بارسێلۆنا هیچ ئۆفەرێكی بۆ گەڕانەوەی مێسی پێشكەش نەكردووە
یاریگا –
راپۆرتە رۆژنامەوانیەكان ئاشكرایانكرد یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی تا ئێستا هیچ ئۆفەرێكی فەرمییان پێشكەش نەكردووە بەمەبەستی گەڕاندنەوەی لیۆنێل مێسی ئەفسانەی هەڵبژاردەی ئەرجەنتین و پێشووی یانەكەیان.
لە پاش كۆتاییهاتنی گرێبەستەكەی لەگەڵ پاریس سان جێرمان لیۆنێل ریزەكانی یانە فەڕەنسیەكەی جێهێشت و تا ئێستاش داهاتووی خۆی یەكلا نەكردووەتەوە.
ئێوارەی دوێنێ خۆرخی مێسی باوك و بەڕێوەبەری كارەكانی لیۆنێل مێسی لەگەڵ خوان لاپۆرتا سەرۆكی یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی كۆبوویەوە.
بەپێی زۆربەی سەرچاوەكان و لە نێویاندا دەیلی مەیل كۆبوونەوەكەی نێوان باوكی مێسی و سەرۆكی بارسێلۆنا بە بێ گەیشتن بە هیچ رێككەوتنێك كۆتایی هاتووە و نەیانتوانیوە هیچ ئۆفەرێكیان فەرمی بۆ گەڕانەوەی پێشكەش بكەن.
هەر بۆیە داهاتووی لیۆنێل مێسی بە ناڕوونی مایەوە و گەڕانەوەی بۆ بارسێلۆنا بەستراوە بە توانای ئابووری یانە كەتەلۆنیەكەوە.
رۆژنامەكە ئەوەشی ئاشكرا كردووە كە لە چەند كاتژمێری داهاتوودا لیۆنێل مێسی داهاتووی خۆی یەكلا دەكاتەوە.
جگە لە بارسێلۆنا مێسی ئۆفەرێكی بە بڕی 1.2 ملیار و بۆ ماوەی دوو ساڵ لەلایەن هیلالی سعودییەوە بۆ هاتووە و هەروەها لەلایەن ئینتەر میامی ئەمریكیشەوە ئۆفەری پێشكەشكراوە.
https://www.facebook.com/100044290096476/posts/pfbid02kfxpsAVrQ81CTTPn3H4rjifxpLn6rZ5LQ98qGRdgq8xtxu9v9pGoX7fkC27hvAjbl/?mibextid=cr9u03
مێسی دوو وەرزی لەگەڵ پاریس سان جێرمان بەسەربرد و لەو ماوەیەدا بەشداری لە 75 یاریدا كرد و توانی 32 گۆڵ بكات و 35 گۆڵیش درووست بكات و سێ نازناو بباتەوە.