یاریزانانی ریال مەدرید بەهۆی ‘ئاسانکارییەکانی لالیگا’ بۆ بارسێلۆنا نیگەرانن
یاریگا –
یاریزاننای ریال مەدرید پێیانوایە کۆمەڵەی لالیگا ئاسانکاریی بۆ بارسێلۆنا دەکات و جیاوازیی لە نێوان ئەوان و یانە کەتەلۆنییەکە دەکات.
ماڵپەڕی دێڤینسا سێنتڕالی ئیسپانی ئاشکرایکردووە، یاریزانانی ریال مەدرید نیگەرانن لەوەی کۆمەڵەی لالیگا یاریی ئەم هەفتەیەی بارسێلۆنای پێشخست و لەجیاتی ئەوەی رۆژی شەممە یاریی بکات، رۆژی هەینی بەرامبەر ریال مایۆرکا یارییان کرد، بۆ ئەوەی ماوەیەکی زیاتریان لەپێش بێت بۆ خۆئامادەکردن بۆ یارییەکەی ناپۆلی لە چامپیۆنزلیگ.
ماڵپەرە ئیسپانییەکە ئاشکرایکردووە، کارلۆ ئەنچیلۆتی و یاریزانانی ریال مەدرید پێیان سەیرە، هەفتەی رابردوو لالیگا رازی نەبوو یارییەکەی ریال مەدرید بەرامبەر ڤالێنسیا پێشبخرێت، بۆ ئەوەی بۆ یاریی بەرامبەر لایپزیگ کاتی زیاتریان بۆ پشوودان هەبێت، کەچی دااکارییەکەی بارسێلۆنای بۆ پێشخستنی یارییەکەیان قبووڵ کرد.
یاریزانانی ریال مەدرید پێیانوایە کۆمەڵەی لالیگا بە یەک چاو سەیری یاریی بارسێلۆنا و ریال مەدرید ناکات و ئاسانکاریی زیاتر بۆ بلاوگرانا دەکات.
بارسێلۆنا دوێنێ هەینی لە لالیگا بە گۆڵێکی بێبەرامبەر لە مایۆرکای بردەوە و جیاوازیی خاڵەکانی لەگەڵ ریال مەدریدی پێشەنگ بە کاتی بۆ پێنج خاڵ کەمکردەوە و رۆژی سێشەممە لە چامپیۆنزلیگ میوانداریی ناپۆلی ئیتاڵی دەکات.