ئیسپانیاگرنگترین

ناتەبایی نێوان یاریزانان و بابەتی موچە کێشەکانی بارسای قوڵترکردووەتەوە

یاریگا-رۆژنامەی مارکای ئیسپانی لە بابەتێکی سەرنجراکێشدا باسی لە تێکچوونی پەیوەندییەکانی نێوان یاریزانانی بارسا دەکات پاش رێکنەکەوتنیان لەسەر بەرپەرچدانەوەی بڕیارێکی یانەکە.

هاوشێوەی زۆرێک لە یانەکان بەهۆی ڤایرۆسی کرۆنا، بارسا بڕیاری کەمکردنەوەی موچەی یاریزانەکانی دا، بەڵام زۆرێکیان لە نێویاندا هەر چوار کاپتنەکە (مێسی، پیکێ، بوسکێتس، سێرجیۆ رۆبێرتۆ) رەتیانکردەوە تاوەکو ئەم بۆردە ی ئێستا کارگێڕی یانەکە بەڕێوەببات رازیبن موچەکانیان کەمبکرێتەوە.

بەشێک لە یاریزانەکان گوێیان لە بڕیاری کاپتنەکان نەگرت و واژۆیان  لەسەر رێککەوتنەکە کرد، لە نێویاندا ئەندرێ تێر شتیگن و دی یۆنگ.  بەڵام هاوسەنگی هێز گۆڕدرا کاتێک پیکێ پشتی لە کاپتنەکانی دیکە کرد و پاش یارییەکەی شەوی رابردووی خولی پاڵەوانەکان واژۆی لەسەر گرێبەستێکی نوێ کرد کە تێیدا موچە کەمکردنەوەکەشی لەخۆگرتووە.

رۆژنامەکە دەڵێت ناتەبایی و نەبوونی یەکگرتوویی لە نێوان یاریزانەکاندا کاریگەری خراپی لەسەر پەیوەندییەکانیان دروستکردووە و هاوڕێیەتییەکەی جاران نابینرێت لەنێو یاریزانەکاندا، ئەمە جگە لەوەی ئەم باسە هێندەی تر کێشەی نێوان یاریزانان و کارگێڕی یانەکەی قوڵترکردووەتەوە.

تا ئێستا دی یۆنگ، تێر شتیگن، لینگلێ و پیکێ گرێبەستیان بۆ نوێکراوەتەوە بە مەرجی رازیبوون بۆ کەمکردنەوەی مووچە لە کۆتا ساڵی گرێبەستەکانیاندا.

بارسا یەکێک بوو لەو یانانەی قەیرانی دارایی سەردەمی کۆرۆنا زۆر بە خراپی کاری تێکرد و بەهۆیەوە بودجەی یانەکەی بە رێژەی ٢٥٪ کەمکردووەتەوە. لەو رێژەیەش بەشێکی پلانەکە کەمکردنەوەی موچەی یاریزانان و ستافی یەکەمی بلەوگرانایە.

بابەتی زیاتر

Back to top button