سەرکەوتنی بارسێلۆنا و یوڤێنتوس؛ ونبوونی چێڵسی سەرەکیترین ناونیشانی ئەم هەفتەیەی ئەوروپان
یاریگا –
خولە گەورەکانی ئەوروپا دەستیانپێکردەوە، ئێستا پرێمەرلیگ، لالیگا، سێریا ئەی، بۆندسلیگا و لیگ وەن دەستیان پێکردووە. لە یارییەکانی رۆژی یەکشەممەدا، شکستەکانی چێڵسی بەردەوامن، سەرەڕای خەرجییە بێ وێنەکەی و پێکهاتە پڕا و پڕەکەی. بارسێلۆنا گەڕایەوە سەر رێچکە دروستەکە و یوڤێنتوسیش مەترسیدار دیارە.
یارییەکانی رۆژی شەممە، یەکەم سەرکەوتنی تۆتنهاممان لە ژێر سەرپەرشتی ئەینج پۆستێکۆگڵو لە بەرامبەر مانچێستەر یونایتد بینی، هەروەها درەوشانەوەی جود بێڵینگهام و ریال مەدرید، مانشێتی سەرەکی شەممە بوون.
بارسێلۆنا و بردنەوەی یەکەم یاری لە ماڵە کاتییەکەی
بارسێلۆنا لە کۆتاییدا توانی یەکەم بردنەوەی ئەم وەرزە لە لالیگا تۆمار بکات، دوای بردنەوەی لە کادیز بە ئەنجامی 2-0، سەرکەوتنەکە تامێکی تایبەتی هەبوو، چونکە یەکەم بردنەوەیە لە ماڵە کاتییەکەیان، ئەمەش بە هۆی نۆژەنکردنەوەی کامپ نو.
دوای یەکسانبوونیان لە یاری یەکەم بەرامبەر خێتافی، پێدری لە خولەکی 83دا بە پاسێکی سەرسووڕهێنەری ئیلکای گوندۆگان، یەکەم گۆڵی ئەم وەرزەی بارسای کرد، بە گشتی بارسێلۆنا 173 خولەک چاوەڕێ بوو، تاوەکو یەکەم گۆڵی وەرزی نوێی لالیگا بکات، دوای 12 خولەک لە هاتنە ژوورەوەی فێران تۆرێس، گۆڵی دووەمی لە کاتی زیادکراوی یارییەکەدا کرد.
— FC Barcelona (@FCBarcelona_es) August 20, 2023
بەر لەم دوو گۆڵە، بارسا لە بەردەم 40 هەزار هاندەردا، چەندین هەوڵی گۆڵ کردنی دا، بەڵام جێرێمایس لێدیسما، گۆڵپارێزی کادیز، بەرپەرچی تەواوی هەوڵەکانی بارسای دایەوە. هەریەکە لە جوڵس کۆندێ و لامین لامال، هەوڵی زۆری گۆڵیاندا، بەڵام بێ سوود بوون و بارسا لە کۆتاییدا براوە بوو.
شوێنپەنجەی گوندۆگان بەڕوونی بەسەر تەواوی ئاستی بارساوە دیارە، هەرچەندە ماوەیەکی کورتە لەگەڵ بارسا یاری دەکات، بەڵام جووڵە و پاسەکانی، رێگەیان بۆ بارسێلۆنا ئاسانتر کرد.
پارە ناتوانێت بردنەوە بۆ چێڵسی بکڕێت، هەرچی نەبێت بۆ ئەم ماوەیە
چێڵسی هەفتەیەکی دیکەی بەبێ بردنەوە بەڕێکرد و بە شێوەیەکی سەیر بە ئەنجامی 1-3 بە وێستهام دۆڕا، کە یاریزانێکیشیان بە کارتی سوور دەرکرابوو.
چێڵسی یارییەکەی چەند رۆژێک دوای خەرج کردنی 173 ملیۆن پاوەند بۆ گواستنەوەی مۆسێس کایسێدۆ و رۆمیۆ لاڤیا دەستپێکرد. بەڵام ئەمە دووەم یارییە، چێڵسی ناتوانێت سەربکەوێت.
چێڵسی یارییەکی جوانی لە یاریگای لەندەنی تایبەت بە وێستهام کرد، توانیان کۆنتڕۆڵی تۆپ بکەن و چەندین دەرفەتی گۆڵیان لە گێمی یەکەم رەخساند، بەڵام لە نزیک گۆڵی هامەرز، توانایان نەبوو گۆڵ بکەن و هەمان کێشەی وەرزەکانی پێشوو دووبارەبوونەوە، رەنگە کاتی زیاتر بۆ یەکخستنەوەی بلووز پێویست بێت.
یارییەکە بە لەدەستدانی لێدانی سزا لەلایەن ئێنزۆ فێرناندێزەوە گۆڕا، چونکە ئەوکاتە ئەنجامی یارییەکە 1-1 بوو و دەکرا بلووز سەربکەوێت. پێشتر کارنێک چوکوێمێکا گۆڵی بۆ چێڵسی کرد و نایف ئاگوێردیش تاکە گۆڵەکەی وێستهامی کرد بوو.
لە خولەکی 53دا، میشێل ئانتۆنیۆ، گۆڵێکی جوانی بۆ وێستهام کرد، دواتر ئاگوێرد بە کارتی سوور کرایە دەرەوە و یانە لەندەنییەکە، 23 خولەک بە 10 یاریزان یارییان کرد.
The Hammers strike early in both halves on the way to an impressive victory 😵#WHUCHE pic.twitter.com/caW5sqvKAE
— Premier League (@premierleague) August 20, 2023
سەرەڕای ئەمەش، وێستهام مەترسیدارتر دەرکەوت و چێندین دەرفەتی گۆڵی رەخساند، مۆسێس کایسێدۆ، لە یەکەم بەشداریدا فاوڵێکی کرد و لێدانێکی سزا بۆ وێستهام هەژمار کرا، لوکاس پاکوێتا، پێناڵتییەکەی جێبەجێ کرد و سێیەم گۆڵی یانەکەی کرد.
چێڵسی کێشەیەکی سەرەکی هەیە، ئەویش تۆمار نەکردنی گۆڵە، بە درێژایی وەرزی رابردووی پرێمەرلیگ، چێڵسی تەنیا 38 گۆڵی کرد، لە وەرزی پێشتریش 58 گۆڵی کرد، کەچی مانچێستەر سیتی پاڵەوان، 83 گۆڵی کرد و ئەمەش جیاوازییەکی زۆرە.
ئاتلێتیکۆ مەدرید وەرزێکی دیکەی ناجێگیر بەڕێدەکات؟
ئەرکی ئەم وەرزەی ئاتلێتیکۆ مەدرید زۆر سادەیە، خۆرزگار کردنە لە لەدەستدانی خاڵ لە یاری ناپێویست، بە تایبەت لە نیوەی یەکەمی وەرز، چونکە بۆ رکابەری کردنی بارسێلۆنا و ریال مەدرید، پێویستە هەموو هەوڵێک بۆ کۆکردنەوەی خاڵ لە یارییە بچووکەکان.
لە نیوەی دووەمی وەرزی رابردوودا، واتە لە یەنایەر تاوەکو ئایار، ئاتلێتیکۆ مەدرید باشترین یانەی لالیگا بوو، زۆرترین خاڵی کۆکردەوە، بەڵام بە هۆی لەدەستدانی ژمارەیەکی زۆری خاڵ لە نیوەی یەکەمی وەرز، نەیتوانی رکابەری لەسەر نازناوەکە بکات.
لە یەکەم یاری وەرزی نوێدا، ئاتلێتیکۆ بە ئەنجامی 3-1 لە گرانادای بردەوە، بەڵام لە دووەم یاریدا، بە ئەنجامی 0-0 بە ریال بێتیس یەکسانبوو.
⏱ 75′ | Betis 0⃣-0⃣ Atleti
¡Qué cerca estuvo de llegar el primero!
• #AúpaAtleti • #RealBetisAtleti • #LaLigaHighlights • pic.twitter.com/iW8rqk4AsQ
— Atlético de Madrid (@Atleti) August 20, 2023
دیێگۆ سیمیۆنی، راهێنەری ئاتلێتیکۆ مەدرید هەموو هەوڵێکی بۆ بردنەوەی یارییەکەدا، بەشداری بە ئالڤارۆ مۆڕاتا کرد، کە زۆر نزیکبوو گۆڵ بکات، هەروەها بەشداری بە دوو بەهرەمەندی نوێی وەک ساموێڵ لینۆ و رۆدریگۆ ریکێلمی کرد، هەردووکیان بێ سوود بوون.
ئەوەی جێگەی سەرنجی بوو لە یارییەکەدا، ئاست بەرزی ئیسکۆ، ئەستێرەی ئێستای بێتیس بوو، چونکە لە یارییەکەدا، رێژەی پاسە تەواوەکانی گەیشتە 98.4%، هەروەها دوو هەلی گۆڵ کردنی بۆ هاوڕێیانی رەخساند.
یوڤێنتوس خۆی لە ڤلاهۆڤیچ و کیێزا دۆزیوەتەوە
دەستپێکردنی وەرزی نوێی سێریا ئەی، قسەی زۆر هەڵدەگرێت و جارێکی دیکە، ناپۆلی خۆی وەک پاڵەوان پیشاندایەوە. لەلایەکی دیکەوە ئینتەر میلان و ئەی سی میلان دەیانەوێت سکودێتۆ بگەڕێننەوە سان سیرۆ، بەڵام ئایا هێزە کلاسیکییەکانی بەبێ ناوهێنانی یوڤێنتوس دروستە؟ نەخێر، چونکە یوڤێ بەشێکی گەورەی مێژووی ئیتاڵیا و تۆپی پێی وڵاتەکەیە.
بیانکۆنێری وەرزێکی نائاسایی بەڕێدەکات، چونکە لە پاڵەوانیەتییەکانی ئەوروپا دوورخراوەتەوە، سەرنجی تەواوی لەسەر سێریا ئەیە، کەیسی چوونە دەرەوە سەیرەکەی خوان کوادرادۆ بۆ ئینتەر میلان، بابەتێکی دیکەی ئەم وەرزەیە، ئەوەی جێگەی نیگەرانی هاندەرانی یوڤێنتوسە، قسەی بەردەوامی میدیاکانە لەسەر دوورخستنەوەی ماسیمیلیانۆ ئالێگری، لە پۆستی راهێنەرایەتی یوڤێ.
یوڤێ لە یەکەم یاری بەرامبەر یودینێزی، 3-0 یارییەکەی بردەوە. فێدێریکۆ کیێزا، لە خولەکی سێیەمی یارییەکە گۆڵی کرد، لە خولەکی 20مدا، دوسان ڤلاهۆڤیچ، بە پێناڵتی گۆڵی دووەمی کرد و بەر لە تەواوبوونی گێمی یەکەم، ئادریێن رابیۆت، گۆڵی سێیەمی یوڤێی کرد.
يوفنتوس يبدأ موسه في الكالتشيو بالفوز على أودينيزي 3-0.. شاهد أهداف المباراة#أودينيزي_يوفنتوس #الدوري_الإيطالي pic.twitter.com/VLcD811SG4
— قناة أبوظبي الرياضية (@ADSportsTV) August 20, 2023
ئەوەی جێگەی مشتومڕە، ئەو یاریزانانەی گۆڵیان لە یارییەکەدا کردووە، ناویان بە چوونە دەرەوە لە یوڤێنتوس بەستراوەتەوە، رەنگە ڤلاهۆڤیچ لە گرێبەستێکدا بە رۆمێلو لوکاکو، هێرشبەری چێڵسی بگۆڕنەوە.
هەرچەندە ئەرکی یوڤێنتوس بەراورد بە ساڵانی رابردوو، رەنگە قورس نەبێت، چونکە ئەگەر واقعیانە سەیری بابەتەکە بکەین، بەدەستهێنانی یەکێک لە چوار پلەی ریزبەندی گشتی، بەس بێت، بۆ ئەوەی وەرزی داهاتوو، پیرەژنەکەی ئیتاڵیا، بە هێز و گڕوتینێکی دیکە بگەڕێتەوە.