ئیسپانیاچامپیۆنزلیگ

ئەلابا و مێندی گەڕانەوە مەشقەکانی ریال مەدرید

یاریگا –

دەیڤد ئەلابا و فێرلان مێندی گەڕانەوە مەشقەکانی یانەی ریال مەدرید.

پاش ماوەیەک دابڕان هەردوو بەرگریکاری ریال مەدرید ئەلابای نەمسایی و مێندی فەڕەنسی گەڕانەوە و بەشداری مەشقەکانی ئەمڕۆی یانەکەیان کرد.

ئەلابا لە یاری گەڕانەوەی قۆناخی چارەکی کۆتایی چامپیۆنزلیگ بەرامبەر بە چێڵسی لە سەرەتای گێمی دووەم بەهۆی پێکان یاریگای جێهێشت، بەو هۆیەش نەیتوانی بەشداری لە دوو یاری رابردووی یانەکەی بکات.

مێندیش لە 12ی ئازار پاش 40 رۆژ دابڕان بەهۆی پێکان گەڕایەوە بۆ یاریکردن، بەڵام زۆری نەخایاند و دوای تەنیا 8 رۆژ جارێکی دیکە بەهۆی پێکانی ماسولکە بۆ ماوەی 38 ڕۆژ لە یانەکەی دبڕا و نەیتوانی لەو دوو کاتە جیاوازەش بەشداری لە 19 یاری یانەکەی بکات.

گەڕانەوەی ئەم دوو بەرگریکارە لەم کاتەدا هەواڵێکی دڵخۆشکەرە بۆ مێرێنگی بەهۆی ئەوەی یانەکە دوو یاری گرنگی لە پێشە، کە لە یاری کۆتایی جامی شای ئیسپانیا رووبەڕووی ئۆساسۆنا دەبێتەوە، لە یاری چوونی قۆناخی پێش کۆتایی چامپیۆنزلیگیش رووبەڕووی مانچێستەر سیتی دەبێتەوە.

لە یارییەکەی مان سیتیش بە هۆی کەڵەکە بوونی ژمارەی کارتەکانی ئێدێر میلیتاوی بەڕازیلی بەشداری یارییەکە ناکات، ئەمەش ترسی لە دڵی هاندەرانی یانەکە درووستکردووە بەهۆی ئەوەی ناوبراو بەم دواییانە ئاستێکی بەرزی پێشکەش کردووە.

بەڵام ئەمڕۆ رۆژنامەی مارکا دووپاتی کردەوە، کە ئەلابا بەدڵنیاییەوە بەشذاری یارییەکەی جامی شا و چامپیۆنزلیگیش دەکات، ئەمەش هیوای بۆ هێڵی بەرگری تیپەکەی کارلۆ ئەنچێلۆتی گەڕانەوە.

بابەتی زیاتر

Back to top button