یاریگا –
لیۆنێل مێسی، ئەفسانەی تۆپی پێی هەڵبژاردەی ئەرجەنتین و یانەی ئینتەر مەیامی ئەمریكی باس لە یەكەم وەرزی خۆی لەگەڵ یانە نوێیەكەیدا دەكات.
لە گواستنەوەكانی هاوینەدا لە دوای كۆتاییهاتنی گرێبەستەكەی لەگەڵ پاریس سان جێرمان و بە گرێبەستێكی ئازاد لیۆ مێسی پەیوەندی بە ریزەكانی ئینتەر مەیامی ئەمریكیەوە كرد.
مێسی سەركردایەتی یانەكەی كرد بۆ یەكەمجار لە مێژووی یانەكەدا نازناوێك بەدەستبهێنن ئەویش نازناوی جامی خولەكان بوو.
لیۆ لە هەژماری تایبەتی خۆی لە ئینستاگرام نووسیویەتی:
شانازی بەهەمووی ئەو شتانەوە دەكەم كە تیپەكەمان لەم وەرزەدا بەدەستیهێناوە، بەهۆی كار و هەوڵی هەمووانەوە توانیمان جامی خولەكان بەدەست بهێنین، یەكەم نازناومان لە مێژووی ئینتەر مەیامی بەدەستهێنا.
ئێمە گەیشتینە یاری كۆتایی جامی خولی ئەمریكا و تا كۆتا خولەك شەڕمانكرد بۆ ئەوەی بگەینە قۆناخی پاڵاوتنەكانی خولی ئەمریكا.
هەموو شتێك بە باشی دەهێڵینەوە، لە سەرووی هەموویانەوە بە ئارەزووی باشتر بوون بۆ ئەوەی ساڵی داهاتوو زیاتر ركابەری بكەین، دەمەوێت سوپاسی هەموو كەسێك لە یانەكەو لە شاری مەیامی بكەم بۆ ئەو پشتگیریەی هەمیشە پێمان دەدەن.
دڵنیام کە بەردەوام دەبین لە ئەزموونکردنی ساتە سەرسوڕهێنەرەكان پێکەوە وەک چۆن لە چەند مانگی رابردوودا کردوومانە. باوەشێك بۆ هەمووان.
پاڵەوانی جیهان لەگەڵ مەیامی 14 یاری كردووە و توانیویەتی 11 گۆڵ بكات و 5 گۆڵیش درووست بكات.