فه‌ره‌نسا

ئێمباپێ باری دەروونی باش نییە

Yariga App

یاریگا –

لویس فێرناندێز، راهێنەری پێشووی یانەی پاریس سانجێرمان باسی لەوەکرد، کیلیان ئێمباپێ پێشبینی نەدەکرد لە گەشتی ئاسیای پاریس سانجێرمان بەشداری نەکات و لە ئێستادا باری دەروونی باش نییە.

لە پاریس شتەکان بە باشی بۆ کیلیان ئێمباپێ بەڕێوە ناچن و ئەویش کە لە گەشتە ئاسیاییەکەی پاریس سانجێرمان دوورکەوتەوە، لەم رۆژانەدا لەگەڵ ئەو یاریزانانەی بۆ فرۆشتن دانراون راهێنان دەکات تاوەکوو دۆخی داهاتووی یەکلایی دەبێتەوە. هەروەها کیلیان زۆر دڵتەنگە بەم دۆخە و بڕیارەکەی ئەم دواییەی یانەکە کاریگەری نەرێنی بەهێزی لەسەر دروست کردووە.

پاریس سانجێرمان ئێمباپێی لە لیستی فرۆشتن داناوە و بەدوای کڕیارێکدا دەگەڕێت، بەڵام سەرچاوە فەرەنسییەکان دەڵێن ئێمباپێ پابەندە بە هەڵوێستەکەیەوە کە گرێبەستەکەی نوێ نەکاتەوە و تا کۆتایی ئەم وەرزە دەمێنێتەوە، مەگەر ئەوەیکە پاریس سانجێرمان دەست بە گفتوگۆ بکات لەگەڵ ریال مەدرید و یانە ئیسپانییەکە هەنگاو بنێت بۆ گواستنەوەی ئەو هێرشبەرە.

لویس فێرناندێزی راهێنەری پێشووی پاریس سانجێرمان کە ساڵانێکی زۆریش لەگەڵ هەڵبژاردەی فەرەنسا یاری کردووە، سەبارەت بە ئێمباپێ لە لێدوانێکیدا بۆ کادینا سێر گوتی:

پاریس سانجێرمان فشاری خستە سەر ئێمباپێ بۆ ئەوەی گرێبەستەکەی یان نوێبکاتەوە یان ئەم هاوینە جێبهێڵێت. یانەکە دەیەوێت نیشان بدات کێ سەرۆکە. هەروەها هاندەرانی پاریس سانجێرمان لێرە زۆر بێ هیوا بوون. ئێمباپێ زیاتر لە 5 ساڵە یاری بۆ یانەکە دەکات، بەڵام هێشتا نەیتوانیوە نازناوی چامپیۆنزلیگ بەدەستبهێنێت. ئاماژەی بەوەشکردووە کە ئێمباپێ یارمەتی تیپەکەی نەداوە و ئێستا دەیەوێت بڕوات.

فێرناندێز لە درێژەی قسەکانیدا گوتی:

پێموانییە ئەگەر کیلیان لە پاریس بمینێتەوە، یانەکە توانای ئەوەی هەبێت لەسەر کورسی یەدەک دایبنێت یان دووری بخاتەوە لە یاریگاکان. ئەمەش دەتوانێت کاریگەری نەرێنی لەسەر وێنەی یانەکە هەبێت لای یاریزانان و هاندەران، بۆیە باشترین رێگا فرۆشتنی ئەو یاریزانەیە. باوەڕم وایە بەم زووانە تیپەکە بەجێدەهێڵێت و دەچێتە ریال مەدرید.

بابەتی زیاتر

Back to top button