ئەمە ئابڕووچوونە؛ ئەڵمانیا لە پینهێرۆی ناوبژیوان تووڕەیە
هەموو شتێک دژی ئێمە بووە

یاریگا –
بایرن میونشن و میدیاکانی ئەڵمانیا بە توندی رەخنەیان لە ناوبژیوان جواو پینهێرۆ گرت دوای یەکسانبوونی 1-1 بەرامبەر پاریس سانجێرمان کە بووە هۆی دوورخستنەوەی بایرن لە خولی پاڵەوانەکانی ئەوروپا.
سکاڵا سەرەکییەکان دوو رووداوی بەردەستکەوتنی تۆپ بوون کە نونۆ مێندێش و جواو نێڤێشیان تێدابوو. بایرن پێی وابوو نونۆ مێندێش دەبوو کارتی زەردی دووەم وەربگرێت، لە کاتێکدا بەردەستکەوتنێکی دیکەی تۆپ لەلایەن جواو نێڤێشەوە دەبوو ببێتە هۆی لێدانی سزا.
بە تایبەت رۆژنامەی بێڵدی ئەڵمانی زۆر توند بوو، بە ‘ئابڕووچوونی ناوبژیوانی’ ناوی برد و دەڵێت ناوبژیوان “خەونی بایرنی بۆ گەیشتن بە یاریی کۆتایی لەناوبرد.”
رۆژنامەکە رەخنەی لە چەند بڕیارێک گرت، لەوانە فیکەی ئۆفسایدێکی زوو دژی هاری کەین و ئەو ساتەی کە یاریزانانی بایرن داوای کارتی زەردی دووەمیان بۆ نونۆ مێندێش دەکرد. لەبری ئەوە، پینهێرۆ فاوڵی دژی کۆنراد لایمەر هەژمار کرد، هەرچەندە بێڵد پێی وابوو تۆپەکە بەر سک و رانی کەوتووە نەوەکوو دەستی.
Joao Neves handball in Bayern Munich vs PSG UCL 2nd Leg Semifinal game.
Penalty, YES or NO? pic.twitter.com/EeviwkJhkD
— Daily Foot Vibes (@dailyfootvibes) May 7, 2026
سەبارەت بە بەردەستکەوتنی تۆپ لەلایەن جواو نێڤێشەوە، ناوبژیوانی پێشوو مانوێل گرافێ گوتی:
ئەوە لێدانی سزایە و دەبێت هەمیشە هەژمار بکرێت، چونکە جووڵەیەکی بەمەبەست بەرەو تۆپەکە هەبووە.
بەڵام بێڵد ئاماژەی بەوەش کردووە کە یاساکانی بۆردی یەکێتی نێودەوڵەتی تۆپی پێ، رەنگە رێگە بدەن لێدانی سزا هەژمار نەکرێت ئەگەر تۆپەکە لە هاوتیمێکەوە بێت و بەرەو گۆڵ نەچێت.
یان کریستیان دریسن، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری بایرن، بە ئاشکرا تووڕە بوو و گوتی:
جێگەی سەرسوڕمانە کە رێگە بە ناوبژیوانێک دراوە کە تەنیا 15 یاریی چامپیۆنزلیگی بەڕێوەبردووە، سەرپەرشتی یارییەکی لەم شێوەیە بکات.
Nuno mendes should be off!
— JACINTA❤️ (@JacentaArs) May 6, 2026
ڤینسێنت کۆمپانی راهێنەریش گومانی لە بڕیارەکان هەبوو و گوتی:
بۆچی ئەوە کارتی سوور نییە؟ تێناگەم. بۆچی لە پاریس لێدانی سزایان لەسەرمان هەژمار کرد، بەڵام لێرە نا؟ من یاساکان دەزانم، ئەو دەستە لە سەرووی سەریەوە بوو. هەست دەکرێت هەموو شتێک دژی ئێمە بووە.



