
یاریگا –
فێدیریکۆ ڤاڵڤێردی، ئەستێرەی ئۆرۆگوایی یانەی ریال مەدرید، قورسترین قۆناخی کاروانی وەرزشیی خۆی لە نێو پێکهاتەی یانەی شاهانە بەڕێدەکات.
دوای چەند رۆژێک لە گرژی، کارەکان گەیشتنە رادەی پێکدادانی جەستەیی لەنێو ژووری خۆگۆڕینی یانەکە لە نێوان ئەو و هاوڕێکەی، چوامێنی، کە تێیدا ڤاڵڤێردی زیانی پێگەیشت و بەهۆی برینی سەری رەوانەی نەخۆشخانە کرا، بەڵام ئێستا ئەو بە تەواوی گەڕاوەتەوە بۆ راهێنانەکان و چاوەڕوان دەکرێت بڕیارە ئەمڕۆ لە یاریی بەرامبەر ئاتلێتیک بیلباو بەشداریی بکات.
رۆژنامەی ئاس نووسیەتی. ئێستا سەرنجی هەموو میدیاکان لەسەر ئەوەیە کە هاندەرانی بێرنابیۆ چۆن پێشوازیی لە ڤاڵڤێردی دەکەن؛ نۆ رۆژ لەمەوبەر و لە یاریی بەرامبەر ریاڵ ئۆڤیدۆ، کاتێک ناوی چوامێنی خوێندرایەوە، تەنیا چەند فیکەیەکی ناڕەزایەتی لێدرا و بابەتەکە تێپەڕی، بەڵام ڤاڵڤێردی کە لایەنی زیانلێکەوتووی کێشەکە بوو، هێشتا نازانرێت بڕیاری کۆتایی هاندەران لەسەری چی دەبێت.

پێشتریش لەم وەرزە، ڤاڵڤێردی لە لایەن هاندەرانەوە فیکەی ناڕەزایەتی بۆ لێدرابوو، بەتایبەت لە یاریی بەرامبەر لیڤانتێ دوای دوورخستنەوەی چابی ئاڵۆنسۆ؛ چونکە ناوی ڤاڵڤێردی وەکوو یەکێک لەو یاریزانانە دەهێنرا کە دژی ئاڵۆنسۆ بوون، بەهۆی ئەوەی رەتیدەکردەوە لە کاتی پێویست وەکوو بەرگریکاری راست یاریی بکات.
ڤاڵڤێردی وەرزێکی پڕ لە دابەزینی ئاست و کێشەی بەڕێکرد، کە گەورەترینیان شەڕەکەی بوو لەگەڵ چوامێنی، کە بووە هۆی ئەوەی یانەکە بڕی نیو ملیۆن یۆرۆ سزای دارایی بەسەر هەردوو یاریزانەکەدا بسەپێنێت.
کارگێڕیی یانەکە و یاریزانەکان دۆسیەکەیان بە داخراو داناوە دوای ئەوەی داوای لێبووردنیان لە یەکتر و لە تیپەکە کرد، بەڵام حوکمی کۆتایی بێرنابیۆ لەمڕۆدا دەبێتە پێشەکییەک بۆ هاوینێکی سەخت بۆ ڤاڵڤێردی، چونکە لە مۆندیالدا لەگەڵ ئۆرۆگوای رووبەڕووی ئیسپانیا دەبێتەوە و بۆ وەرزی داهاتووش بڕیارە ببێتە کاپتنی یەکەمی ریال مەدرید دوای رۆیشتنی دانی کارڤاخال، ئەگەر گۆڕانکاریی لە شێوازی کاپتنییدا نەکرێت.



