ئه‌وروپائیتاڵیا

ئینتەر و میلان کێبڕکێی گەیشتنی پێشەوەی ریزبەندی دەکەن

یاریگا
ئەمڕۆ لە بەردەوامی گەڕی 23 سێریائەی ئیتاڵیا سێ یاریی دیکە دەکرێن، مۆنزا و ئەیسی میلان هەروەها ئینتەر میلان و ئۆدینیزێ رووبەڕووی یەکتری دەبنەوە.

سەرەتا کاتژمێر 20:00 بە کاتی هەولێر ئەیسی میلان لە دەرەوەی یاریگای خۆی رووبەڕووی مۆنزا دەبێتەوە. هەردوو یانە لە مێژووی خولی ئیتاڵیا 12 یارییان بەرامبەر یەکتری کردووە، رۆسێنەری 11 یاریی بردووەتەوە و تەنها لە یارییەک دۆڕاوە.

میلان گەڕی رابردوو توانی لە تۆرینۆ بباتەوە، لە کاتێکدا پێش ئەو یارییە سێ یاریی لەسەر یەک دۆڕاندبوو.

پاڵەوانەکەی وەرزی رابردووی سێریائەی لە کۆی 22 یاریی ئەم وەرزە خاوەنی 41 خاڵن و لە پلەی پێنجەمی ریزبەندی دێت. ئەوان هیچ چانسێکیان بۆ بەدەستهێنانی ناسناوەکە نەماوە و تەنها ئامانجیان چوار پلەکەی پێشەوەی ریزبەندیە، بۆ ئەوەی بلیتی وەرزی داهاتووی چامپیۆنزلیگ بەدەست بێنن.

لە یارییەکی دیکەی گەڕی 23 خولی ئیتاڵیا، ئینتەر میلان دووەمی ریزبەندی خولەکە لە یاریگای خۆی پێشوازی لە ئۆدێنیزی دەکات. نێرازۆری سێ یاریی رابردووی لەسەر یەک لە یاریگای خۆی بەرامبەر رکابەرەکەی بردووەتەوە.

یانەکەی شاری میلانۆ هیوایەکی زۆری بۆ بەدەستهێنانی ناسناوەکە نەماوە، بۆیە هەموو ئامانجیان ئەوەیە پارێزگاری لە پلەی دووەمی ریزبەندی بکەن، بۆ ئەوەی وەرزی داهاتوو بەبێ کێشە بەشداری چامپیۆنزلیگ بکەن.

ئینتەر لە کۆی 22 یاریی ئەم وەرزەی لە خولی ئیتاڵیا خاوەنی 44 خاڵە و بە جیاوازی 18 خاڵ لەگەڵ ناپۆلی پێشەنگ، لە پلەی دووەمی ریزبەندی دێت.

بابەتی زیاتر

Back to top button