عێراقکوردستانگرنگترین

ئێستا سزاکەی نەورۆز هەڵوەشێننەوە؛ قوە جەوییە بەیاننامەیەکی فەرمی بڵاوکردەوە

"کردەوەیەکی تاکەکەسی لەسەر تەواوی هاندەران هەژمار مەکەن"

Yariga App

یاریگا –

یانەی قوە جەوییە بەیاننامەیەکی فەرمی لەبارەی سزادانی یانەی نەورۆز بڵاوکردەوە و داوای هەڵگرتنی سزاکە دەکات.

لە چوارچێوەی ئەو یارییەدا کە تیپەکەمانی لەگەڵ براکانمان لە یانەی نەورۆز لە پارێزگای سلێمانی کۆکردەوە، سوپاس و پێزانینی دڵسۆزانەمان ئاراستەی ئیدارەی یانەی نەورۆز و هاندەرە دڵسۆزەکانیان دەکەین بۆ ئەو پێشوازییە گەرم و میواندارییە گەرمەی کە لە شاندی تیپەکەمان کرا، ئەمەش رەنگدانەوەی ئەو پەیوەندییە قووڵە برایەتی و وەرزشییەیە کە یانەکەمان بە یانەکانەوە لە سەرجەم پارێزگاکاندا دەبەستێتەوە.

یانەی قوە جەوییە سەرسوڕمانی خۆی دەردەبڕێت و ئیدانەی سزادانی هاندەرانی یانەی نەورۆز دەکات. هەروەها دووپاتی دەکەینەوە کە ئەوەی روویدا دەرئەنجامی کردەوەیەکی تاکە کەسی بووە نە کاری هەموو هاندەران و نوێنەرایەتی بەها راستەقینەکانی وەرزش ناکات.

ئێمە وەکوو یانەی قوە جەوییە پێمان وایە هاندەران رووحی تۆپی پێن، رێگریکردن لە ئامادەبوونیان زیان بە کایەی وەرزشی دەگەیەنێت و رێگری لە گەشەسەندنی دەکات، بۆیە داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەین چاو بەو بڕیارەدا خشێننەوە و دادپەروەری بچەسپێنن و پێگەی هاندەران و رۆڵی جەوهەرییان لە پاڵپشتی وەرزشدا بپارێزن.

لەکۆتاییدا سوپاس و پێزانینی خۆمان بۆ ئیدارەی یانەی نەورۆز و هاندەرانی یانەی نەورۆز هەروەها بۆ خەڵکی شاری سلێمانیش دووپاتدەکەینەوە، چاوەڕوانی هاوکاری و هاوڕێیەتی زیاترین لەخزمەتی تۆپی پێی عێراقدا.

ئەمڕۆ 3ـی ئایاری 2026، لێژنەی رێککاری یەکێتی تۆپی پێی عێراق رایگەیاند، بەهۆی ئەوەی هاندەرانی نەورۆز لە یارییەکەی بەرامبەر قوە جەوییە سووکایەتییان بە یانەی قوە جەوییە کردووە، بڕیاریانداوە یانەی نەورۆز بۆ یارییەک سزا بدەن و یارییەکەی شوڕتە بەبێ ئامادەبوونی هاندەران بەڕێوەدەچێت.

لەلای خۆیەوە زیا سەمیر لەتیف، سەرۆکی دەستەی هاندەرانی قوە جەوییە لە هەژماری تایبەتی خۆی پەیامێکی بڵاوکردووەتەوە و رەتیدەکاتەوە هاندەرانی نەورۆز سووکایەتیان پێکردبن و دەڵێت بەپێچەوانەوە زۆر رێزمان لێگیراوە.

سوێند بە خودا چووینە یاریگای نەورۆز و یاریگاکەمان جێهێشت هیچ هاندەرێکی نەورۆز سووکایەتی پێ نەکردین و رێزێکی زۆریان لێگرتین، کەوایە لەسەر چی سزا دەدرێن تکایە بۆمان روونبکەنەوە.

 

هاوکات فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق رایگەیاندووە بە پشت بەستن بە گرتە ڤیدیۆیەک ئەو بڕیارەیان داوە و یانەی نەورۆز بۆی هەیە تانە لە بڕیارەکە بدات.

یانەی نەورۆز لە لێدوانێکی تایبە بۆ تۆڕی وەرزشی یاریگا رایگەیاندووە تانە لە بڕیارەکەی یەکێتی تۆپی پێی عێراق دەدەین، هەموو هەوڵێک دەدەین تاوەکوو هاندەران لە یاریی بەرامبەر شوڕتە لە یاریگا ئامادەبن.

بەپەلە؛ قوە جەوییە بەرگری لە نەورۆز دەکات

 

بابەتی زیاتر

Back to top button