عێراقکوردستان

پاڵەوانی کوردستان ئامادەکاریەکانی بۆ وەرزی نوێ دەست پێکرد

یاریگا- 

دوێنێ ئێوارە لەسەر یاریگای تایبەت بەخۆی لەشاری هەولێر یانەی برایەتی پاڵەوانی وەرزی ڕابردووی خولی نایابی کوردستان بۆ تۆپی پێ ئامادەکاریەکانی بۆ وەرزی نوێی خولەکە دەست پێکرد.

برایەتی ئەمساڵ دەیەوێ بە پێکهاتەیەکی لاو بەشداری خولەکە بکات و یازدە یاریزانی پارساڵی ڕیزی یانەکەیان جێهێشتووە و شەش یاریزانی تازەشیان هێناوەتە ڕیزی یانەکە و سێزدە یاریزانی لاویشیان سەرخستووە بۆ ڕیزی تیپی پێشکەوتوان بەمەبەستی یاریکردن و گرنگی پێدانیان لە خولی نایابی کوردستان.

سەمەدجەوهەر تازە ڕاهێنەری یانەکە زیاتر لەسەر ئاماەکاریەکانی تیپەکەی تایبەت بۆ یاریگانێت دەدوێت و دەڵێت :

( دوای ئەوەی دەستەی کارگێڕی یانەی برایەتی پەیوەندیان پێوەکردم بۆ وەرگرتنی ئەرکی ڕاهێنەرایەتیکردنی تیپەکە منیش بە خۆشحاڵیەوە قبوڵم کرد دوای دابڕانم لەکاری ڕاهێنەرایەتی بەنزیکەیی چوارساڵ).

”ئێمە لەگەڵ کارگێڕی یانەکە کۆبونەوەی خۆمان ئەنجامداوە و بڕیارمانداوە ئامانجی ئەمساڵمان گرنگیدان بێت بە یاریزانە لاوەکان، برایەتی یانەیەکی بەهێزە و پاڵەوانی وەرزی ڕابردووە و خاوەن هاندەرێكی  تایبەتە لەشاری هەولێر بۆیە ئەرکەکەم قوڕسە بەڵام بەهاوکاری کارگێڕی یانەکە و یاریدەدەرەکانم هەوڵدەدەین لە ئاست ئەو متمانەیە بین”.

” کاتێکی زۆر کەممان لەبەردەستە بۆ ئامادەکردنی تیپەکە بەهۆی ئەوەی چل ڕۆژ ماوە بۆ دەستپێکردنی خولەکە ئەمەش کاتێکی کەمە بۆ تیپێکی نوێ و زیاتر لە هەشت هەفتەمان پێویستە بۆ ئامادەکردنی یاریزانەکانمان، هەوڵدەدەین جامی سوپەری کوردستان کە بڕیارە 25ـی ئەم مانگە دەست پێبکات وەک ئامادەکاریەک بێت بۆ خولی نایابی کوردستان”.

” ڕاستە کارگێڕی یانەکە هیچ مەرجێکیان لەسەر من دانەناوە بۆ بەدەست هێنانی ئەنجام بەڵام هەوڵدەدەین ژمارەیەکی قوڕسی نێو خولەکە بین، لە ناوڕاستی هەفتەی داهاتوو یاخود لە کۆتایی هەفتەی داهاتوو ئۆردووگایەکی مەشقی ئەنجامدەدەین بەمەبەستی زیاتر ئامادەکردنی یاریزانەکانمان لە ڕووی توانای جەستەیی یەوە چونکە بەهۆی کەمی کاتەوە نامانەوێ کێشەیەکی زۆرمان بۆ دروست بێت لە ڕووی ئامادەکاریەکانەوە”.

بڕیارە 14ـەی ئەم مانگە تیروپشکی خولەکە ڕابکێشرێت و خولی نایابی کوردستانیش بۆ وەرزی نوێی 2021 _ 2022 بەبەشداری شازدە یانە بەشێوازی یەک کۆمەڵە و چون و هاتن لە ناوەڕاستی مانگی داهاتوو دەست پێبکات.

بابەتی زیاتر

Back to top button