
یاریگا –
پێش یارییەکەی ریال مەدرید بەرامبەر ریال ئۆڤیێدۆ، ئالڤارۆ ئاربێلوا لە ڤاڵدێبێباس قسەی بۆ میدیاکان کرد و تیشکی خستەسەر چەند بابەتێکی سەرەکی.
سەبارەت بە کەیسی نێگرێیرا، ئاربێلوا بەرگرییەکی توندی لە هەڵوێستی ریال مەدرید کرد و پرسیاری ئەوەی کرد بۆچی یانەکانی دیکە هەڵوێستێکی توندتریان نییە. کاتێکیش پرسیاری لێکرا ئایا هاوڕایە لەگەڵ بانگەشەکەی فلۆرێنتینۆ پێرێز، کە ریال مەدرید ساڵانێکە زیانی پێگەیشتووە، راهێنەرە ئیسپانییەکە گوتی:
بێگومان، هەموومان دەزانین لەو 20 ساڵەدا چی روویداوە، لانی کەم ئەوەی دەیزانین. رەنگە شتی دیکە هەبن کە تاوەکوو ئێستا نەیانزانین. باش دەبوو ئەگەر دۆسیەی نێگرێیرا یەکلایی کرابایەوە، روون دیارە ئەم بابەتە نە یاساییە و نە ئەقڵانییە بۆ ئێمە کە لەنێو جیهانی تۆپی پێداین. بڕوانەکراوە کە وا دیارە تەنیا ریال مەدرید بیەوێت بەرگری لە یاساییبوون لە تۆپی پێدا بکات. ئەوە هەستێکە هەموو مەدریدییەکان تێیدا هاوبەشن.
ئاربێلوا بەرگریی لە یانەکەش کرد بەرامبەر ئەو بانگەشانەی کە دەڵێن مەدرید بە یەکێک لە خراپترین ساتەکانی مێژوویدا تێدەپەڕێت. ئالڤارۆ گوتی:
سەرسامم کە دەبیستم خەڵک دەڵێن ئەم یانەیە گەیشتووەتە بنبەست. ئەی یانەکانی دیکە چی دەکەن؟ خۆ 50 ساڵ نییە هیچمان نەبردبێتەوە. ریال مەدرید بە پێوەرەکان و تموحەکانییەوە لەم شوێنەیە. لەو هەستی ناسەقامگیریی دامەزراوەییە یان دابەشبوونی ژووری خۆگۆڕینە تێناگەم. یانەکە بۆ ماوەیەکی درێژ زۆر شتی بە دروستی ئەنجامداوە.

سەبارەت بە فلۆرێنتینۆ پێرێز، ئاربێلوا دانی بەوەدانا کە ناتوانێت دەنگی پێ بدات چونکە ئەندامی یانەکە نییە، بەڵام بەڕوونی سەرسامیی خۆی نیشاندا و گوتی:
خۆزگە منیش دەمتوانی دەنگ بدەم، بەڵام ئەندام نیم. ریال مەدریدی پێش فلۆرێنتینۆ پێریزم دەناسی و دەزانم یانەکە لەم 26 ساڵەدا چی بووە. من ئەم 26 ساڵە هەڵدەبژێرم. هاندەرانی مەدرید لەوە تێدەگەن کە فلۆرێنتینۆ لە دەرەوەی نازناوەکان چی کردووە. ئەگەر کەسێک هەبێت توانای گۆڕینی ئەم بارودۆخەی هەبێت، ئەوە فلۆرێنتینۆ پێرێزە.
ئاربێلوا باسی کیلیان ئێمباپێی کرد، بەرگریی لە پابەندبوونی هێرشبەرە فەرەنسییەکە بۆ یانەکە کرد و گوتی:
بێگومان ئەو پابەندە. ئەگەر نا، نەمدەزانی ئەو لە کوێیە. ئەم یانەیە شانازییە بۆ هەموومان. یاریزانەکان دەبێت تێبگەن چەند بەختەوەرن کە بۆ ریال مەدرید یاری دەکەن.
سەبارەت بە یارییەکەی سبەی بەرامبەر ریال ئۆڤیێدۆ و ئەو کاردانەوەیەی لە هاندەران لە بێرنابیۆ چاوەڕوان دەکرێت، ئاربێلوا داوای یەکگرتوویی کرد و گوتی:
هەمیشە گوتوومە ریال مەدرید بەهێزترە کاتێک هاندەران و تیمەکە یەکگرتووە. بەدرێژایی مێژوو بەو شێوەیە بووە، ئێمە خێزانێکین، هەمیشە دەگەڕێینەوە، ریال مەدرید هەمیشە دەگەڕێتەوە. داخوازییەکان زۆرن، هەرگیز رازی نابین. دۆڕان بە ئازارە، زیاتر لە یانەکانی دیکە. جارێکی دیکە بە پاڵپشتی هاندەرانمان دەگەڕێینەوە سەر رێچکەی بردنەوە.



