ئیسپانیاگرنگترین

فێرمین لۆپێز… بەرهەمە نوێیەکەی لاماسیا بۆ جیهان

Yariga App

یاریگا –

فێرمین لۆپێز مارین، ناوەڕاستکارە لاوەکەی بارسیلۆنا کە بە رەگەز ئیسپانییە، رۆڵی پێشەنگی گێڕا لە بردنەوەی بارسێلۆنا بە سێ گۆڵی بێ بەرامبەر لە ریاڵ مەدرید لە یاریی دۆستانەی کلاسیکۆ لە داڵاس.

ئەو یاریزانە تەمەن 20 ساڵە، بەرهەمی ئەکادیمیای لاماسیایە، هەر لە یەکەم مەشقەکانیشەوە، چاڤی و دەستەی راهێنەرانی سەرسام کرد، ئەمەش وایکرد ببێتە بەشێک لە کۆمەڵەی هێڵی ناوەڕاستی بارسێلۆنا.

ساڵی رابردوو فێرمین لۆپێز بە خواستن لە یانەی لینارێس دیپۆرتیڤۆ بوو، لە خولی پلە سێی ئیسپانیا، لەو شوێنەی کە لێی درەوشایەوە 12 گۆڵی تۆمارکرد و 4 ئەسیستیشی هەبوو. ژمارە 10ی لینارێسی دەپۆشی. بەهرەکەی لە چاوی بارسا نەشاردرایەوە و وایکرد لەم وەرزەدا جارێکی تر بگەڕێتەوە ئەم یانەیە.

فێرمین لە تەمەنی 15 ساڵیدا لە ساڵی 2018 لە یانەی ریال بیتیسەوە پەیوەندی بە ئەکادیمیای لاوانی بارسێلۆناوە کرد و لە چاوپێکەوتنێکدا ئاماژەی بەوە کرد کە بارسیلۆنا ماڵی دووەمی خۆیەتی.

فێرمین لۆپێز لە ساڵی 2018 لەگەڵ لیونێل مێسی دوای پەیوەندی کردنی بە ئەکادێمیای بارسیلۆنا

یاریزانە ناوەڕاستەکە پێش دەستپێکردنی گەشتی پێش وەرز لە ئەمریکا ئاستێکی بەرزی لە مەشقەکاندا پێشکەش کرد، ئەمەش وایکرد چاڤی بڕیاری بانگهێشتی بۆ گەشتەکە بدات، بڕیارێک کە سوودی هەبوو.

لە یارییەکەی دوێنێ شەو فێرمین لە گێمی دووەمدا چووە ناو یاریگا و گۆڵێکی تۆمارکرد و لە خولەکەکانی کۆتاییشدا هاوکاری فران تۆرێسی کرد بۆ کردنی گۆڵی سێیەم.

بێگومان بارسێلۆنا یانەیەک نییە یاریزانێک هەلی زۆری پێبدرێت و فێرمین زۆر باش دەزانێت کە پێویستە هەموو ساتێکی ئامادەبوونی لە یاریگادا بە هەند وەربگرێت، بۆیە دەیەوێت چاڤی رازی بکات کە بە درێژایی وەرز لە پێکهاتەی یەکەمدا بیهێڵێتەوە و بە لەبەرچاوگرتنی ئەو درەوشانەوەی بەرامبەر ریال، دوور نییە لەمەودوا زیاتر لە یاریگادا ببینین.

دوای نزیکەی 6 ساڵ و تەنها ساڵێکیتر گرێبەستەکەی لەگەڵ بارسێلۆنا ماوە، بەڵام سپۆرت نووسیویەتی تەنانەت ئەم درەوشاوەییە لە کلاسیکۆدا رەنگە یارمەتیدەر نەبێت بۆ مانەوەی. رەنگە بارسا بەهۆی کێشەی داراییەوە بە نرخێکی زۆر بیفرۆشێت. ماوەتەوە بزانین دوا بڕیاری بارسا سەبارەت بە فێرمین چی دەبێت.

 

بابەتی زیاتر

Back to top button