
یاریگا –
خێرمان بێرتێرامێی هێرشبەری ئینتەر مەیامی دوای پێکانە سەختەکەی سەری لە یاریی رۆژی شەممەی خولی پیشەگەریی ئەمریکیدا بەرامبەر مۆنتریال، هۆشی گەڕاوەتەوە و لەژێر چاودێریی پزیشکیدایە.
گێلێرمۆ هۆیۆسی راهێنەری ئینتەر مایامی رایگەیاند کە خێرمان بێرتێرامێی هێرشبەری یانەکە هۆشی گەڕاوەتەوە و لە نەخۆشخانە لە قۆناخی چاکبوونەوەدایە، دوای ئەوەی لە یاریی رۆژی شەممەی خولی پیشەگەریی ئەمریکی (MLS) بەرامبەر مۆنتریال تووشی بەریەککەوتنێکی سەخت بوو لە سەریدا.
لە خولەکی 70ـی یارییەکەدا لە یاریگای ساپۆتۆ، بێرتێرامێ لە ئاسمان تووشی بەریەککەوتن بوو لەگەڵ ئێفراین مۆڕالێسی بەرگریکاری مۆنتریال و بە شێوازێکی مەترسیدار کەوتە سەر زەوی، کە دەردەکەوت هۆشی لەدەست داوە. برایان ڤێرای یاریزانی مۆنتریال دەستبەجێ داوای هاوکاریی پزیشکی کرد، لە کاتێکدا چەندین یاریزانی هەردوو تیم کۆبوونەوە لە دەوری یاریزانە 27 ساڵانەکە.

دوای چەندین خولەک لە وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی، بێرتێرامێ، کە دیار نەبوو هۆشی هاتبێتەوە بە ئۆتۆمبێلی فریاکەوتن لە یاریگا برایە دەرەوە و رەوانەی نەخۆشخانە کرا.
هۆیۆس دوای یارییەکە بە رۆژنامەنوسانی گووت:
ئەو ئێستا لە قۆناخی چاکبوونەوەدایە، باشە و هۆشی هەیە. خێزانەکەی لە هەموو شتێک ئاگادارن و هێمنن. گرنگترین شت ئەوەیە کە ئەو باشە و ئێستاش تەندروستیی جێگیرە. لە سەرەتادا زۆر ترساین چونکە زەبرەکە زۆر بەهێز بوو. لە کاتی یارییەکەدا، روون بوو کە ئەنیشکی بەرکەوت، کە لەبەر ئەوەش لێدانی سزا هەژمار کرا، ئەو وەکوو قورساییەکی بێگیان کەوت. پێم وایە بەهۆی سەختیی زەبرەکەوە هەر لە ئاسماندا هۆشی لەدەست دابوو، زەبرەکەی بەرکەوت و بە سەختی کەوتە سەر زەوی. ساتێکی زۆر ناخۆش و خەمناک بوو چونکە بابەتی تەندروستیی مرۆڤ لە سەرووی تۆپی پێوەیە، هەربۆیە هیوادارین هەموو شتێک بە باشی بڕوات.
🎙️Guillermo Hoyos: “Berterame está consciente y está bien. El golpe fue muy fuerte pero se está recuperando” pic.twitter.com/30w2PMKs8l
— Inter Miami CF (@InterMiamiCF) July 26, 2026
بەهۆی ئەو رووداوەوە، لێدانی سزا بۆ ئینتەر مەیامی هەژمار کرا، کە لویس سوارێز کردی بە گۆڵ و تاکە گۆڵی بردنەوەی بۆ تیمەکەی بەدەست هێنا. هێرشبەرە ئوروگواییەکە دوای گۆڵەکە درێسی بێرتێرامێی بەرز کردەوە وەک رێزێک بۆ هاوتیمەکەی.

بێرتێرامێی یاریزانی نێودەوڵەتیی مەکسیک، لە کاتی پەیوەندیکردنی بە ئینتەر مەیامی لە کانوونی دووەمدا لە یانەی مۆنتێرییەوە، حەوت گۆڵی لە خولی پیشەگەریی ئەمریکیدا کردووە.
بردنەوەکەی رۆژی شەممە شەشەم بردنەوەی لەسەر یەکی ئینتەر مەیامی بوو، کە پێگەی خۆی لە پلەی دووەمی کۆنفرانسی رۆژهەڵاتدا بەهێزتر کرد، بە جیاوازیی دوو خاڵ لە دواوەی ناشڤیلی پێشەنگ. لە بەرامبەردا، مۆنتریال کە لە شەش یاریی رابردوودا بەبێ بردنەوە بووە، لە پلەی 13ـیەمدا مایەوە.



