ڤینیسیۆس جونیۆر: ئێستا تەنیا بیر لە نازناوی مۆندیال دەکەمەوە
"بیر لە گرێبەستەکەم لەگەڵ ریال مەدرید ناکەمەوە"

یاریگا –
پێش دەستپێکی یەکەم یاریئ هەڵبژاردەی بەرازیل لە مۆندیالی 2026 بەرامبەر مەغریب، ڤینیسیۆس جونیۆر، ئەستێرەی ریال مەدرید، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا وەڵامی پرسیارەکانی دایەوە و بە ئاشکرا باسی ئامانجی خۆی و هەڵبژاردەکەی کرد.
“ئێستا تەنیا بیر لە بەڕازیل دەکەمەوە”
سەبارەت بە پرسیاری رۆژنامەنووسان لەسەر پرۆسەی نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ ریال مەدرید، ڤینیسیۆس هەموو شتێکی یەکلایی کردەوە و گوتی؛
ئێستا تەنیا هەڵبژاردە و هاوڕێکانم گرنگن. هەموو شتێکی پەیوەست بە ریال مەدرید دوای مۆندیال تاووتوێ دەکەم، ئێستا ئامانجم پێشکەشکردنی ئاستێکی بەرزە لەگەڵ بەرازیل.
“بۆ بردنەوەی نازناوەکە هاتووین”
ڤینی کە ئێستا وەکوو یەکێک لە سەرکردەکانی سێلیساو سەیر دەکرێت، جەختی لەوە کردەوە کە سەرەڕای ئەوەی بەرازیل وەکوو پاڵێوراوی یەکەم سەیر ناکرێت، بەڵام تیپەکە لە ئاستێکی زۆر باشدایە؛
ئێمە لە ئاستی گەورەترین هەڵبژاردەکانی جیهانین. لە مۆندیالدا هەموو شتێک لە سفرەوە دەستپێدەکات. گرنگ نییە کێ پاڵەوانی پێشووە، گرنگ ئەوەیە لە یاریگا چی دەکەین. لێرە نیم بۆ ئەوەی ببم بە باشترین یاریزان، لێرەم بۆ ئەوەی بەرازیل بگەڕێنمەوە بۆ لووتکەی جیهان.
رێزگرتن لە مەغریب
سەبارەت بە یارییەکەی بەرامبەر مەغریب، ڤینیسیۆس گوتی؛
مەغریب پێشکەوتنی گەورەی بەخۆیەوە بینیوە. ئەوان خاوەن کۆمەڵێک یاریزانی ئاستبەرزن کە لە گەورەترین یانەکانی جیهان یاریی دەکەن. یارییەکی زۆر بەهێز دەبێت، چونکە دەزانن چۆن خۆیان بۆ یارییە گەورەکان ئامادە بکەن.



