راهێنەری بەلجیكا؛ لوكاكو یاریزانێكی ناوازەیە و ناتوانین دەستبەرداری بین

یاریگا –
رودی گارسیا، راهێنەری هەڵبژاردەی بەلجیكا دووپاتیكردەوە كە تیمەكەی ناتوانێت لە مۆندیالدا دەستبەرداری تواناكانی رومێلو لوكاكو ببێت.
دوێنێ بەلجیكا لیستی یاریزانە بانگهێشتكراوەكانی بۆ مۆندیالی 2026 بڵاوكردەوە و لوكاكو بانگهێشتكراوە.
لوكاكوی 33 ساڵان لەم وەرزەدا تەنیا نزیکەی کاتژمێرێک یاریی کردووە و لە چەند مانگی رابردووشدا بەدەست پێکانی ماسولکەکانی پشتەوەی رانیەوە دەیناڵاند.
هێرشبەرەكە لەژێر چاودێری تیمی پزیشکیی هەڵبژاردەکەدا دەمێنێتەوە تاوەکوو دەستپێکردنی یارییەکانی مۆندیال، کە بڕیارە لە 11ی حوزەیران تا 19ی تەممووز بەڕێوەبچێت.
هەڵبژاردەی بەلجیكا لە كۆمەڵەی حەفتەم هاوشانی هەڵبژاردەكانی میسڕ، ئێران و نیوزیلاند دێت.
رودی گارسیا دەربارەی بانگهێشتكردنی لوكاكو گوتی؛
ئەو گۆڵکاری یەکەممانە و سەرکردەیەکی گرنگیشە، ناتوانین دەستبەرداری ببین، ناتوانم دیاری بکەم چی رۆڵێک دەگێڕێت، بەڵام لە ئێستاوە راهێنان دەکات بۆ ئەوەی بە باشترین شێوە چاکبێتەوە.
چاکبووەتەوە، بەڵام لە رووی ئامادەیی جەستەییەوە دواکەوتووە. ئامادەکردنی لە رووی جەستەییەوە ئاڵنگارییەكی گەورە دەبێت، و نازانم ئایا لەگەڵ دەستپێکردنی مۆندیالدا %100 ئامادە دەبێت یاخود نا.
دەمانەوێت بیگەیەنینە بەرزترین ئاستی خۆی، لە ئێستادا پێنج هەفتەمان لەبەردەمدایە کە دوو یاری دۆستانەشی تێدایە، و دەبینین چۆن مامەڵە لەگەڵ یەک لەدوای یەکبوونی یەکەی راهێنانە بەکۆمەڵەکاندا دەکات.
لە تۆپی پێدا تەنیا یەک رومێلو لوكاكو هەیە، ئەو یاریزانێکی ناوازەیە و کەسی ترمان نییە کە بتوانێت هاوتای ئاستی ئەو بێت، ئەو لە هەر کاتێکی تر زیاتر بۆ یارییكردن لە مۆندیال بە پەرۆش دەبێت.



