
یاریگا –
دادگای وەرزشیی کاتالوونیا تێهەڵچوونەوەی پێشکەشکراوی مارک سیریای قبووڵ کرد، کە تەنیا بەهۆی 90 واژۆوە دەرفەتی چوونەنێو ململانێی سەرۆکایەتی لەدەستدابوو.
گۆڕانکارییەکی کتوپڕ دەربارەی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیی یانەی بارسێلۆنا هاتە ئاراوە. دادگای وەرزشیی کاتالوونیا تێهەڵچوونەوەی پێشکەشکراوی مارک سیریای دەربارەی 240 واژۆ لە کۆی 598 واژۆ پووچەڵکراوەکانی نێو پرۆسەی هەڵبژاردنەکە بۆ پێداچوونەوە بە فەرمی قبووڵ کرد. واژۆ پەسەند نەکراوەکان ئەویان تەنیا بەهۆی 90 واژۆوە لە گەیشتن بە ئاستی داواکراو بێبەش کرد، بۆیە نەیتوانی بە فەرمی ببێتە بەربژێر لە هەڵبژاردنەکانی بارسێلۆنا کە لە 15ـی ئازار بەڕێوە چوون.
بۆ خۆبەربژێركردن بە فەرمی بۆ سەرۆکایەتی بارسێلۆنا، بەربژێرەکان دەبوو لانی کەم 2,337 واژۆی دروست پێشکەش بکەن. لە سەرەتادا تەنیا خوان لاپۆرتا (8,169)، ڤیکتۆر فۆنت (5,144) و سیریا (2,844 پێشکەشکراو پێش پووچەڵکردنەوە) توانییان ئەو سنوورە تێپەڕێنن. لە هەمان کاتدا، خاڤیێر ڤیلاخوانا، دانیێل خوان و ویلیام مادۆک نەیانتوانی سەرکەوتن بەدەستبهێنن.
بەگوێرەی زانیارییەکانی یانەکە، کۆمەڵەکە 140 واژۆ لە واژۆ پووچەڵکراوەکانیان بەهۆی پێشکەشنەکردنی کۆپی بەڵگەنامەکانی ناسنامەی نیشتمانی، کە مەرجێکی سەرەکیی پەسەندکردن بوو، وەلانا. سیریا، کە پارێزەرێک و دادنووسێک پاڵپشتییان دەکرد، لە بەردەم دەستەی هەڵبژاردن داکۆکی لەوە کرد کە ئەو واژۆیانە دەبێت بەپێی یاساکانی پاراستنی زانیارییەکان هەر هەژمار بکرێن، بەڵام دەستەکە ئەو داواکارییەی بەهۆی نەبوونی لەنێو پەیڕەوی نێوخۆی یانەکە وەلانا.
دادگاکە ئێستا هەشت رۆژی لەبەردەستدایە بۆ دەرکردنی بڕیاری کۆتایی. ئەگەر بڕیارەکە لە بەرژەوەندیی سیریا بێت، دەتوانێت داوای دووبارەکردنەوەی هەڵبژاردنەکانی بارسێلۆنا بکات.

“تۆمەتبار کراین بەوەی کە فێڵبازین”
سیریا گوتی:
شایستەی ئەو دەرفەتە بووین ببینە بەربژێری سەرۆکایەتی. تەواوی یاسا باوەکانی ئێستا پاڵپشتییان لێ دەکردین. ئەو شتەی من دەمەوێت، داکۆکیکردنە لە ناوی خۆمان و پاککردنەوەی ناوبانگی هەموو ئەو کەسانەیە کە لە پێناوی بارسێلۆنا چوونە پێشەوە. ئێمە لەنێو پرۆسەیەکی تەمومژاوی و نادیارداین کە متمانەی تێدا نییە.
بەگوتەی سیریا، کێشەکە لە بەربژێریی خودی ئەو زیاتر تێدەپەڕێت و دەڵێت:
هەر ئەندامێک کە دەیەوێت خۆی بۆ یانە خۆشەویستەکەی هەنگاو بنێت، دەبێت توانای ئەنجامدانی ئەمەی بە متمانەی تەواوی یاساییەوە هەبێت. ئێمە گۆڕانکاریی لە پرۆسەیەکدا دەخوازین کە بە کۆن و بەسەرچووی دەزانین. ئێمە تۆمەتبار کراین بەوەی کە فێڵباز و درۆزنین. گوێمان لە هەموو شتێک بوو، تەنانەت لەلایەن کەسانی نێو خودی بارسێلۆناوە. ئێمە شایستەی ئەوە بووین ببینە بەربژێر.
سەرکەوتنی گەورەی لاپۆرتا
خوان لاپۆرتا بە ئاسانی لە دووەم هەڵبژاردنی لەسەریەکدا سەرکەوتنی بەدەستهێنا و ئێستا لە تەمەنی 63 ساڵیدا بۆ سێیەم جار ئەرکی سەرۆکایەتی بارسێلۆنا بەڕێوە دەبات.
لاپۆرتا بە جیاوازیی 32,984 دەنگ (68.18%) بەرامبەر 14,385 دەنگ (29.78%) بەسەر ڤیکتۆر فۆنتدا سەرکەوت. تەواو وەکوو ساڵی 2021، لاپۆرتا سەرکەوتنێکی ئاشکرای بەدەستهێنا، هەرچەندە بەشداریی دەنگدەران تەنیا گەیشتە 42.34%، کە ئەمەش بە هەشت خاڵ لە هەڵبژاردنی پێشوو کەمتر بوو.

کاتێک پرسیار دەربارەی ئەوە لێ کرا کە ئایا بەشداربوونی ئەو دەرئەنجامی کۆتایی دەگۆڕی، سیریا لە لێکدانەوە دوورکەوتەوە و گوتی:
من لێکدانەوە ناکەم، بەڵام ئێمە بە پێشنیازێکی ئازایانە کە جەختی لەسەر نوێکردنەوە دەکردەوە دەچووینە نێو گفتوگۆکە. دەکرا ئەندامەکان بژاردەیەکی دیکەیان لەبەردەستدا بێت.
ئێستا، دادگای وەرزشیی کاتالوونیا پێدەچێت ئەو دەرفەتەی پێ ببخشێت تاوەکوو داوای دووبارەکردنەوەی هەڵبژاردنەکان بکات.



