رامۆس چاوەڕێێ ئۆفەری مەیامییە
یاریگا –
سێرجیۆ رامۆس هێشتا چاوەڕێی ئۆفەری ئینتەر مەیامی دەکات و تا ئێستاش لەگەڵ یانەکانی دیکەدا بە تایبەتی یانە سعودییەکان لەسەر مێزی دانوستاندن دانەنیشتووە.
سێرجیۆ رامۆس لە کۆتایی گرێبەستەکەی لەگەڵ پاریس سانجێرمان بڕیاری جێهێشتنی ئەم یانەی دا و تاوەکوو ئێستا یانەی داهاتووی خۆی هەڵنەبژاردووە. یەکەم ئامانجی رامۆس پەیوەندیکردنە بە لیۆنێل مێسی لە ئینتەرمیامی.
مۆندۆ دیپۆرتیڤۆ لە بڵاوکراوەی ئەمڕۆیدا جەختی لەوە کردەوە کە رامۆس دەیەوێت لەگەڵ ئەستێرە ئەرجەنتینییەکە بەردەوام بێت لە یاریکردن، کە لە ساڵی 2021 وەک یاریزانی پاریس سانجێرمان بەیەکوە بۆ یەکەمجار یارییان کرد.
ئامادەبوونی سێرجیۆ بوسکێتس و جۆردی ئەلبا لە ئینتەر مەیامی زیاتر هانی سێرجیۆ رامۆسی داوە پەیوەندی بەم تیپەوە بکات. هەروەها دەگوترێت کە خێزانەکەی پێیان باشە رامۆس ساڵانی کۆتایی تۆپی پێ لە میامی بەسەر ببات، شوێنێک کە خێزانەکەی مێسی رۆژانی ئارامی تێدا بەسەر دەبەن.
هەر لەبەر ئەم هۆکارەش رامۆس تا ئێستا دانوستاندنەکانی لەگەڵ یانەکانی سعودی دەست پێنەکردووە. ملیارەها دۆلاری سعودی توانای ئەوەی هەیە بڕە پارەیەکی بەرچاو بداتە رامۆس، بەڵام سعودیە ئەم شوێنە نییە کە رامۆس و خێزانەکەی بیانەوێت لێی بژیین هەر لەبەر ئەم هۆکارە MLS بژاردەی پەسەندکراوی ئەو یاریزانەیە.
هاوڕێکانی پێشووی رامۆس وەک کەریم بێنزێما و کریستیانۆ رۆناڵدۆ لە ئێستادا لە سعودیە یاری دەکەن، بەڵام یاریزانەکە پێی باشترە بچێتە وڵاتانی دیکەی وەک تورکیا لەبری ئەوەی لە خولی سعودیە یاری بکات تەنانەت ئەگەر ئۆفەرێکی ئینتەرمەیامیشی پێ نەگات.