رۆدری یان ئێنزۆ؛ ریال مەدرید کامیان دەگوازێتەوە؟
پلانە شاراوەکەی پێرێز بۆ هێڵی ناوەڕاست ئاشکرا دەکرێت

یاریگا –
رۆیشتنی پێپ گواردیۆلا لە مانچێستەر سیتی، بووەتە هۆی دروستبوونی بوومەلەرزەیەک لە پێکهاتەی یانەکە و دەنگۆی شەپۆلێکی رۆیشتنی ئەستێرەکان لە ئارادایە.
لە نێو ئەم ئاڵۆزییەدا، ناوی رۆدری هێرناندێز لە سەرووی لیستی داواکراوانی ریال مەدریدەوەیە بۆ بەهێزکردنی هێڵی ناوەڕاست، بەڵام یانە شاهانەییەکە ئامادەکاری بۆ هەموو ئەگەرەکان کردووە و پلانێکی Bـی گرانبەهای داڕشتووە.
کێشەکانی بەردەوام گواستنەوەی رۆدری
رۆژنامەی The Independentـی بەریتانی بڵاویکردووەتەوە، رۆدری بۆ پڕکردنەوەی بۆشایی هێڵی ناوەڕاستی ریال مەدرید باشترین بژاردەیە، بەڵام چەند بەربەستێک هەن؛ یەکەمیان، جۆزێ مۆرینیۆ دەبێت گڵۆپی سەوز بۆ ئەم گرێبەستە هەڵبکات. دووەمیان، فلۆرێنتینۆ پێرێز ئامادە نییە بڕە پارەیەکی خەیاڵی بە یاریزانێک بدات کە ساڵێکی گرێبەستەکەی ماوە و تەمەنی نزیک دەبێتەوە لە 30 ساڵ؛ بۆیە رەنگە ریال مەدرید تاوەکوو هاوینی ساڵی 2027 چاوەڕێ بکات بۆ ئەوەی بەخۆڕایی بیگوازێتەوە. هەروەها نابێت ئەوەش لەیاد بکرێت کە بەشێکی زۆری هاندەرانی ریال مەدرید بەهۆی رووداوەکانی ساڵی 2024 و بردنەوەی باڵۆن دۆر لەسەر حیسابی ڤینیسیۆس جونیۆر، هێشتا ناوەڕاستکارە ئیسپانییەکە تووڕەن.

پلانی B؛ ئێنزۆ فێرناندێز!
بەگوێرەی زانیارییەکانی هەمان سەرچاوە، ئەگەر گواستنەوەی رۆدری شکستیهێنا، ئەوا ریال مەدرید راستەوخۆ دەچێتە سەر هێڵ بۆ گواستنەوەی ئێنزۆ، ئەستێرەی ئەرجەنتینیی یانەی چێڵسی. سەرەڕای ئەوەی ئێنزۆ تاوەکوو ساڵی 2032 گرێبەستی هەیە، بەڵام وەرزە کارەساتبارەکەی چێڵسی وایکردووە بیر لە رۆیشتن بکاتەوە.
بڕیارە بەم زووانە گفتوگۆیەک لە نێوان ئێنزۆ و چابی ئاڵۆنسۆ، راهێنەری نوێی چێڵسی، بۆ یەکلاییکردنەوەی داهاتووی بکرێت.
ئەم گرێبەستە هەرزان نابێت؛ پێگەی تڕانسفێرمارکت نرخی ئێنزۆی بە 90 ملیۆن یۆرۆ دەخەمڵێنێت و رەنگە تێچووەکەی بگاتە 100 ملیۆن یۆرۆ.

سەیرترین پێشهات کە رۆژنامە ئینگلیزییەکە ئاشکرای کردووە ئەوەیە؛ ئەگەر ریال مەدرید لە کڕینی رۆدری سەرکەوتوو بێت، ئەوا مانچێستەر سیتی راستەوخۆ هەوڵی گواستنەوەی ئێنزۆ دەدات بۆ ئەوەی جێگەی رۆدری پێ پڕبکاتەوە، بەمەش هاوینێکی پڕ لە ململانێ و ئاڵوگۆڕی ملیۆنی چاوەڕێمان دەکات.



