راپۆرتی تایبەت؛ یاریزانەکانی ریال مەدرید پێشوازیی لە گەڕانەوەی جۆزێ مۆرینیۆ دەکەن؟
ڤینیسیۆس و مۆرینیۆ؛ ئایا لێدوانەکانی پێشووتر دەبنە بەربەست لەبەردەم گەڕانەوەی سپێشەڵ وەن؟

یاریگا –
گەڕانەوەی پێشبینیکراوی جۆزێ مۆرینیۆ بۆ ریال مەدرید، پرسیاری زۆری لەنێو هاندەران و چاودێرانی وەرزشیدا دروست کردووە؛ ئایا ژووری خۆگۆڕینی مەدرید کە پڕە لە هەستی خۆبەزلزانینی ئەستێرەکان و ململانێ، چۆن پێشوازی لەم راهێنەرە توندە دەکات؟ کێشەکانی رابردووی لەگەڵ ڤینیسیۆس جونیۆر دەبنە رێگر؟ تاکتیکەکانی چۆن دەبن؟
تۆڕی ئاتلێتیک لە راپۆرتێکی شیکاریی تێروتەسەلدا وەڵامی هەموو ئەو پرسیارانە دەخاتەڕوو.
ڤینیسیۆس و مۆرینیۆ؛ کێشەیەک هەیە؟
لە شووباتی ئەمساڵ، کاتێک ریال مەدرید و بێنفیکا لە چامپیۆنزلیگ رووبەڕووی یەکتر بوونەوە، ڤینیسیۆس جونیۆر سکاڵای کرد کە جیانلوکا پرێستیانی، یاریزانی یانە پۆرتوگالییەکە بێڕێزیی رەگەزپەرستانەی پێکردووە. دواتر بەم دواییانە یوێفا پرێستیانی بۆ شەش یاریی راگرت.
لەدوای یارییەکە مۆرینیۆ لە کۆنگرەی رۆژنامەوانی دژی ڤینیسیۆس قسەی کرد گوتی؛
شتێکی هەڵە هەیە، چونکە لە هەموو یاریگایەکدا کە ڤینیسیۆس یاریی تێدا دەکات، هەمیشە شتێک روودەدات.
ئەم لێدوانەی مۆرینیۆ رەخنەی زۆری لێکەوتەوە، بەڵام سەرەڕای ئەم رابردووە، سەرچاوە نزیکەکانی ڤینیسیۆس بە ئاتلێتیکیان گوتووە، کە یاریزانەکە هیچ کێشەیەکی لەگەڵ گەڕانەوەی مۆرینیۆ نییە. ئەمەش لە کاتێکدایە کە گفتوگۆکانی نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی ڤینی [کە تەنیا 13 مانگی ماوە] گەیشتووەتە بنبەست.


کاردانەوەی ژووری خۆگۆڕین
بەشێکی زۆری یاریزانەکانی ریال مەدرید بە ئەرێنییەوە دەڕواننە گەڕانەوەی مۆرینیۆ، هەروەها لە کاتێکدا کە چاوەڕوان دەکرێت ئالڤارۆ ئاربێلوا لە کۆتایی وەرزدیانەکە جێبهێڵێت، یاریزانەکان پێشوازیی لەم گۆڕانکارییە دەکەن. یاریزانێکی وەکوو دین هاوسن کە پێشتر لە رۆما لەژێر دەستی مۆرینیۆ یاریی کردووە، پەیوەندییەکی زۆر باشی لەگەڵدا هەیە.
دەربارەی مامەڵەی مۆرینیۆ لەگەڵ ئەستێرەکاندا، ئاربێلوا پێشتر لە چاوپێکەوتنێکدا گوتبووی؛
ئێمە زۆر زوو تێگەیشتین مۆرینیۆ کێیە. ئەو بەسەر هەموواندا هاواری دەکرد، تەنانەت کریستیانۆ رۆناڵدۆش و دەیگوت ئەگەر نەتەوێت رابکەیت؟ کێشە نییە، کورسی یەدەک چاوەڕێتە.
هەروەها کیلیان ئێمباپێ لە مانگی رابردوودا لایکی بۆ پۆستێکی کرد کە باسی لە گەڕانەوەی مۆرینیۆ دەکرد، ئەمەش هەروەکوو خواستنی یاریزانەکە بۆ یاریکردن لەژێر سەرپەرشتی سپێشەڵ وەن لێکدەدرێتەوە.


تاکتیک و شێوازی یاریکردن؛ گەڕانەوە بۆ شێوازی راستەقینە
بە درێژایی 26 ساڵی کارکردنی، مۆرینیۆ هەمیشە گاڵتەی بەو کەسانە کردووە کە خۆیان بە فەیلەسوفی تاکتیک دەزانن. فەلسەفەی ئەو سادەیە؛ بەرگرییەکی زۆر رێکخراو و هێرشی خێرا و راستەوخۆ، گرنگی بە ئاماری کۆنترۆڵکردنی تۆپ [پۆزێشن] نادات.
ئەم شێوازە لەگەڵ سەرکەوتنەکانی ئەم دواییەی ریال مەدرید لەژێر سەرپەرشتی کارلۆ ئانچێلۆتی یەکدەگرێتەوە، کە زیاتر پشتی بە بەرگری قووڵ و هێرشی هەڵگەڕاوە دەبەست. ئەم گەڕانەوەیە بۆ شێوازی راستەقینەی یانەکە رەنگە جێگای دڵخۆشی بێت بۆ ئەو یاریزانانەی کە پێشتر بێزار ببوون لە شێوازی پڕ تاکتیکی چابی ئاڵۆنسۆ و کۆنترۆڵکردنی هەموو جوڵەیەکی نێو یاریگا.

بەڵام پرسیارە گەورەکە ئەوەیە؛ تاکتیکەکانی مۆرینیۆ هێشتا بۆ تۆپی پێی سەردەم گونجاون؟ بەتایبەت کە دوایین نازناوی خولی ناوخۆیی کە بەدەستیهێنابێت دەگەڕێتەوە بۆ وەرزی 2015-2016 لەگەڵ چێڵسی و دوایین سەرکەوتنیشی لە قۆناخی کرانەدەرەوەی چامپیۆنزلیگ لە ساڵی 2014 بووە.



