ئاراوخۆ: هۆکارەکە ئێمەین نەک چاڤی
یاریگا –
رۆناڵد ئاراوخۆ، کاپتنی یانەی بارسێلۆنا، پێی وایە کە سەرجەم یاریزانانی یانەکە هۆکاری ئەو ئەنجامانەی دوایین و هەمووان پاڵپشتی چاڤی دەکەن.
شەوی رابردوو یانەی بارسێلۆنا لە چوارچێوەی هەفتەی 22ی لالیگا لە یاریگای خۆیدا رووبەڕووی یانەی ڤیاریال بووەوە و لە یارییەکی پڕ رووداودا بە ئەنجامی 5-3 شکستی خوارد.
ئەم شکستە وایکرد چاڤی، راهێنەری یانەکە بە فەرمی و بە ئاشکرا بڕیاری وازهێنانی بە هاوکارییەکانی لەگەڵ بارسێلۆنا رابگەیەنێت. لەدوای ئەم یارییە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا دووپاتیکردەوە کە دوای کۆتایی وەرز و لە هاویندا بارسا بەجێدەهێڵێت و چیتر سەرکردایەتی بلاوگرانا ناکات.
دوای یارییەکە، ئاراوخۆ لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ رۆژنامەنوسان گوتی:
بێگومان ئێمە هەموو کات پاڵپشتی چاڤین. لەو کاتەوەی هاتۆتە ئەم تیپە زۆر هاوکاری ئێمەی کردووە، وەرزی رابردوو بە سەرکردایەتی ئەو توانیمان نازناوی لالیگا بەدەست بهێنین.
کاتێک چاڤی هاتە بارسا، دەستی بەسەر یانەیەکدا گرت کە کێشەی زۆری هەبوو. یانەیەک کە لە رێچکەی خۆی دوور کوەتبووەوە و بە فەلسەفەی پێشووتر یاری نەکرد. چاڤی هات و جارێکی تر ورەی بۆ تیپەکە گەڕاندەوە.
بەرگریکارەکە لە درێژەی قسەکانیدا گوتی:
دەبێت بەخۆ بێینەوە چونکە هێشتا وەرزێکی درێژمان لە پێشە. هەموو شتێک کە روودەدات سوچی یاریزانەکانە، چونکە ئێمەین لە یاریگادا یاری دەکاین. چاڤی چی بکات کاتێک هەلێکی باش لەدەست دەچێت؟ هیچ! “ئەگەر زۆر کاربکەین، چانسی لالیگا و چامپیۆنزلیگیشمان هەیە”.
بارسێلۆنا لە ماوەی 7 یاری رابردوودا کە ئەنجامی داوە سێ یاری بردووەتەوە چوار یاریشی دۆراندووە 19 گۆڵیشی لێکراوە.