ئەفریقا

ئەبو تریکە: دڵ و چاویشم بەبێ بەرامبەر پێشکەشی مسڕ دەکەم

یاریگا- لە یاری کردنەوەی جامی نەتەوەکانی ئەفریقا کە لە میسڕ بەڕێوە دەچێت، هەڵبژاردەی خانەخوێ پێشوازیی لە زیمبابۆ کرد و یارییەکەشی بە گۆڵێکی تریزیگە لێ بردەوە. هاندەرە زۆر و زەوەندەکەی ناو یاریگا بە هوتاف و چەپڵەڕێزانن ناوی موحمەمد ئەبو تریکەی یاریزانی پێشووی هەڵبژاردەکەیان دەهێنا و شادییان دەردەبڕی.

لە وەڵامی ئەو هەڵوێستەی هاندەراندا، ئەبو تریکە کە ئێستا شیکەرەوەی وەرزشییە لە کەناڵی بی ئین سپۆرتس، گوتی: “دڵ و چاویشم دەبەخشمە میسڕ ئەگەر داوام لێ بکرێت. ئەوە گەلی میسڕ بوو ناوی ئەبو تریکەیان دروست کرد. من هوتافم ناوێت، ئەگەر گەلی میسڕی نەبوایە، ناوی ئەبو تریکەش دروست نەدەبوو.”

ئەبو تریکە یاریزانی وەک ناوەڕاستکاری هێرشبەریی یاخود هێرشبەری دووەم یاری دەکرد، توانی لەگەڵ هەڵبژاردەی فیرعەونەکان سێ جار، 2006, 2008, 2010, ببنە پاڵەوانی جامی نەتەوەکانی ئەفریقا. بەم ناوانە ناوزەد دەکرا: زینەدین زیدانی عەرەب، جادووگەر، شازادەی دڵان. لە ژیانی پیشەگەرێتی خۆیدا 100 یاری بۆ میسڕ ئەنجام داوە و 38 گۆڵی بۆ تۆمار کردوون.

Back to top button