدا برا دووانەکەی بووە کە لە شوێنی ئێدگار چووەتە بوخارێست و یاریزانەکە بەخۆی هەرگیز سەفەری ئەم وڵاتەی نەکردووە.

ئەم بابەتەش لەلایەن دانیال سیند، رۆژنامەنووسێکی نزیک لە یانەکەوە ئاشکراکرا، کە راپۆرتێکی بڵاوکردەوە،راهێنەرانی یانەی دینامۆ سەریان سوڕما لەوەی ئێدگار لی زۆر باش نەیدەتوانی بە ئینگلیزی قسە بکات و تەنها بە زمانی پورتوگالی قسەی دەکرد لە کاتێکدا لە چەندین وڵاتی ئیسپانیا، فەرەنسا، تورکیا و هۆڵەندا یاری کردووە.

فلۆرین پرۆنا، سەرۆک و یاریزانی پێشووی دینامۆ بوخارێست، گوتی:

ئەمە رووداوێکی باوەڕپێنەکراوە. کاتێک هەواڵەکەم بیست، دەستم کرد بە پەیوەندیکردن بە هاوڕێکانمەوە و تێگەیشتم کە راستە. باوەڕ بەوە ناکەم. تازە بۆم دەرکەوتووە برایەکی دووانەی هەیە کە یاری تۆپی پێ دەکات.

هەروەها ئیمانوێل روسۆ ڕۆژنامەنووسی رۆمانی گووتی، کە بەڕێوەبەرانی یانەی دینامۆ داوایان لە یاریزانەکە کردووە مۆڵەتی شۆفێرییەکەیان پیشان بدات، بەڵام ئەو رەتیکردەوە و ئەوان گومانەکانیان لەسەری زیاتر بووە.

ئەگەر ئەم بابەتە بە فەرمی پشتڕاست بکرێتەوە، ئەوا دینامۆ بوخارێست مەترسی لەدەستدانی ئەو هەشت خاڵە دەبێتەوە کە لە پێنج یارییەکەدا ئەدێلینۆ جێگەی براکەی گرتووەتەوە و ئەمەش خراپترین هەواڵ دەبێت بۆ ئەوان و بۆ پلەی دووەم دادەبەزن.

ئێدگار لە 1ی ئایاری ساڵی 1994 لەدایک بووە و مێژووی یاریکردنی لە تیپی دووەمی بارسێلۆنا هەیە و یەکێکە لە یاریزانانی هەڵبژاردەی گینیا بیساو. لە ساڵی 2014 دەرفەتی ئەوەی بۆ رەخسا کە لەسەردەمی لویس ئێنریکی پەیوەندی بە تیپی یەکەمی بارسێلۆنا بکات، بەڵام لە ساڵی 2015 بارسای بەجێهێشت، لەم ماوەیەشدا بۆ لیل و نانتس و فاینۆردیش یاری کردووە.

بابەتی زیاتر

Back to top button