ئیسپانیاگرنگترینمۆندیالی 2026

دۆخی دەروونی رووخاوە؛ بارسێلۆنا بۆ رزگارکردنی فێرمین لۆپێز بڕیارێکی تایبەت دەدات

پاڵەوانەکەی یۆرۆ و ئۆڵۆمپیاد لە گەورەترین شانۆی جیهانی بێبەش بوو

Yariga App

یاریگا –

دوایین یاریی وەرز لە یاریگای سپۆتیفای کامپ نۆو، کە بڕیار بوو تەنیا کاتی ماڵئوایی لە ئەفسانەکانی یانەکە بێت، گۆڕا بۆ کابوسێکی راستەقینە بۆ فێرمین لۆپێز، ئەستێرە گەنجەکەی کاتالوونیا.

فێرمین تووشی قورسترین گورزی دەروونی و جەستەیی بوو، دوای ئەوەی راپۆرتە پزیشکییەکان پشتڕاستیان کردەوە کە خەونی پۆشینی درێسی ئیسپانیا لە مۆندیال بۆ ئەو کۆتایی هاتووە.

لۆپێز کە لە یارییەکەی بەرامبەر ریال بێتس لە ئێسکی پێنجەمی پێی راستی تووشی پێکان بوو، کاتژمێر 6ـی ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە بە فەرمی نەشتەرگەریی بۆ دەکرێت. سەرڕای ئەوەی سەرەتا پزیشکەکان بیریان لە چارەسەری سرووشتی و پارێزگارانە دەکردەوە، بەڵام بۆ ئەوەی گەرەنتی داهاتووی یاریزانەکە بکەن و کێشەکە قووڵتر نەبێتەوە، بڕیاری نەشتەرگەری درا. پێکانێک کە مێژوویەکی تاڵی لە بارسا هەیە؛ پێشتر لیۆ مێسی 91 رۆژ و ساموێل ئومتێتی 105 رۆژ بەهۆی هەمان پێکانەوە لە یاریگاکان دوورکەوتبوونەوە. بەمەش فێرمین پێویستی بە 2 بۆ 3 مانگ کات هەیە بۆ گەڕانەوە.

کابوسی لەدەستدانی مۆندیال و باری دەروونیی فێرمین
رۆژنامەی سپۆرت بڵاویکردووەتەوە، ئەم پێکانە کتوپڕە بووە دۆخی ئەستێرەکەی هێڵی ناوەندی بارسای بە تەواوەتی رووخاندووە، بڕیاریداوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دووربکەوێتەوە و تاوەکوو چەند رۆژێک پێش نەشتەرگەرییەکە چاوی بە کەس نەکەوێت.

کارگێڕیی بارسێلۆنا بۆ هاوکاریکردنی باری دەروونیی فێرمین، هاوشێوەی ئەو پلانەی پێشتر بۆ رافینیا جێبەجێیان کرد، بڕیارێکی تایبەتیاندا. فێرمین دوای مانەوەی چەند رۆژێک لە نەخۆشخانەی بارسێلۆنا بۆ لێکردنەوەی تەقەڵەکان، راستەوخۆ دەگوازرێتەوە بۆ زێدی خۆی. ئەو لەنێو باوەشی خێزانەکەیدا و لە ژێر سەرپەرشتی و چاودێریی راستەوخۆی پزیشکانی یانەی بارسێلۆنادا قۆناخی چارەسەری سرووشتی و هۆڵی وەرزشی دەستپێدەکات، بەو ئومێدەی لە 15ـی تەمموزدا بگەڕێتەوە بۆ پشکنینە پزیشکییەکانی پێش وەرز لەگەڵ بلاوگرانا.

بابەتی زیاتر

Back to top button