
یاریگا –
ئارسیناڵی میکێل ئارتێتا لە هەفتەی 35ی پرێمەرلیگ بردنەوەیەکی گەورە و هاوکات گرنگی تۆمارکرد کاتێک 3-0 لە دێربی لەندەن لە فوڵهامی بردەوە.
بەو سەرکەوتنە، گەنەرزی پێشەنگ کۆی خاڵەکانی گەیاندە 76 خاڵ و جیاوازییەکەی لەگەڵ مانچێستەر سیتی رکابەری بۆ 6 خاڵ بەرزکردەوە بەلام دوو یاریی کەمتر بۆ تیمەکەی پێپ گواردیۆلا.
دوای بردنەوەکەیان لە فوڵهام، راهێنەرە ئیسپانییەکە باسی لە یارییەکانی رکابەرەکانی کرد بەتایبەت مان سیتی کە ئەمڕۆ لە ئەرکێکی قورسدا دەبنە میوانی ئێڤەرتن. لە وەڵامی ئەوەی ئایا تەماشای یارییەکە دەکات، میکێل وتی
تەماشای یارییەکەی ئێڤەرتن-مان سیتی دەکەم، چونکە تۆپی پێم خۆشدەوێ.
سەبارەت بە ئاستی تیمەکەی و گرنگی سێ خاڵی یارییەکە، ئارتێتا وتی
دوێنێ باسی تینوێتی (پەرۆشیی) کە پێویستە لەنێو یاریگا ئەنجامی بدەین، بەدڵنیاییەوە ئەنجامیشمان دا. دەتتوانی ببینی تیمەکە چێژیان وەردەگرت، بەوەش هاندەرانمان زۆر بەباشی کاردانەوەیان بۆ یارییەکە هەبوو.
ئارسیناڵ لە چامپیۆنزلیگیش یاریی چارەنووسسازی لەپیشە و سێشەممەی ئەم هەفتەیە لە یاریی گەڕانەوەی پێش کۆتایی چامپیۆنزلیگ میوانداریی ئاتلێتیکۆ مەدرید دەکات کە یاریی چوونیان 1-1 کۆتایی هات.



