
یاریگا –
یانەی چێڵسی دوای وەرزێکی کارەساتبار و کۆتاییهاتنی لە پلەی دەیەمی پرێمەرلیگ بە فەرمی لە سەرجەم پاڵەوانێتییە ئەوروپییەکانی وەرزی داهاتوو بێبەش بوو، ئەمەش هاندەرانی یانەکەی تەواو تووڕەکردووە و داوای رۆیشتنی خاوەندارییەتی ئەمریکی یانەکە دەکەن.
دوای رۆیشتنی ئێنزۆ مارێسکا، پڕۆژە وەرزشییەکەی ستامفۆرد بریدج بە تەواوی لە کۆنترۆڵ دەرچوو و تەنانەت لەژێر سەرپەرشتیراهێنەری کاتیشدا نەتوانرا لانیکەم بلیتێکی کۆنفرانسلیگیش مسۆگەر بکرێت. ئێستا چابی ئاڵۆنسۆ کە بڕیارە لە یەکی تەممووزەوە بە فەرمی وەکوو بەڕێوەبەری وەرزشی و راهێنەر دەستبەکاربێت، میراتێکی قورس و شێواوی پێدەگات و دەبێت رووبەڕووی لێکەوتەکانی ئەم شکستانە ببێتەوە.
رۆژنامەی ئاس بڵاویکردووەتەوە، بێبەشبوونی یانەکە لە خولەکانی ئەوروپا دەرگای بۆ کۆچی بەکۆمەڵی ئەستێرە گەورەکان کردووەتەوە، بە جۆرێک ئێنزۆ فێرناندێزی کاپتنی تیمیەکە کە دەیەوێت بچێتە مەدرید، ئاماژەی ماڵئاوایی بە هاندەران داوە و لەلایەن ریال مەدرید، مانچێستەر سیتی و پاریس سان جێرمانەوە چاودێری دەکرێت.

جگە لە ئێنزۆ، یانەی بارسێلۆنا چاوی بڕیوەتە جواو پێدرۆ کە بە باشترین یاریزانی ئەم وەرزەی چێڵسی دیاریكرا و یانەکانی مانچێستەر یونایتد و ئاتلێتیکۆ مەدریدیش دەیانەوێت سوود لە دۆخەکە وەربگرن بۆ گواستنەوەی کۆڵ پاڵمەر و مارک کۆکۆرێیا. ئاڵۆنسۆ لەم هاوینەدا دەسەڵاتی تەواوی پێدراوە بۆ داڕشتنەوەی پێکهاتەکە و کڕینی یاریزانان، بەڵام پێش هەر شتێک دەبێت رێگری لە داڕووخانی ئەم پێکهاتە گرانبەهایە بکات و پڕۆژە نوێیەکەی لە شکست رزگار بکات.



