
یاریگا –
نەورۆز میوانداری قوە جەوییە دەکات و راهێنەری سوورپۆشەکان دەڵێت دەمانەوێ ببینە هۆکارێک بۆ ئەوەی جەوییە نازناوەکە لە دەست بدات.
دوو شەممە ( 27ـی نیسانی 2026 ) لە گەڕی 31ـی خولی ئەستێرەکانی عێڕاق، نەورۆز کاتژمێر 5ـی ئێوارە لە یاریی لووتکەدا میوانداری قوە جەوییە دەکات، لە مێژوودا هەر دوو یانە نۆ یاریی فەرمیان بەرامبەر یەکتر کردووە، نەورۆز لە یەک یارییدا براوە بووە و جەوییەش لە هەشت یارییەکەی دیکە سەرکەوتنی بەدەستهێناوە.
وەلی کەریم، راهێنەری نەورۆز بە گرینگیەوە باسی ئەم یارییەی کرد، راهێنەرەکە دەڵێت دەمانەوێ ئێمە هۆکار بین بۆ ئەوەی ئەم وەرزە قوە جەوییە نازناوەکە لە دەست بدات:
هەموو یانەیەک ئارەزوو دەکات سەرکەوتن بەرامبەر جەوییە تۆمار بکات، چونکە ئەوان پێشەنگی خولن، دوای ماوەیەکی زۆر ئامانجانە یەکەم شکست نۆشی جەوییە بکەین، دەمانەوێ هۆکارێک بین کە ئەم وەرزە جەوییە نازناوەکە لە دەست بدات، ئەوەی لە گێمی دووەم لە یاریی رابردوو بەرامبەر تەڵەبە پێشکەشمان کرد، دەمانەوێ هەمان ئاست پێشکەش بکەین و شایستە بێت بە هاندەران و ناوی نەورۆز.
قوە جەوییە 21 یارییە شکستی نەهێناوە و بە 70 خاڵ لە پێشەنگی خولەکە دێت، نەورۆز 43 خاڵی هەیە و لە ریزبەندی نۆیەمی خولی ئەستێرەکانی عێڕاقە، گەڕی داهاتووش لە دەرەوەی یاریگای خۆی رووبەڕووی گەڕمە دەبێتەوە.



