
یاریگا –
لە کاتێکدا ریال مەدرید لەنێو قەیرانێکی وەرزشی قووڵدایە، کێشەیەکی نوێ لەنێو نووسینگەکانی یانەکە سەریهەڵداوە و بەرپرسانی یانەکەی بەخۆیەوە سەرقاڵکردووە.
رۆژنامەی سپۆرت بڵاویکردووەتەوە، سانتیاگۆ سۆلاری، یاریزان و راهێنەری پێشووی یانەکە، ئێستا بووەتە کەسایەتییەکی نەخوازراو و کارگێڕیی یانەکە گومانی لێ دەکەن کە ئەو سیخوڕ یان سەرچاوەی دزەپێکردنی زانیارییە نهێنییەکان بێت بۆ میدیاکان.
گومانەکان دوای ئەوە زیاتر بوون کە رادیۆی کادینا سێر لە بەرنامەیەکدا بڵاویکردەوە، ریال مەدرید خەریکی گۆڕانکارییە لە پێکهاتەی کارگێڕیی و دەیەوێت بەڕێوەبەرێکی وەرزشی نوێ دابمەزرێنێت. ئەم هەواڵە یانە شاهانەکەی ناچار کرد بەیاننامەیەکی فەرمی بڵاوبکاتەوە و هەواڵەکە بە سەراپا ناڕاست لە قەڵەم بدات. کارگێڕیی مەدرید پێیان وایە سۆلاری سەرچاوەی ئەم هەواڵە بووە بۆ تێکدانی سەقامگیریی یانەکە.
🕵️En el Madrid sospechan que Solari es el topo de los despachos
➡️Florentino Pérez lo repescó, le dieron el puesto de responsable de la cantera pero le relevaron por su inacción y ahora se ha convertido en un problema para el clubhttps://t.co/igvbl1jzsf
— Diario SPORT (@sport) May 8, 2026
سۆلاری؛ لە راهێنەرەوە بۆ باڵیۆزێکی بێکار
فلۆرێنتینۆ پێرێز لە تشرینی دووەمی ساڵی 2022 سۆلاری گەڕاندەوە یانەکە، دوای ئەوەی لە مەکسیک دوورخرابووەوە. سەرەتا وا بڵاوکرایەوە کە دەبێتە بەڕێوەبەری تۆپی پێ، بەڵام دواتر کرا بە بەرپرسی ئەکادیمیای یانەکە. تەمەنی لەو پۆستەدا کورت بوو و ئێستا تەنیا وەکوو باڵیۆزی یانەکە دەردەکەوێت.
رۆژنامە کاتالوونییەکە ئاشکرای کردووە، سۆلاری هیچ پابەندییەکی بە کارەکەیەوە نەماوە، تەنیا لەنێو سەکۆکانی یاریگادا دەبینرێت و هیچ دەسەڵاتێکیشی نییە. سۆلاری چاوەڕێی دەرفەتێک بوو ببێتە جێگرەوەی کارلۆ ئانچێلۆتی یان چابی ئاڵۆنسۆ، بەڵام کارگێڕیی یانەکە ئالڤارۆ ئاربێلوایان لەو لە پێشتر دانا، ئەمەش بووەتە هۆی دروستبوونی گرژی لە نێوان سۆلاری و ستافی پێرێزدا.
ئەم پشتگوێخستنە سۆلاری تووڕە کردووە و بەرپرسانی یانەکە ئێستا دەترسن کە سۆلاری بەمەبەست کێشە بۆ ستافی راهێنەرایەتی و کارگێڕیی دروستبکات بۆ ئەوەی بیسەلمێنێت کە یانەکە پێویستی بە گۆڕانکارییە.
رەخنەگرتن لە سیاسەتی گواستنەوە: هێڵی سووری پێرێز
سۆلاری بەوە تۆمەتبار دەکرێت کە رەخنەی لە گرێبەستە نوێیەکانی وەکوو هاوسن، کارێراس و ماستانتۆنۆ گرتووە. لە ریال مەدرید، رەخنەگرتن لە سیاسەتی کڕینی یاریزانی لاو بە رەخنەگرتن لە خودی فلۆرێنتینۆ پێرێز دادەنرێت.
کارگێڕیی یانەکە پێیان وایە ناکرێت رەخنە لە یاریزانێک بگریت کە تەنیا 10 مانگە لە یانەکەدایە و پێیان وایە سۆلاری دەیەوێت لە رێگای ئەم رەخنانەوە شەرعییەت بەخۆی بدات بۆ ئەوەی بچێتە نێو بازنەی بڕیاردانی گواستنەوەکان، کە ئێستا تەنیا لە دەستی سێ کەسی نێو یانەکەدایە.
پێڕێز لە ساڵانی رابردوودا ستراتیژییەکەی گۆڕیوە بۆ کڕینی یاریزانی لاو و بەهرەمەند وەکوو ڤینیسیۆس، رۆدریگۆ، بێلینگهام و ئێندریک بۆ ئەوەی بتوانێت کێبڕکێی یانە دەوڵەمەندەکانی وەکوو پاریس سان جێرمان و یانە ئینگلیزییەکان بکات، هەرچەندە هەندێک گرێبەستی وەکوو هازارد و یۆڤیچ سەرکەوتوو نەبوون، بەڵام یانەکە هێشتا بەرگریی لەم پلانە دەکات.
داهاتووی سۆلاری؛ دەرکردن یان دەستلەکارکێشانەوە؟
ئێستا دۆخی سۆلاری زۆر ئاڵۆزە؛ یانەکە دەیەوێت لە پۆستەکەی دووریبخاتەوە، بەڵام سۆلاری داوای کاتی کردووە و دەڵێت چاوەڕێی ئۆفەرێکی راهێنەرایەتی دەکات. ئەم چاوەڕوانییە بووەتە بارگرانییەکی گەورە بۆ مەدرید و یانەکە وا هەست دەکات کە سۆلاری ئێستا زیاتری لەوەی سوود بێت، زیانی بۆ سەقامگیری یانەکە هەیە.



