لە کاتێکی زۆر پێویستدا ئارسیناڵ تواناکانی دوو ئەستێرەی بۆ دەگەڕێتەوە

یاریگا –
میکێل ئارتێتا لە کۆنفرانسی رۆژنامەوانی پێش یارییەکەی سبەی شەویان بەرامبەر ئاتلێتیکۆ مەدرید هەواڵێکی خۆشی بە هاندەرانی ئارسیناڵ دا.
سبەی سێشەممە کاتژمێر 22:00 بە کاتی هەرێمی کوردستان ئارسیناڵ لە یاریی گەرانەوەی پێش کۆتایی چامپیۆنزلیگ میوانداریی ئاتلێتیکۆ مەدرید دەکات کە یاریی چوونیان لە میترۆپلۆیتانۆ 1-1 کۆتایی هات.
سەبارەت بە گەڕانەوەی یاریزانە پێکراوەکان، ئارتێتا رایگەیاند هەریەکە لە کای هاڤێرتز و مارتن ئۆدیگار بۆ جەنگەکەی نێو یاریگای ئیمارات ئامادەن، بەڵام ئەوەی یەکلانەکردەوە کە لە پێکهاتەی سەرەکیدا دەبن یاخود نا. لەو بارەیەوە وتی
ئەوان هەردووک ئامادەن، گەڕاونەتەوە بۆ پێکهاتەکەم. ئەوەش شتێکی نایابە بۆمان چونکە بژاردەی زیاترمان پێویستە، چونکە دەمانەوێ سبەی شەو یارییەکی جیاوازتر ئەنجام بدەین، جا ئیتر ئەگەر لە پێکهاتەی سەرەکیبن یاخود دواتر بەشدارییان پێبکەم. بۆیە، گەڕانەوەیان زۆر زۆر هەواڵێکی خۆشە بۆمان.
سەبارەت بە بوکایۆ ساکا کە تازە لە پێکان چاکبووەتەوە و گەڕاوەتەوە بۆ یارییەکانی ئەو دواییەی ئارسیناڵ، ئارتێتا وتی
ساکا زۆر باشە. ئەوەیە کە دەمانەوێ کاتێ دەگەینە ئەم قۆناخەی پاڵەوانێتیەکە. نەک تەنها ئامادەبن، بەڵکوو لەوپەڕی دۆخی باشدابن کە ئاستی خۆیان پێشکەش بکەن و جیاوازیی دروستبکەن. بە دڵنیایی ساکاش ئەو یاریزانەیە ئەوەمان پێببەخشێ.



