
یاریگا –
تۆماس تۆخێل، راهێنەری ئەڵمانیی هەڵبژاردەی ئینگلتەرا، بە بڵاوکردنەوەی لیستی کۆتایی یاریزانانی بۆ مۆندیالی 2026، بوومەلەرزەیەکی گەورەی لە شەقامی وەرزشیی ئینگلتەرادا دروستکرد.
تۆخێل بێگوێدانە ناو و ناوبانگ، ئەستێرە درەوشاوەکانی وەکوو فیل فۆدن، کۆڵ پاڵمەر، هاری ماگوایەر و ترێنت ئالێکساندەر ئارنۆڵدی لە لیستەکە دوورخستەوە.
جیمی کاراگێر، ئەستێرەی پێشووی ئینگلتەرا و شیکەرەوەی ناوداری ئێستا، لە لێدوانێکدا پشتیوانیی رەهای خۆی بۆ ئەم بڕیارە مێژووییەی تۆخێل دەربڕی و رایگەیاند کە هەمیشە ئینگلتەرا پێویستی بە راهێنەرێکی خاوەن کەسایەتی بەهێزی ئاوا هەبووە.
خۆزگە تۆخێل 20 ساڵ لەمەوبەر راهێنەرم بووایە!
کاتێک لیستەکەم بینی، یەکەم کاردانەوەم ئەوە بوو کە خۆزگە 20 ساڵ لەمەوبەر تۆخێل راهێنەری من بووایە لە هەڵبژاردەی ئینگلتەرا. لە سەردەمی ئێمە راهێنەرەکان هەمیشە دەترسان لەوەی دڵی ئەستێرە گەورەکان بڕەنجێنن، بۆیە هەموو ناوە دیارەکانیان کۆدەکردەوە و دواتر نەدەنگونجان، ئەمەش هەڵەیەکی کوشندە بوو کە لە ساڵی 1966ـەوە دووبارە دەبووەوە. بەڵام تۆخێل بە شێوازی خۆی کار دەکات و گوێ بە ناو و ناوبانگ نادات.
ستراتیژیی تۆخێل؛ وزە و تەبایی پێش بەهرە و ناوە
کاراگێر ئاماژە بەوە دەکات کە کەس ناتوانێت بڕوای پێ بهێنێت کە ئەم 26 یاریزانە بەهرەمەندترینن لە ئینگلتەرا، چونکە ئەگەر بەگوێرەی بەهرە بووایە دەبوو فۆدن و پاڵمەر لە لیستەکەدا بن، بە تایبەت پاڵمەر کە گەورەترین سوپرایزە. بەڵام کاراگێر روونیدەکاتەوە؛
ستراتیژیی تۆخێل بریتییە لە وزە، خێرا و تەبایی کۆمەڵایەتی بەسەر بەهرەی تاکەکەسیدا. ئەو یاریزانی وەکوو ئێبێرێچی ئێزی هەڵبژاردووە، چونکە هێڵی هێرشبەریی خێرا و یاریزانی لێهاتووی دەوێت کە بتوانن لە گێمی دووەمدا وەکوو یەدەک جیاوازیی دروستبکەن.
هەڵەکەی خێزانی ماگوایەر و سزای ئارنۆڵد
کاراگێر تیشک دەخاتە سەر دوورخستنەوەی هاری ماگوایەر و دەڵێت؛
هێرشی دایک و برای ماگوایەر لە سۆشیاڵ میدیا بۆ سەر تۆخێل کارێکی زۆر نادروست بوو؛ چونکە هێشتا دوو هەفتە بۆ گەشتەکە ماوە و لەوانەیە پێکان رووبدات، بەڵام ئەم کارەی خێزانەکەی چانسی گەڕانەوەی ماگوایەری بە تەواوی لەناوبرد.
سەبارەت بە ئالێکساندەر ئارنۆڵد، کاراگەر دەڵێت؛
جێگەی داخی گەورەیە، ئەو بەو هیوایەوە چووە ریال مەدرید کە پێگەی لە یانە و هەڵبژاردە بەرزتر بێت، بەڵام ئەمە سەرکەوتوو نەبوو. تۆخێل بەرگریکارێکی کلاسیکی دەوێت کە لە بەرگریدا بەهێز بێت، بۆیە ریس جەیمس بژاردەی یەکەمیەتی.
کاراگەر هەروەها بانگهێشتکردنی ئیڤان تۆنی [یاریزانی خولی سعوودی] بە یەکێک لە سەرسوڕهێنەرترین بڕیارەکان دادەنێت.
لە کۆتاییدا کاراگێر دەڵێت، سەرکەوتن یان شکست لە نێو یاریگادا رووندەبێتەوە، بەڵام شێوازی کارکردنی تۆخێل و نەترسانی لە ناوە گەورەکان، شایەنی رێزگرتنە.



