ئەمشەو دەرگای گواستنەوەی زستانەی یاریزانان لە خولی ئەستێرەکانی عێراق دادەخرێت

یاریگا –
ئەمشەو دەرگای گواستنەوەی زستانەی یاریزانان لە خولی ئەستێرەکانی عێراق دادەخرێت و دوایین وادەیە بۆ واژۆکردنی گرێبەستی نوێی یاریزان و یانەکان.
ئەمشەو کاتژمێر 12:00 دەرگای گواستنەوەی زستانەی یاریزانان لە خولی ئەستیرەکانی عێراق دادەخرێت کە لەوەتەی رۆژی 5ـی مانگی رابردووەوە دەرگای بازاڕی گواستنەوەی یاریزانان کراوەتەوە، یانەی نەورۆز لەسەر ئاستی یانەکانی کوردستان زۆرترین گرێبەستی واژۆ کردووە و باشترین بازاڕی کردووە، هەولێریش دەستبەرداری زۆرترین یاریزانی بووە.
دهۆک
یانەی دهۆک لە بازاڕی گواستنەوەی زستانەی یاریزانان سێ یاریزانی لە ریزەکانی یانەی دالکوردەوە گواستەوە ریزەکانی، عیماد لواتی هێرشبەر و هارون ئەحمەد و ئەیسەر قاسم ناوەڕاستکار تا کۆتایی ئەم وەرزە درێسی هەڵۆیەکانی چیا دەپۆشن.
دهۆک لە بازاڕی گواستنەوەی زستانەی یاریزانان، تەنیا دەستبەرداری پاتریک رودۆلف بوو، بەڵام سەرەڕای ئەوەی یانەکانی قوە جەوییە و شوڕتە ئۆفەریان پێشکەشی رێوان ئەمین کرد، بەڵام یانەکە دەستبەرداری ئەو ناوەڕاستکارەی نەبوو، پارێزگاری لەو یاریزانە کرد.
هاتووەکان: عیماد لواتی (دالکورد)، هارون ئەحمەد (دالکورد)، ئەیسەر قاسم (دالکورد).
رۆیشتووەکان: پاتریک رودۆلف.
هەولێر
هەولێر لە بازاڕی گواستنەوەی زستانەی یاریزانان تاوەکو ئێستا بەفەرمی دەستبەرداری هەریەکە لە ئاسۆ رۆستەم، عەلا مەهاوی، زیدان عەبدولجەبار، فرانک ئارهین، برونو بیسپۆ، رێباز عەبدوڵا بووە، بەڵام هەریەکە لە محەمەد موحسین و حوسێن جولی تا ئێستا مافی دەستبەرداربوونیان پێنەدراوە، گەرچی یانەی کەربەلا گواستنەوەی حوسێن جولی راگەیاند، بەڵام یانەکەی قەڵاومنارە ئامادە نییە دەستبەرداری ئەو گۆڵپارێزەی بێت، محەمەد موحسینیش تا ئێستا ریزەکانی یانەکەی بەجێهێشتووە بەبێ ئەوەی مافی دەستبەرداربوونی وەرگرتبێت.
شێرکۆ کەریم کە نزیکبوو رووبکاتە زاخۆ، لە ریزی یانەی هەولێر مایەوە و سەرهەنگ موحسینیش کە چەند جارێک هەولێر هەوڵیدا بیگەڕێنێتەوە ریزەکانی، بەڵام یانەی نەجەف دەستبەرداربوونی پێنەدا و هەر لە نەجەف مایەوە.
عەلی شاخەوان تاوەکو ئێستا بایکۆتی مەشق و راهێنانەکانی کردووە و ئامادە نییە بەبێ وەرگرتنی پێشەکی گرێبەستەکەی بگەڕێتەوە راهێنانەکان، بەڵام بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی وەرزشی یاریگا لە یانەکەی قەڵاومنارە دەمێنێتەوە و عەلی شاخەوان ناچێتە هیچ یانەیەکی دیکە.
رۆیشتووەکان: ئاسۆ رۆستەم، عەلا مەهاوی، زیدان عەبدولجەبار، فرانک ئارهین، برونو بیسپۆ، رێباز عەبدوڵا.
هاتووەکان: هێلیۆ مۆنتێرۆ (تەڵەبە)، عەلی موحسین (حدوود)، عەلا خەلیل (ئەمانەی بەغدا)، یاسر سەلام (نەجەف).
زاخۆ
یانەی زاخۆ لە بازاڕی گواستنەوەی زستانەی یاریزانان سێ یاریزانی پیشەگەری گواستەوە ریزەکانی، هەریەکە لە فڕانک سێدریک و ناسڕ محەمەدو و داروین لۆپێزی بردووەتە ریزەکانی، کوڕانی خابوور دەستبەرداری هەریەکە لە موهیەمن سەلیم و گۆستاڤۆ هێنریک و کلیۆ سانتۆس بوون، گەرچی گفتوگۆیان لەپێناوی گواستنەوەی شێرکۆ کەریم کردووە، بەڵام نەیانتوانی گرێبەستەکە یەکلا بکەنەوە.
رۆیشتووەکان: موهەیمەن سەلیم، کلێو سانتوس، گۆستاڤۆ هێنریک.
هاتووەکان: فڕانک سێدریک (کامیرۆنی)، ناسڕ محەمەدو (یەمەنی) و داروین لۆپێز (کۆڵۆمبی).
نەورۆز
یانەی نەورۆز بەراورد بە یانەکانی دیکەی کوردستان بازاڕێکی بەهێزتر و جیاوازی کردووە، یانەی نەورۆز بەبێ ئەوەی دەستبەرداری هیچ یاریزانێکی بێت، پێنج یاریزانی پیشەگەری گواستووەتەوە ریزەکانی، دیارترینیان کلاودیۆ ئۆلیڤێرا ماڕادۆنا هێرشبەری بەڕازیلییە، یانەکەی سلێمانی هێرشبەرەکەی پێشووی لە دبا ئەلحەسنی ئیماراتی گەڕاندەوە ریزەکانی.
نوێنەرەکەی سلێمانی محەمەد قاسم ناوەڕاستکاری بە رەسەن کوردی لە کارلستادی سوێدییەوە بردە ریزەکانی، ستیڤن بافۆر هێرشبەری غانی لە یانەی کەرخەوە گواستەوە، ئیفیانی ئیفیانی ناوەڕاستکاری نەیجیری و ویلنگتۆن داسیلڤا تایرا بەرگریکاری بەڕازیلی لە خولی ئۆزباکستانییەوە گواستووەتە ریزەکانی.
هاتووەکان: ئیفیانی ئیفیانی (قیزلقومی ئۆزبهكستانی)، کلاودیۆ ئۆلیڤێرا ماڕادۆنا (دبا ئەلحەسنی ئیماراتی)، ستیڤن بافۆر (کەرخ)، محەمەد قاسم (کارلستادی سوێدی)، ویلنگتۆن داسیلڤا تایرا (بۆنیۆدکۆری ئۆزباکستانی).