ئاسیاگرنگترین

چیرۆکی دڵتەزێنی ئەو رووداوەی کە بەهێزترین تیمی ئوزبەکستانی لەناوبرد

خراپترین تراژیدیا بوو لە مێژووی وەرزشیی سۆڤیەتدا

Yariga App

یاریگا –

لە بەرامبەر دەروازەکانی چوونە نێو گۆڕستانی بۆتکین لە رۆژهەڵاتی تاشکەندی پایتەختی ئوزبەکستان، مۆنۆمێنتێک هەیە کە لەسەری نووسراوە: “پاختاکۆر-79. ئەوانمان لەبیرە. رێزیان لێدەگرین. شانازییان پێوە دەکەین”. 17 ناو لەسەر مۆنۆمێنتەکە نەخشێنراون.

لە 11ـی ئابی 1979، ستافی تیمی پاختاکۆر سواری فڕۆکەیەک بوون بۆ ئەنجامدانی یارییەک لە بەرامبەر دینامۆ مینسک لە خولی باڵای سۆڤیەت، کە بەرزترین ئاستی خولی یەکێتیی سۆڤیەتی پێشوو بوو. پاختاتۆر، تیمی پێشەنگی ئوزبەکستانی سۆڤیەت، چوار یاریی خولەکەی لەسەریەک بردبووەوە بە بوونی چەندین یاریزان کە یاریزانی نێودەوڵەتیی یەکێتیی سۆڤیەت بوون.

ئەو گەشتە ئاسمانییە هەرگیز نەگەیشتە شوێنی مەبەست. پێکدادانێک لەنێوان دوو فڕۆکەی مەدەنی لە ئاسمانی گوندی کوریلیڤکا، لە نزیک کامێنسکێ (کە لەنێوان ساڵانی 1936 بۆ 2016 بە دانیپرۆدزێرژینسک ناسرابوو) لە ئۆکراینا، بووە هۆی گیانلەدەستدانی تەواوی 178 سەرنشینەکەی نێو هەردوو فڕۆکەکە، کە 17 یاریزان و کارمەندی تیمی پاختاکۆریشی تێدابوو.

پیتەر فرانکۆپان، نووسەر و مێژوونووس، بە تۆڕێ ئاتلێتیک دەڵێت: “ئەمە خراپترین تراژیدیا بوو لە مێژووی وەرزشیی سۆڤیەتدا.”

دیلشۆد کەریمۆڤ، جێگری سەرۆکی پاختاکۆر دەڵێت:

تراژیدیاکە گیانی زۆر کەسی سەند، بەڵام کاریگەرییەکەی زۆر لەوە گەورەتر بوو. تیمەکە لە دۆخێکی نایابدا بوو، ئومێدێک هەبوو کە بلیت بۆ پاڵەوانییەتییە ئەورووپییەکان بەدەستبهێنێت.

پێنج لە نوێنەرانی یانەکە لەو رووداوەدا لە گۆڕستانی سەرەکیی تاشکەند نێژراون و 12 تەرمەکەی دیکە گەڕێندرانەوە بۆ خێزانەکانیان.

مۆنۆمێنتی تیمی پاختاکۆر

کارەساتی ئاسمانی دەگمەنە. لە تۆپی پێدا، کارەساتەکانی تۆرینۆ لە ساڵی 1949، مانچێستەر یونایتد لە ساڵی 1958، زامبیا لە ساڵی 1993 و چاپیکۆینسێ لە ساڵی 2016 لە هۆشیاریی وەرزشیدا نەخشێنراون. کارەساتەکەی ساڵی 1979ـی پاختاکۆر گرنگییەکی بنەڕەتی لەنێو ئۆزبەکستاندا هەیە. دوای 47 ساڵ، وڵاتەکە بەشداریی لە یەکەمین مۆندیالی خۆیدا دەکات، مافێک کە لەو نەوەیە زەوتکرا.
تولاگان ئیساکۆڤ گەشتی فڕۆکەی ئایرۆفلۆتی ژمارە 7880ـی لەدەستچوو. ئیساکۆڤ، کە لەو کاتەدا تەمەنی 30 ساڵ بوو، ئەستێرەیەکی پاختاکۆر بوو؛ ئەم باڵە 52 گۆڵی لە 252 یاریی خولدا لەماوەی 13 وەرزدا کردبوو.

لە 27ـی ئایاری 1979، ئیساکۆڤ دوای فاوڵێکی ئالێکساندر نۆڤیکۆڤی یاریزانی دینامۆ مۆسکۆ تووشی پێکانێکی سەخت بوو. ئەوە کۆتا یاریی کاروانی وەرزشیی ئیساکۆڤ بوو. بەڵام ئەم رووداوە ژیانی رزگار کرد، چونکە بۆ چارەسەرەکەی پێی گوترابوو پشوو بدات لەبری ئەوەی گەشت بکات.

ئیساکۆڤ دوای نەخۆشییەکی کورت لە 8ـی تشرینی دووەمی 2025 لە تەمەنی 76 ساڵیدا گیانی لەدەستدا. لە ئەیلوولدا، دوو مانگ پێش گیانلەدەستدانی، لە رێگەی وەرگێڕێکەوە قسەی بۆ تۆڕی ئاتلێتیک کرد بۆ یادکردنەوەی ئەو ساتەی کە تەواوی ژیانی داهاتووی دیاری کرد.

ئیساکۆڤ کە بەهۆی پێکانەکەیەوە بە دارشەقەوە بەشداریی لە مەراسیمی ناشتنی هاوتیمەکانیدا کردبوو، گوتی:

خۆم سوێند دابوو کاتێک دووبارە لە بەرامبەر دینامۆ یاریی دەکەینەوە، نۆڤیکۆڤ تێکبشکێنم. پێکانەکە زۆر سەخت بوو. بەڵام دوای کارەساتەکە، کاتێک نۆڤیکۆڤ هاتە تاشکەند، باوکم بانگهێشتی ماڵەکەمانی کرد و سوپاسی کرد بۆ رزگارکردنی ژیانم.

پاختاکۆر لە 16ـی تشرینی دووەمی 1979، سێ مانگ دوای رووداوەکە، لە تاشکەند لە بەرامبەر دینامۆ مۆسکۆ یاریی کرد. خێزانی ئیساکۆڤ بە خواردنی تایبەتی خۆجێیی، برنجی (پڵاوی فێرگانا) پێشوازییان لە نۆڤیکۆڤ کرد و پێکەوە ڤۆدکایان خواردەوە. ئیسکاڤۆف دەڵێت: “لەبیرمە تەنانەت چۆخەی ئوزبەکیمان لەبەری کرد. فاوڵەکەی ئەو بوو کە منی رزگار کرد.”

یاریزانی دەستە چەپ: تولاگان ئیساکۆڤ

ئیساکۆڤ باسی لەو ئازارە کرد کە دایک و باوکی چەشتبوویان، چونکە نۆ خوشک و برای لە تەمەنی گەنجیدا لە ساڵانی 1930 و 1940 گیانیان لەدەستدابوو، کاتێک هەژاری و نەخۆشی لە سەرانسەری ناوچەکەدا بڵاو بوو و گوتی: “ئەوان ناویان نام تولاگان، کە بە واتای ‘بۆدراو’ دێت. ئەوان پێشتر حەقی خۆیان بە تەواوی بە خودا دابوو.”

دوای رووداوەکە، ئیساکۆڤ بڕیاریدا چیدیکە یاریی نەکاتەوە بەڵام وەکوو راهێنەری یانەکە مایەوە، پێش ئەوەی چەندین رۆڵی جیاواز لە فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئوزبەکستان وەربگرێت، کە تێیدا وەکوو سەرۆکی ئەنجومەنی بەئەزموونەکانی تۆپی پێی فیدراسیۆنەکە تاوەکوو کاتی گیانلەدەستدانی خزمەتی کرد.

ئیساکۆڤ بە دەنگێکی لەرزیو و پڕ لە سۆزەوە گوتی:

دەزانیت، ئەمە هێشتا بابەتێکی زۆر پڕ لە ئازارە بۆ من. بۆ ماوەی 14 ساڵ لەگەڵ ئەو کەسانەدا یارییم کرد. تۆپی پێی ئۆراسی لەو سەردەمەدا زۆر جیاواز بوو؛ ئەگەر دوو یاریی لە مۆسکۆ هەبووایە، ئێمە بۆ ماوەی 10 رۆژ لەوێ دەماینەوە. کاتێک دەهاتینەوە تاشکەند، راستەوخۆ ئێمەیان دەبردە بنکەی تیمەکە. لە کۆی 365 رۆژی ساڵێکدا، من 265 رۆژم لەگەڵ ئەو کوڕانەدا بەسەر دەبرد. دوای رووداوەکە، گوتم ‘بەسە’ و وازم لە یارییکردنی تۆپی پێ هێنا. دەمتوانی بە ئاسانی بۆ پێنج یان شەش ساڵی دیکەش یاریی بکەم. ئەوان خێزانی من بوون، ئەوە بەختی باش نەبوو کە ژیانی منی رزگار کرد؛ ئەوە چارەنووس بوو. ژیان بەو شێوەیەیە کە کەس نازانێت کەی دێت و کەی دەڕوات. تەنیا خودا دەزانێت.

ئوزبەکستان یەکەم نەتەوەی ئاسیای ناوەڕاستە، رووبەرێکی بەرفراوان کە لە باشووری رووسیا و باکووری ئێران هەڵکەوتووە و کازاخستان، قیرگیستان، تاجیکستان و تورکمانستانیش لەخۆدەگرێت، کە بگاتە مۆندیال.

نزیکەی 96.3%ـی دانیشتووانی ئوزبەکستان موسڵمانن، کە ئەمەش لەمێژەوە جیای کردوونەتەوە لە ئایدۆلۆژیای عەلمانی و بێدینیی دەسەڵاتی سۆڤیەت. فرانکۆپان لە روونکردنەوەکەیدا دەڵێت:

خۆپیشاندان لە یەکێتیی سۆڤیەتدا ئاسان نەبوو، بەڵام تۆپی پێ پەنجەرەیەکی سیمبولی بەخشی. هاندەرانی پاختاکۆر بانەری ‘رووسەکان بڕۆنەوە بۆ ماڵەوە’ـیان دەهێنایە یاریگاکان و لە دەرەوەی یارییەکاندا خۆپیشاندانیان دەکرد دژی بەرزبوونەوەی رێژەی کۆچی رووسەکان بۆ ئۆزبەکستان.

پاختاکۆر تاکە یانەی ئوزبەکستانی بوو کە لە خولی باڵای سۆڤیەتدا یاریی بکات. تاکە یانەی دیکەی ئاسیای ناوەڕاست لەو ئاستەدا یانەی کایرات ئالماتیی کازاخستان بوو. نزیکەی تەواوی یارییەکانی دەرەوەی یاریگای پاختاکۆر، کە بە زمانی ئینگلیزی بە واتای ‘جووتیارانی لۆکە’ دێت، هەزاران کیلۆمەتر دوور بوون لە تاشکەندەوە. گەشتەکە بۆ مینسک 4,000 کیلۆمەتر بوو بۆ هەر لایەک.
ئەو فڕۆکەیەی ستافی پاختاکۆری هەڵگرتبوو لە تاشکەندەوە فڕی و دوای وەستانێکی کورتی پلانبۆداڕێژراو لە دۆنێتسک، بەردەوام بوو لە گەشتەکەی بەرەو مینسک. دوای گەیشتن بە بەرزایی گەشتکردن، لە بەرزیی 8,400 مەتردا لەگەڵ فڕۆکەیەکی دیکەدا تووشی پێکدادان بوو کە لە ڤۆرۆنیژەوە بەرەو چیسیناو دەڕۆیشت. لەنێوان سەرنشینەکاندا، 36 کەسیان تەمەنیان لە خوار 12 ساڵییەوە بوو.

لێکۆڵینەوە فەرمییەکە هیچ کێشەیەکی لە هیچ کام لە فڕۆکەکاندا نەدۆزییەوە، بەڵام دەرکەوت کە سێ فڕۆکە هەمان بۆشایی ئاسمانیان داگیرکردووە، کە پێدەچوو بە شێوازێکی نەشیاو لەژێر چاودێریدا بووبێت لە ناوچەی خارکیڤ.

لە ئایاری 1980، دوو چاودێریی هاتوچۆی ئاسمانیی خارکیڤ هەر یەکەیان سزای 15 ساڵ زیندانیکردنیان لە کۆلۆنی سزاداندا بەسەردا سەپێندرا. نیکۆلای ژوکۆڤسکی، چاودێریی پلە سێ، لەژێر رێنمایی چاودێریی پلە یەک ڤلادیمیر سەمسکۆیدا کاری دەکرد. ژوکۆڤسکی 15 ساڵ سزاکەی بەڕێکرد، لە کاتێکدا سەمسکۆی دوای شەش ساڵ و نیو ئازادکرا.

ڤلادیمیر سەفارۆڤ، مێژوونووسی وەرزشیی ئۆزبەکستانی، لە ساڵی 2018 بە یورۆئاسیا نێتی راگەیاندبوو کە بە کەس نەگوترابوو چی روویداوە. ئەو بە درێژی باسی لەوە کرد چۆن راپۆرتێکی رادیۆی سۆڤیەت تەنیا ئاماژەی بەوە کردووە کە یارییەکەی نێوان دینامۆ مینسک و پاختاکۆر نەکراوە و کاتەکەی دەگۆڕدرێت.

فرانکۆپان دەڵێت:

تاکە پەیوەندیی فەرمی ئەوە بوو کە یاریی داهاتووی پاختاکۆر بەرامبەر کایرات هەڵوەشاوەتەوە، بەڵام هیچ روونکردنەوەیەک نەبوو. تەنانەت تاوەکوو کاتی گەڕانەوەی تیمەکە لە بەرامبەر یەریڤان ئارارات دوو هەفتە دواتر، هیچ شتێکی فەرمی نەبوو سەبارەت بەوەی بۆچی زۆربەی یاریزانە سەرەکییەکان ئامادە نین.

بەهۆی نەبوونی بەرچاوڕوونیی سەرەتایی، ترسی ئەوە هەبوو کە ژمارەیەکی زۆر لە نوێنەرانی پاختاکۆر لەنێوان مردووەکاندا بن. باو بوو کە تیمی یەکەم و دووەم پێکەوە گەشت بۆ یارییەکانی دەرەوەی یاریگا بکەن، بەڵام تیمی دووەم 24 کاتژمێر پێشتر گەشتەکەیان کردبوو.

ئالێکساندر یانۆڤسکیی گۆڵپارێز 25 یاریی لە ساڵی 1979 کردبوو، بەڵام لە تیمی یەکەمدا بە سێرگی پۆکاتیلۆڤ جێگەی گیرابووەوە. یانۆڤسکی رۆژی پێشتر بەرەو مینسک فڕیبوو، لە کاتێکدا پۆکاتیلۆڤ لە رووداوەکەدا گیانی لەدەستدا.

سیرۆجەدین بۆزۆرۆڤ یاریزانی تیمی یەدەک بوو کە هەرگیز لە تیمی یەکەمدا یاریی نەکردبوو. باوکی کە ئاهەنگی رۆژی لەدایکبوونی دەگێڕا، داوای لە یانەکە کرد کە کوڕەکەی رۆژێک دواتر لەگەڵ تیمی یەکەمدا گەشت بۆ مینسک بکات. بۆزۆرۆڤ لاوترین یاریزان بوو کە گیانی لەدەستدا، نۆ رۆژ پێش رۆژی لەدایکبوونی 18 ساڵییەکەی.

میخاییل ئان، کە بە میشا ناسرابوو، یاریزانێکی نێودەوڵەتیی سۆڤیەت بوو لە رەچەڵەکی کۆری. ئەم یاریزانە تەمەن 26 ساڵانەی هێڵی ناوەڕاست بۆ یارییەکەی مینسک پێکانی هەبوو و بەگوێرەی راپۆرتەکان، تەنیا وەکوو بڕیارێکی دوایین خولەکەکانی کۆتایی دوای ئەوەی لەلایەن هاوتیمەکانییەوە قایلکرا، بڕیاریدا سەرکەوێتە سەر فڕۆکەکە.

میخایل ئان، پاختاکۆر

ئان هێمایەکی پاختاکۆر بوو نەوەکوو تەنیا بەهۆی پێگەی نێودەوڵەتییەکەی، بەڵکوو بەهۆی پاشخانی کۆرییەکەیەوە. ئاسیای ناوەڕاست رەوەندێکی بەرچاوی کۆری لەخۆدەگرت دوای راگوێزانی زۆرەملێ لەلایەن جۆزێف ستالین لە ساڵانی 1930ـەکان. لە ساڵی 2021، سەرژمێریی ئۆزبەکستان 174,200 هاوڵاتی لە رەچەڵەکی کۆری تۆمارکرد، کە دەکاتە نزیکەی 35%ـی کۆی گشتی لە سەرانسەری دەوڵەتەکانی پێشووی سۆڤیەتدا.

جێگری سەرۆکی پاختاکۆر، کەریمۆڤ دەڵێت:

تراژیدیاکە بۆ تۆپی پێی ئوزبەکستان وێرانکەر بوو. ئێمە تەواوی نەوەیەکی یاریزانانی ئاستبەرزی خۆمان لەدەستدا. زۆربەیان پێگەیەنراوی ئەم یانەیە بوون، کە ئۆفەرە گرانبەهاکانی تیمە بەهێزەکانی دیکەیان رەتکردەوە بۆ مانەوە لێرە.

کەسایەتییەکانی دیکەی پاختاکۆر لە رووداوەکە دوور کەوتنەوە. لەپاڵ یانۆڤسکی گۆڵپارێزدا، بێرادۆر عەبدورەحیمۆڤ هەبوو، کە پێش ئەوەی لە ساڵی 1979 ببێتە راهێنەری تیمی یەدەک، راهێنەری تیمی یەکەم بوو، ئەمەش واتە گەشتەکەی لەدەستچوو. وەکوو چۆن راهێنەری یانەکە ئۆلێ بازێلێڤیچ، کە دوای پشوویەکی خێزانی بەجیا گەشتی کردبوو، گەشتەکەی لەدەستچوو. ئاناتۆلی مۆگیلنیی بەرگریکاریش کە 19 یاریی لەو وەرزەدا کردبوو، لەنێو گرووپی گەشتەکەدا نەبوو.

دوای رووداوکە، پاختاکۆر بۆ ماوەی سێ ساڵ لە دابەزین لە خولی باڵای سۆڤیەت پارێزرا و دەسەڵاتداران یانە رکابەرەکانیان قایلکرد یاریزان ببەخشن بۆ هاوکاریکردن لە دروستبوونەوەی یانەکە.

لە ساڵی 1992، پاختاکۆر یەکەمین خولی باڵای ئۆزبەکستانی دوای سەربەخۆیی وڵاتەکە بردەوە. لەنێو پێکهاتەی تیمەکەدا دیمیتری ئان، ئۆلێگ ئەشیرۆڤ و ئالێکساندەر کۆرچێنۆڤ هەبوون، سێ کوڕ کە باوکیان 13 ساڵ پێشتر لە رووداوەکەدا گیانیان لەدەستدابوو.

ساڵانە پاختاکۆر یادی کارەساتەکە دەکاتەوە. ئیساکۆڤ گوتبووی: “پاڵەوانییەتی رێکدەخرێت و پێشکەش دەکرێت بە یادی ئەو تیمە لە نێوخۆ و دەرەوەی وڵات.”

دووەم کەس لەلای راستەوە: ئیساکۆڤ

جێگری سەرۆکی یانەکە، کەریمۆڤ باسی ئەوە دەکات چۆن یاریزانان لە تەواوی ئاستەکانی یانەکەدا بەشداریی لە بۆنە ساڵانەکانی یادکردنەوەکەدا دەکەن و دەڵێت:

ساڵی رابردوو، تیمە بەئەزموونەکانی ئوزبەکستان و رووسیا یارییەکی دۆستانەیان لە تاشکەند کرد. لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاش، کۆمەڵەی مەهەڵا یو ئێس ئەی کێبرکێی ساڵانە رێکدەخات. هاونیشتمانیانی ئێمە کە بۆ چەندین ساڵە لە ئەمریکا دەژین کۆبوونەوەی تایبەت بە یادی ئەوان رێکدەخەن. ئەم پاڵەوانییەتییە یادەوەرییانە بۆ یانەکەمان زۆر تایبەتن.

له‌ سه‌ره‌تای ئه‌مساڵدا، ئوزبەکستان بۆ یەکەمجار لەدوای سەربەخۆیی خۆیەوە گەیشتە مۆندیال. ئەوان تەنیا سێیەم نەتەوەن لە کۆی 15 دەوڵەتەکەی پێشووی سۆڤیەت، دوای رووسیا و ئۆکراینا، کە دەگەنە پاڵەوانییەتییەکە. ئیساکۆڤ بەراوردی لەنێوان پاشخانی یاریزانە نێودەوڵەتییەکانی ئێستای ئوزبەکستان و تیمی پاختاکۆری ساڵی 1979 کرد و گوتی:

ئەو پێکهاتەیەی 1979 بەهێزترین تیمی ئێمە بوو. زۆرێک لە یاریزانەکان لە گوندەکانەوە هاتبوون، ئەوان نوێنەرایەتی هاندەرانیان دەکرد. ئێمە وەکوو تیمی گەل دەبینراین. ساڵی 2020 دۆکیۆمێنتارییەک بە ناوی میشا سەبارەت بە میخایل ئان بڵاوکرایەوە، کە نیشانی دەدا لە چ جۆرە بارودۆخێکدا گەورە بووە و چ خێزانێکی هەبووە. ئەو کێڵگانەی چاندنی لۆکە کە هەمانبوون، چۆن کۆمەڵگە و یاریزانی بەهێزیان بنیاد دەنا. تیمی پاختاکۆری ئێمە بۆ هەمیشە لە دڵی ئوزبەکستاندا دەمێنێتەوە، بەڵام تیمی نوێی ئوزبەکستانیشمان بە هەمان شێوەیە.

ئیساکۆڤ هێندە نەژیا یارییکردنی ئوزبەکستان لە مۆندیالدا ببینێت. چوار یاریزانی پاختاکۆر لە پێکهاتەکەی فابیۆ کاناڤارۆدا بەشدارییان لە یارییەکانیاندا بەرامبەر کۆڵۆمبیا و پۆرتوگالدا کرد، لە کاتێکدا هاوتیمەکەیان زەید تەحسینیش بە شێوازی سەرەکی بۆ عێراق یاریی کردووە.

ئوزبەکستان ئێستا لەسەر شانۆیەکی جیهانیی دەردەکەوێت، بەڵام نەتەوەکە هەرگیز ئەو نەوەیە لەبیر ناکات کە دەرفەتی بەدیهێنانی خەونەکانیان لێ زەوتکرا.

Back to top button