ئالێگری بە دوو مەرج ئامادەیە لە میلان بمێنێتەوە

ماسیمیلیانۆ ئالێگری راهێنەری ئەیسی میلان ئامادەیە بۆ وەرزێکی دیکە لە یانەکە بمێنێتەوە ئەگەر داواکارییەکانی جێبەجێ بکرێن.
بەگوێرەی فوتبۆل ئیتاڵیا، بەندێک لە گرێبەستی ئەو راهێنەرەدایە کە وا دەکات راستەوخۆ گرێبەستەکەی بۆ وەرزێکی دیکە درێژببێتەوە بە مووچەی 6 ملیۆن یۆرۆ ئەگەر ئەو یانەیە بگاتە خولی پاڵەوانەکان. میلان لەم وەرزەدا نەیتوانی ململانێ لەسەر ناسناوی سکودێتۆ بکات بەڵام بە هەفتەیەک بەر لە کۆتایی خولەکە لە پلەی سێهەمی ریزبەندیدایە و چانسی بەهێزە کە بتوانێت بگاتە چامپیۆنزلیگ.
ئالێگری مافی ئەوەی هەیە مانەوە رەتبکاتەوە ئەگەر هاتوو ئەو دوو داواکارییەی هەیەتی جێبەجێ نەکرێن. یەکێکیان دابین کردنی بودجەیەکی بەرزەوە بۆ گواستنەوەی یاریزانان لە هاوین دا. میلان لە ئێستادا تەنها 19 یاریزانی پیشەگەری هەیە لە کاتێکدا یانەکان پێویستییان بە 25 یاریزانە. ئالێگری داوای کردووە دەسەڵاتی بڕیاردان لای خۆی بێت لە بازاڕی گواستنەوەدا.
داواکاری دووهەم، ئەوەیە دەبێت رۆڵی پۆستە کارگێڕییەکان لە یانەکەدا روون بێت و هەیکەلێکی کارگێڕی تەندروست یانەکە بەڕێوەببات پاش ئەو کێشە ناوخۆییانەی لە دەرەوەی چیمەنی یاریگا لە یانەکەدا سەریانهەڵدا.
سەرچاوەکە دەڵێت، کاردانەوەی جێری کاردیناڵی خاوەنی یانەکە ئەرێنی بووە بۆ داواکارییەکانی ئالێگری. بەڵام روون نیە یانەکە تا چەند دەتوانێت کێبڕکێی زەبەلاحەکان بکات لە بازاڕی گواستنەوەدا بەهۆی کێشە داراییەکانیان.



