ئیسپانیابازاڕی گواستنه‌وه‌خووله‌کانی دیکەگرنگترین

پشتڕاستکرایەوە: بارسێلۆنا بڕە پارەیەک لە گواستنەوەی سێرگی ئاڵتیمیرا بەدەست دەهێنێت

بێتیس رێژەیەک لە هەر گواستنەوەیەکی داهاتووی یاریزانەکە بۆ خۆی دەهێڵێتەوە

Yariga App

یاریگا –

ریال بێتیس و سپۆرتینگ لەسەر گواستنەوەی یاریزانی هێڵی ناوەڕاست، سێرگی ئاڵتیمیرا بۆ یانە پۆرتوگالییەکە رێککەوتن.

سپۆرتینگ بڕی 18 ملیۆن یۆرۆی جێگیر دەدات، لەپاڵ تاوەکوو چوار ملیۆن یۆرۆی دیکە وەکوو پاداشتی بەستراو بە ئاست و دەستکەوتەکانەوە. فابریزیۆ رۆمانۆ پشتڕاستی کردووەتەوە کە رێککەوتنەکە کۆتایی هاتووە و بڕیارە یاریزانەکە لەم کۆتایی هەفتەیەدا بۆ ئەنجامدانی پشکنینی پزیشکی پێش واژۆکردنی گرێبەستەکەی، گەشت بۆ لیسبۆن بکات.

ئاڵتیمیرا، یاریزانی هێڵی ناوەڕاستی بەرگری کە تەمەنی 24 ساڵە و گرێبەستەکەی لەگەڵ بێتیس تاوەکوو حوزەیرانی 2029 بوو، گرێبەستێکی پێنج ساڵە لەگەڵ سپۆرتینگ واژۆ دەکات. گرێبەستەکە هاوشێوەی ئەو ئۆفەرەیە کە لەلایەن لایپزیگەوە پێشکەش کرابوو، کە شوێنی دڵخوازی ئەم یاریزانە کاتالوونییە بوو، بەڵام لە کۆتاییدا نەیانتوانی داواکارییە داراییەکانی بێتیس دابین بکەن. بەگوێرەی راپۆرتێکی ئێل کۆرێیۆ دێ ئاندالوزیا، بێتیس 10 بۆ 15% لە بڕی هەر گواستنەوەیەکی داهاتووی یاریزانەکە بۆ خۆی دەهێڵێتەوە.


رۆیشتنی ئاڵتیمیرا چارەسەری پێویستیی بەپەلەی بێتیس دەکات بۆ بەدەستهێنانی قازانجی دارایی پێش ئەوەی ساڵی دارایی ئێستا لە 30ـی حوزەیراندا دابخرێت. ئەگەرچی یانەکە بیریشی لە فرۆشتنی دیکە کردبووەوە، لەوانەش عەبدولسەمەد زەلزولی، کە پلانەکانی بەهۆی پێکانێکی لەگەڵ مەغریب پێش مۆندیال تێکچوو، بەڵام ئەم گواستنەوەیە پەستانە داراییەکان کەم دەکاتەوە و رێگە بە بێتیس دەدات بەبێ پەلەکردن رۆیشتنی یاریزانەکانی داهاتوو رێک بخات.

سێرگی ئاڵتیمیرا، ناوەڕاستکاری ریال بێتیس

ئەم یاریزانەی هێڵی ناوەڕاست کە لەدایکبووی کاردێدێوەیە و پێگەیشتووی ئەکادیمیای لا ماسیای بارسێلۆنایە، لە رێگەی میکانیزمی قەرەبووکردنەوەی پێگەیاندنی فیفاوە پاڵپشتییەکی دارایی پێشکەش بە یانە کاتالوونییەکەش دەکات. وەکوو پێشتر رۆژنامەی سپۆرت بڵاوی کردبووەوە، رێککەوتنەکەی نێوان بێتیس و سپۆرتینگ چاوەڕوان دەکرێت نزیکەی 400 هەزار یۆرۆ بۆ بارسێلۆنا دابین بکات، ئەگەرچی بڕی کۆتایی تەنیا کاتێک پشتڕاست دەکرێتەوە کە سپۆرتینگ، وەکوو کۆمپانیایەکی پشکدار لە بۆرسە، بە فەرمی بڕی جێگیری گواستنەوەکە رابگەیەنێت.

ئاڵتیمیرا پێش ئەوەی لە هاوینی 2023 وەکوو یاریزانی ئازاد پەیوەندی بە خیتافییەوە بکات، دوو وەرز لە یانەی سابادێل بەڕێکرد. بەڵام  هەرگیز هیچ بەشدارییەکی بۆ خیتافی نەبوو، چونکە بێتیس پێش دەستپێکردنی وەرزی 2023-2024 مەرجی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکەی بە بڕی دوو ملیۆن یۆرۆ چالاک کرد.

لەماوەی سێ وەرزی لەگەڵ بێتیس، یاریزانە کاتالوونییەکەی هێڵی ناوەڕاست خۆی وەکوو ئەندامێکی سەرەکیی پێکهاتەکەی مانوێل پێلێگرینی چەسپاند، بە شێوازێک کە 109 بەشداریی فەرمی هەبوو، پێنج گۆڵی کرد و چوار ئەسیستیشی پێشکەش کرد.

بابەتی زیاتر

Back to top button