ئیسپانیاگرنگترین

هانزی فلیک: برسیی نازناوین و خەونمان چامپیۆنزلیگە

"تاوەکوو 70 ساڵی خۆم لێرە نابینم

Yariga App

یاریگا –

هانزی فلیک، راهێنەری ئەڵمانیی یانەی بارسێلۆنا، لە دوایین کۆنگرەی رۆژنامەوانیی خۆیدا بۆ وەرزی 2025-2026، پێش یارییەکەیان بەرامبەر ڤالێنسیا لە یاریگای مێستایا، جەختی لەسەر ئامانجە گەورەکانی یانەکەی کردەوە و ستایشی پێپ گواردیۆلاشی کرد.

ئەم یارییە کۆتایی بە وەرزێک دەهێنێت کە تێیدا بارسا پێشوەختە نازناوی لالیگای یەکلایی کردووەتەوە. فلیک رایگەیاند کە سەرەڕای بردنەوەی نازناوەکە، دەیانەوێت بە سەرکەوتن کۆتایی بە وەرزەکە بهێنن و هیوای سەرکەوتنیشی بۆ تیپی خانمانی بارسێلۆنا خواست لە یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگ بەرامبەر لیۆن.

خەونی گەورە؛ چامپیۆنزلیگ و سێیەمین لالیگای لەسەریەک

کاتەکانم لێرە زۆر ناوازەن و گەشتەکەمان بەردەوامە. ئێمە پێنج نازناومان بەدەستهێناوە، بەڵام برسیین بۆ ئەوەی زیاتر بەدەست بهێنین. من سەدا سەد پابەندم بە بردنەوەی نازناوەکانەوە و هەموومان خەونی بردنەوەی چامپیۆنزلیگمان هەیە؛ ئەمە ئامانجی ئێمەیە و ئاسان نابێت، بەڵام کاری زۆری بۆ دەکەین.

کاتێک پێی گوترا کە تەنیا یۆهان کرۆیف و پێپ گواردیۆلا توانیویانە سێ لالیگا لەسەریەک بۆ بارسا ببنەوە، فلیک کە ئێستا دوو لالیگای بردووەتەوە، ئەو ئاڵەنگارییەی قبووڵکرد و گوتی؛

من سەدا سەد پاڵنەرم هەیە بۆ بردنەوەی سێیەمین نازناو. دەبێت باشترین تۆپی پێی خۆمان پێشکەش بکەین. یانەکانی دیکەش دەیانەوێت لالیگا ببنەوە و هەمیشە قورسە، بەڵام ئەمە ئامانجی ئێمەیە.

نابمە پێپ گواردیۆلا!
فلیک کە لە تەمەنی 61 ساڵیدا گرێبەستەکەی تاوەکوو ساڵی 2028 [لەگەڵ بژاردەی ساڵێکی دیکە] نوێکردووەتەوە، کاتێک لێی پرسرا ئایا خۆی دەبینێت 10 ساڵ لەسەر کورسیی یەدەکی بارسا بمێنێتەوە وەکوو ئەوەی گواردیۆلا لە مانچێستەر سیتی کردی، بە پێکەنینەوە وەڵامی دایەوە؛

پێم وانییە وابێت، ئەو کاتە تەمەنم دەبێتە 70 ساڵ، ئێوە من لێرە نابینن… باش نابێت ئەگەر لێرە بم. ئەوەی پێپ کردی باوەڕپێنەکراوە، 10 ساڵ لەو ئاستە بەرزەدا. پێپ باشترین راهێنەری جیهانە و ساڵ لە دوای ساڵ ئەوەی سەلماندووە. من زۆر بەرزی دەنرخێنم، هیوای پشوودانی بۆ دەخوازم، بەڵام هیوادارم بگەڕێتەوە چونکە هێشتا گەنجە.

بابەتی زیاتر

Back to top button