میلان لە گواستنەوەی مێسی نوێ نزیکە
یاریگا –
لوکا رۆمێرۆ، ئەستێرەی هەڵبژاردەی لاوانی ئەرجەنتین نزیکە لە پەیوەندی کردن لەگەڵ میلان.
گرێبەستی لوکا رۆمێرۆ کە بە مێسی نوێی ئەرجەنتین دادەندرێت، لەگەڵ لازیۆ بەسەردەچێت و میلان زوو گفتوگۆکانی لەگەڵ ئەستێرەکە دەستپێکردووە.
دانیێلی لۆگنۆ، رۆژنامەنووسی دیاری ئیتاڵی روونیکردووەتەوە، رۆمێرۆ بە گرێبەستێکی ئازاد پەیوەندی بە میلان دەکات.
رۆمێرۆ سەرنجی هەمووان لە مۆندیالی لاواندا بۆ لای خۆی راکێشا، لە دوای تۆمارکردنی گۆڵێکی سەرنجڕاکێش لە بەرامبەر هەڵبژاردەی نیوزیلاند. زۆربەی چاودێران پێیان وایە شێوازی یاری کردنی زۆر لە لیۆنێل مێسی نزیکە.
لوکا رۆمێرۆ لە 18ی نۆڤێمبەری 2004 لە مەکسیک لە باوک و دایکێکی ئەرجەنتینی لە دایکبووە. بەردەوام خەونی بە یاری کردن بۆ هەڵبژاردەی ئەرجەنتین دەبینی، تاوەکو خەونەکەی بەدیهات.
ئەستێرە ئەرجەنتینییەکە یەکێکە لە گەوهەرەکانی تۆپی پێی جیهانی و لە مۆندیالی لاوان، تواناکانی خۆی بە تەواوی سەلماند.
رۆمێرۆ بە پێی چەپە یاری دەکات و پێشتر لە بارەی وەسف کردنی بە مێسی نوێ گوتی ”نامەوێت بە مێسی نوێ بانگ بکرێم، من لوکا رۆمێرۆم چونکە تەنیا یەک مێسی هەیە”.
میلان جیا لە رۆمێرۆ نزیکە گرێبەست لەگەڵ لۆفتوس چیک، یاریزانی چێڵسی واژۆ بکات.