
یاریگا –
کیلیان ئێمباپێ لە دووەم وەرزی خۆیدا لە ریال مەدرید رووبەڕووی رەخنە بووەتەوە.
رۆژی یەکشەممە ریال مەدرید بە ئەنجامی 2-0 لە ئیسپانیۆڵی بردەوە بۆ ئەوەی لە پلەی دووەمی لالیگادا بمێنێتەوە و ئاهەنگگێڕانی بارسێلۆنا بۆ بردنەوەی نازناوەکە دوابخات. لەم یارییەدا ڤینیسیۆس سەرکردەی تیمەکە بوو و هەردوو گۆڵەکەی کرد، لە کاتێکدا ئێمباپێ بەهۆی هەستکردن بە ئازار جارێکی دیکە ئامادە نەبوو. تەنانەت نەچووە نێو یاریگاش، چونکە لە گەشتێکدا بوو و تەنیا 12 خولەک پێش دەستپێکردنی یارییەکە گەیشتەوە ئیسپانیا.
ئەم بابەتە لە بەرنامەی کاروسێل دیپۆرتیڤۆی کادینا سێردا باسی لێوەکرا، کە تێیدا برۆنۆ ئالێمانی شیکردنەوەی بۆ شێوازی یاریکردنی ریال مەدرید بە بوونی ئێمباپێ و بەبێ ئەو کرد. تیمەکە زۆر دەگۆڕێت کاتێک ئەو یاری ناکات. ئالێمانی گوتی خەڵک زۆر باس لە کەمیی هەوڵەکانی ئێمباپێ دەکەن کاتێک تۆپی لانییە، بەتایبەتی لە کاتی فشارکردندا، بەڵام بەگوێرەی پێویست باس لەوە ناکرێت کە چی روودەدات کاتێک مەدرید تۆپی لایە.
لە بۆچوونی ئالێمانیدا، ئێمباپێ بەگوێرەی پێویست بۆ نێو بۆشاییەکان راناکات و لەو بارەیەوە گوتی:
ئەو بەگوێرەی ئەو خێرایی و توانایەی هەیەتی، بۆ نێو بۆشاییەکان راناکات. تەنانەت ئەگەر تەنیا چەند مەترێکیشت هەبێت، راکردن یارمەتی تیمەکەت دەدات. بەڵام لەم وەرزەدا، ئێمباپێ داوای تۆپ دەکات بۆ قاچەکانی، هەوڵ دەدات بە تەنیا یاریزانان ببڕێت و وا رەفتار دەکات کە میسییە. بەڵام ئەو میسی نییە. ئەو جۆرێکی دیکەی یاریزانە. هەندێکجار دەتوانێت دوو یاریزان ببڕێت و گۆڵێکی نایاب بکات، بەڵام ئەوە شێوازی سرووشتیی ئەو نییە. کاتێک لەمە تێدەگات، دەبێتە یاریزانێکی زۆر باشتر.
🚨🆕 “No hay ninguna duda de que VINICIUS y BELLINGHAM hubieran hecho otra temporada con otro tipo de delantero que no fuera MBAPPÉ”
🫵 “Vinicius juega CLARAMENTE mejor sin Mbappé”
▪️ @brunoalemany lo tiene muy claro y así lo explica en el #CarruselCanalla pic.twitter.com/2Q6d3wcaY1
— Carrusel Deportivo (@carrusel) May 3, 2026
پاشان ئانتن میانا پرسیاری ئەوەی کرد، کە ئایا ئەم شێوازەی یاریکردن کاریگەری لەسەر هاوتیمەکانی هەیە، بەتایبەتی جود بێلینگهام و ڤینیسیۆس، کە لە دوو وەرزی رابردوودا لە باشترین ئاستی خۆیاندا نەبوون. ئالێمانی لە وەڵامدا گوتی:
بێلینگهام و ڤینیسیۆس وەرزێکی باشتریان دەبوو ئەگەر هێرشبەرێکی دیکەیان لەگەڵ بووایە، هیچ گومانێک لەوەدا نییە، بەڵام ئێمباپێ هێشتا زۆر باشە، گۆڵ و ساتی گرنگی بە ریال مەدرید بەخشیوە. ڤینیسیۆس بە ئاشکرا بەبێ ئێمباپێ باشتر یاری دەکات.
خیسۆس گایێگۆش هاوڕا بوو لەگەڵیدا و گوتی:
ئێمە ماوەیەکی زۆرە ئەمە دەڵێین. تەنانەت دەتوانیت ئەمە لە زمانی جەستە و روخساریشیدا ببینیت. ڤینیسیۆس تەنانەت یارمەتی بەرگریش دەدات. کاتێک ئێمباپێ یاری دەکات، وا دیارە سەیری یەکدی دەکەن بزانن کێ کەمتر بەرگری دەکات.



