یەکەم ئاماژەی رۆیشتنی گواردیۆلا؛ کەسایەتییەکی کاریگەر مانچێستەر سیتی جێدەهێڵێت
15 ساڵە لەگەڵ پێپ کار دەکات

یاریگا –
لۆرێنزۆ بۆناڤێنتورا، راهێنەری توانای جەستەیی یانەی مانچێستەر سیتی، بڕیارە لە کۆتایی ئەم وەرزەدا یانەکە جێبهێڵێت.
بۆناڤێنتورا کە تەمەنی 63 ساڵە، بۆ ماوەی زیاتر لە 15 ساڵ لە نزیکەوە لەگەڵ پێپ گواردیۆلا کاری کردووە. لە ساڵی 2009 پەیوەندی بە ستافەکەی بارسێلۆناوە کرد، پێش ئەوەی بچێتە بایرن میونشن و دواتریش بۆ مانچێستەر سیتی.

هەروەها راهێنەری گۆڵپارێزان، خابی مانسیسیدۆر، کە پێش هاتنی گواردیۆلاش لە مانچێستەر سیتی دەستی بەکار کردبوو، بڕیارە لەم هاوینەدا و لەگەڵ کۆتایی هاتنی گرێبەستەکەی، یانەکە جێبهێڵێت.
بۆناڤێنتورا و گواردیۆلا زۆر لە یەک نزیکن؛ راهێنەرە جەستەیییەکە کار بۆ ئەوە دەکات دڵنیا بێتەوە کە ئەو کارە جەستەیییانەی لە مەشقەکاندا دەکرێن، بە تەواوی لەگەڵ ئەو شێوازەدا بگونجێن کە گواردیۆلا دەیەوێت یاریزانەکان لەنێو یاریگادا پێی دەربکەون.
رۆیشتنی دوو راهێنەری درێژخایەن، بەتایبەتی یەکێکیان کە هێندەی بۆناڤێنتورا لە گواردیۆلاوە نزیک بێت، گومانی زیاتر دەخاتەسەر داهاتووی راهێنەرەکەی سیتی لە دوای ئەم وەرزە و ئەگەری رۆیشتنی ئەویش لەم هاوینەدا زیاتر دەکات.
جێگرەوە و پلانەکانی سیتی
راهێنەری پێشووی چێڵسی، ئێنزۆ مارێسکا، وەکوو بەربژێری سەرەکی بۆ جێگرتنەوەی ئەم راهێنەرە کاتالوونییە دەبینرێت ئەگەر لەم هاوینەدا گۆڕانکاریی لە پۆستی راهێنەرایەتیدا روو بدات.

لەو رۆژەی کە لە مانگی یەکدا چێڵسی جێهێشت، پێگەی ئاتلێتیک، ئاشکرای کرد کە مارێسکا یانەکەی ئاگادار کردووەتەوە، کە ئەو لەگەڵ کەسانی سەر بە مانچێستەر سیتی قسەی کردووە دەربارەی بەربژێرکردنی بۆ پۆستی راهێنەرایەتی، ئەگەر لە داهاتوودا ئەو دەرفەتە بێتە پێشەوە.
ئەو گفتوگۆیانە لە کۆتایی ساڵی 2025 دەستیان پێ کردووە، ئەمەش ئەوە دەسەلمێنێت کە مانچێستەر سیتی بۆ چەندین مانگە هەستی کردووە ئەگەرێکی راستەقینە هەیە کە گواردیۆلا لە هاویندا بڕوات.
چەندین سەرچاوەی جیاواز لە بەشە جیاجیاکانی تیمی یەکەمی سیتی پێشبینی رۆیشتنی گواردیۆلا دەکەن، بەڵام دەگوترێت ئەم راهێنەرە تەمەن 55 ساڵە ئێستا ورەی زۆر بەرزە و زۆر بە جۆش و خرۆشە بەهۆی ئەو شێوازەی کە تیمە لاوەکەی وەرزەکەی پێ کۆتایی دەهێنێت.
هیوایەک بۆ مانەوە لەنێو گۆڕانکارییەکاندا
ئەم ورە بەرزەی پێپ هیوای بە سیتی بەخشیوە کە لانی کەم تاوەکوو کۆتایی گرێبەستەکەی بمێنێتەوە کە لە هاوینی داهاتوو کۆتایی دێت. گواردیۆلا پێشتریش پلانی بۆ رۆیشتن لە کۆتایی وەرزێکدا هەبووە، بەڵام دواتر بۆچوونی خۆی گۆڕیوە.

مانچێستەر سیتی رۆژی چوارشەممە بە ئەنجامی 3-0 لە کریستاڵ پاڵاسی بردەوە بۆ ئەوەی هیوای کێبڕکێی نازناوەکە بە زیندوویی بهێڵێتەوە لە کاتێکدا تەنیا دوو یاری ماوە. گواردیۆلا گۆڕانکاریی زۆری لە پێکهاتەکەیدا کرد چونکە خۆی بۆ رووبەڕووبوونەوەی چێڵسی لە یاری کۆتایی FA Cup لە رۆژی شەممەدا ئامادە دەکات.
ئەمە بۆ داهاتووی گواردیۆلا مانای چییە؟
ئەوانەی شارەزای سیستمی مانچێستەر سیتین، دەڵێن ئەستەمە وێنای ئەوە بکرێت گواردیۆلا بەبێ بۆناڤێنتورا بەردەوام بێت، ئەمەش واتای ئەوەیە رۆیشتنی راهێنەرە جەستەیییەکە دەکرێت وەکوو ئاماژەیەکی دیکە بۆ گۆڕینی راهێنەر سەیر بکرێت.
هەرچەندە رۆیشتنی مانسیسیدۆر هەمان قورسایی نییە، بەڵام لە دەرەوە وا دەردەکەوێت کە هەموو نیشانەکان بەرەو یەک ئاراستەن؛ ئەویش ئەوەیە کاتی پێپ لە ئیتیحاد بەرەو کۆتایی دەچێت.
ئەگەر گواردیۆلا لەم هاوینەدا بڕوات، کاتی راگەیاندنەکە زۆر سەرنجڕاکێش دەبێت، چونکە بێگومان یانەکە دەیەوێت ماڵاوایییەکی گەورەی بۆ رێک بخات لە دوای کۆتا یاریی وەرز بەرامبەر ئاستۆن ڤێلا؛ هەمان ئەو رۆژەی کە یانەکە ماڵاوایی لە جۆن ستۆنز و بێرناردۆ سیلڤاش دەکات.
هەر راگەیاندنێک دوای کۆتایی هاتنی وەرز، بێگومان هەستێکی سارد و سڕ دەبەخشێت بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی گواردیۆلا چۆن ناسنامەی بە یانەکە بەخشیوە و سەردەمێکی نوێی لە پرێمەرلیگدا دروست کردووە. گرنگترین شت ئێستا بۆ سیتی ئەوەیە کە بیستەمین نازناو لەژێر دەستی ئەم کاتالوونییە بەدەست بهێنێت بە بردنەوە لە چێڵسی لە رۆژی یەکشەممەدا، بەڵام کاتی بڕیاردان زۆری نەماوە.



