
یاریگا –
فلۆرێنتینۆ پێرێز و دەستەی کارگێڕیی یانەی ریال مەدرید تاوتوێی بڕیارێکی چارەنووسساز دەکەن کە پەیوەندی بە شێوازی دیاریکردنی کاپتنەکانی تیپەکە و چەندین بابەتی دیکەوە هەیە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی رۆژنامەی مارکا، یانەکە بیر لەوە دەکاتەوە کۆتایی بە یاسای کۆنی و پێشینەیی بهێنێت کە ساڵانێکی درێژە پەیڕەو دەکرێت، هەر بۆیە ئەمڕۆ فلۆرێنتینۆ پێرێز و دەستەی کارگێڕیی کۆبوونەوەیەک دەکەن کە تێیدا تاوتوێی دەستنیشانکردنی راهێنەری نوێ، چارەسەری نەگونجانی یاریزانەکان و گۆڕانکاریی لە یاسای کاپتنیی دەکەن.
قەیرانی ڤینیسیۆس و ئێمباپێ
یەکێک لە گەورەترین کێشەکانی ئەم وەرزە کە پێرێز دەبێت چارەسەری بکات، پەیوەندی نێوان ڤینیسیۆس و ئێمباپێیە. ئەم دووانەیە نەک هەر لەنێو یاریگا هەماهەنگ نەبوون، بەڵکوو گومان هەیە لە دەرەوەی یاریگاش کێشەیان هەبێت. پێرێز دەبێت دەستوەردان بکات بۆ ئەوەی رێگری بکات لە هەرەسھێنانی پڕۆژە وەرزشییەکەی.

یاسای کۆن چییە و بۆچی دەگۆڕدرێت؟
لە ریال مەدرید بە شێوەیەکی نەریتی، ئەو یاریزانەی زۆرترین ساڵ لەنێو تیپی یەکەمدا بووبێت، بە بێگوێدانە تەمەن یان نەتەوەکەی، دەبێتە کاپتنی یەکەم. بەڵام دوای ئەو پاشاکەوتەی لەم وەرزەدا روویدا و دروستبوونی بۆشایی سەرکردایەتی لەنێو یاریگادا، کارگێڕیی یانەکە پێیان وایە کە پێویستە کاپتن بەگوێرەی کەسایەتی، توانای سەرکردایەتی و کاریگەری لەنێو ژووری خۆگۆڕیندا دیاریبکرێت، نەک تەنیا بەگوێرەی ژمارەی ئەو ساڵانەی لە یانەکەدا بەسەریبردووە.
ئامانج لەم بڕیارە؛
دروستکردنی سەرکردەی راستەقینە؛ یانەکە دەیەوێت یاریزانێک نیشانەی کاپتنی ببەستێت کە بتوانێت لە کاتە سەختەکاندا تیپەکە کۆبکاتەوە و کۆنترۆڵی کێشەکان بکات [وەکوو کێشەکانی نێوان ڤینیسیۆس و ئێمباپێ].
هاندانی یاریزانە کاریگەرەکان؛ ئەم بڕیارە دەرفەت دەداتە یاریزانە خاوەن کەسایەتییە بەهێزەکان، تەنانەت ئەگەر ماوەیەکی کەمیش بێت لە یانەکە بن، ببنە سەرکردەی تیمەکە.
ئەم هەنگاوەی پێرێز وەکوو بەشێک لەو شۆڕشە کارگێڕیی و وەرزشییە دەبینرێت کە بڕیارە لە هاوینی ئەمساڵدا لە برنابیۆ برکێت بۆ گەڕانەوە بۆ سەر سەکۆی نازناوەکان.
شەڕە ناوخۆییەکان ریاڵ مەدرید ناچار دەکەن پەنا بۆ یاسایەکی بارسێلۆنا ببات



