بە هۆی مێسیەوە، شیکاگۆ قەرەبووی هاندەرانی دەکاتەوە
یاریگا –
یانەی شیکاگۆ فایەری ئەمریکی، پێشنیاری کردووە لە ئەگەری ئامادەنەبوونی لیۆنێل مێسی لە یارییەکەیان بەرامبەر ئینتەر مەیامی بڕێک لە پارەیەی بلیتەکان بۆ هاندەران دەگەڕێننەوە.
سبەی بەرەبەیان بەکاتی هەولێر، یانەی ئینتەرمەیامی لە یاریگای شیکاگۆ فایەر رووبەڕووی ئەم تیپە دەبێتەوە. تا ئێستا پێکانەکەی مێسی چارەسەر نەبووە و پێناچێت بارودۆخی گەڕانەوەی بۆ ناو یاریگادا هەبێت و لەم یارییەدا بەشداری بکات، ئەمەش هەواڵێکی خۆش نابێت بۆ ئینتەرمەیامی و تاتا مارتینۆ.
لە کاتێکدا دەبێت تیپی بەرامبەر بە ئەم هەواڵە و ئامادەنەبوونی ئەو ئەستێرە ئەرجەنتینییە لەم یارییەدا دڵخۆش بن، بەڵام وا نییە و ناڕەزایەتی و ناڕەحەتی هاندەرانی شیکاگۆی لێکەوتەوە کە بلیتیان کڕیوە بۆ ئەوەی لە نزیکەوە سەیری یارییەکەی ئەم یاریزانە بکەن.
ناوبانگى مێسی و ئاستى درەوشاوەى لەدواى پەیوەندیکردنى بە ئینتەر مەیامی، هاندەری خولى تۆپی پێى ئەمریکای بەڕادەیەک زیاد کردووە کە بلیتی سەرجەم یارییەکانى ئینتەر مەیامى پێشوەختە دەفرۆشرێن.
ئێستا ئامادەنەبوونی ئەم یاریزانە، یانەی شیکاگۆی توشی کێشە کردووەتەوە. بەڕێوەبەرانی یانەی شیکاگۆ فایەریش بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک رایانگەیاند، ئەگەر مێسی لەم یارییەدا ئامادە نەبێت، ئامادەن بڕی 250 دۆلار بخەنە سەر حسابی سەرجەم ئەو کەسانەی بلیتیان کڕیوە.
ئەم بابەتە بەدڵی ئەم یانەیە نییە، وادیارە ئامادەنەبوونی مێسی زیانێکی زۆری نەک تەنها بە ئینتەرمەیامی، بەڵکو بۆ تیپە رکابەرەکانیشی گەیاندووە.